بەشی سێیەم ئایا مرۆڤ باشترين شێوە بەدیهێندراوە؟
محمد عبدالعزیز

خودا دەفەرمووێت مرۆڤم بەباشترین شێوە بەدیهێناوە ((ولقد خلقنا الإنسان في أحسن تقويم))(التين:٤)، باشە ئەم هەموو نەخۆشییە بۆ هەیە؟ مرۆڤی ناتەواو بۆ هەیە؟ بۆ کاتی بەتەمندا دەڕوات کۆمەڵێ کێشەی لێ پەیدا دەبێت؟ نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێ نەخۆشی هەن بەبۆماوەییش دەگوازرێنەوە!
وه بەپێی توێژینەوەکانبێت سەدا ٩٥% خەڵک کێشەی تەندروستییان هەیە، هەروەها نزیکی ١٠هەزار نەخۆشی و زياتريش بوونی هەیە.
ئەگەر پێمانوابێت کە تەفسیری ئەو ئایەتە بەو شێوەیە (کە مرۆڤم بە باشترین شێوە بەدیهاتووە و بێ کەم و کورتییە) ئەوا ئەم کێشانە دروست دەبن و دەبنە هۆی ڕەخنە لە زانایی و توانای خودا، کە وەڵامی ئەستەم دەبێت!

بابێینەوە سەر ئایەتەکە خودا دەفەرمووێت ((ولقد خلقنا الإنسان في أحسن تقويم)) ئەگەر وایدانێین مەبەستی پێ بەدیهاتنی مرۆڤە بەباشترین شێوە، دیقەت بدەن دەفەرمووێت (ولقد خلقنا) دروستمان کرد به جواترین شێوە، فعلەکە ڕابردووە(ماضي)، واتە بنەڕەت و سروشتی سەرەتای مرۆڤ نەک ئەوەی ئێستا هەیە کە جیناتەکانی بووتە هەڵگری چەندان نەخۆشی، یان بە ناڕێکی لەدایک دەبێت.
ئەگەر سەیری زانا و موفەسیرەکان بکەین بۆنموونە (إبن كثير) دەڵێت: باشترین شێوەی(صورة) پێ بەخشراوە و لاشەیەکی ڕێکى پێدراوە، وە لە تەفسیری (جلالین) هاتووە کە: باشترین ڕێکخستین(احسن تعديل) بۆ شێوەکەی کراوە، ئەوانیش نەیانوتووه باشترین بوونەوەرە، چونکە لە ڕاستیدا خودا هەموو شتێکی بەباشی دروست کردووە وەک دەفەرمووێت ((الذي أحسن كل شيء خلقه))(السجدة:٧)، بۆیە دەکرێت بڵێین مرۆڤ جوانترین شێوەیە نەک باشترین شێوە، چونکە زۆربەی بوونەوەران لەمرۆڤ بەهێزتر و بە توانا ترن لە ڕووی لاشەییەوە و مرۆڤ بەجەستە ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە، وە مرۆڤ بۆ خودی خۆشی هێندە بەتوانا نییە وەک خودا دەفەرمووێت مرۆڤ بەلاوازی دروستکراوە((خلق الإنسان ضعيفا))(النساء:٢٨)، بۆیە دووچاری نەخۆشی و پیربوون و لاوازبوون دەبێتەوە، تەنها لە ڕووی عەقڵەوە لەهەمووان باشترە.

لەپاڵ ئەمانەدا ڕایەکی تر هەیە کە موفەسیری قورئان (إبن عاشور) پەی پێی بردووە و منیش بەپەسندی دەزانم ئەویش ئەوەیە کە مەبەست پێی سروشتی بنەرەتی یاخود فیتڕەتی مرۆڤە، ئەم ئایەتە هیچ پەیوەندی بە جەستەوە نییە، بەڵکو مەبەستی لەو عەقڵ و ڕەوشت و ئاکارە جوانەیە کە چسپێندراوە لە مرۆڤدا (ژیان بەمانادار دەزانن، بە بێبەها و بەڕێککەوتی نابینن، و بڕوایان بەبەهای ڕەوشتی هەیە و پێیان وایە خودایەک هەیە چاودێریانە نەک بێ هۆ بەدیهاتبن و بێ هۆ بژین) ئەمە فیتڕەتی مرۆڤە کە خودا پێی داوە، و ئاینیشی ناردووە تا مرۆڤی لەسەر بهێڵێتەوە، ئەمە (أحسن تقويم)ە، چونکە ئەگەر دیقەت بدەین خودا دەفەرمووێت ((لقد خلقنا الإنسان في أحسن تقويم ¤ ثم رددناه اسفل سافلين ¤ إلا الذين آمنوا وعملوا الصالحات فلهم أجر غير ممنون)) واتە: مرۆڤم بەباشترین شێوە دروستکردووە، ئایەتی دواتر دەفەرمووێت: دواتر بۆ کەمترین ئاست نزم کردەوە (کە دۆزەخە)، ئینجا دەفەرمووێت: تەنها ئەوانە نەبن کە باوەڕیان هێناوە و کاری باشیان ئەنجامداوە، ئەوانە پاداشتی نەبڕاوە ئامادەیە بۆیان.
واتە جوانترین شێوە(أحسن تقويم) بریتتیە لە سروشتی پاکی مرۆڤ کە لەسەری دروست بووە، ئەو فیتڕەتەیە کە خودا پێیداوە ((فطرة الله الذي فطر الناس بها))(الروم:٣٠)، ئەوانەی باوەڕیان هێناوە خاوەن عەقڵێکی تەندروستن و ڕەوشت بەرزن و کاری باش ئەنجام دەدن لەسەر ئەم(أحسن تقويم)ه و ئەم فیتڕەتە دەمێننەوه، نەک هەموو مرۆڤێک و خاوەن هەموو کردەوەیەک، بەڵکو باوەڕ و کاری باشەیە مرۆڤ لەسەر فیتڕەتی پاک دەهێڵێتەوە، بەڵام کەسە خراپ و تاوانبارەکان بەهۆی بێباوەڕی و نەبوونی کاری باش لەم فیتڕەت و سروشتە پاکە لادەدەن، سەرئەنجام دەبن بە(اسفل سافلين )، هەر بۆیە دەفەرمووێت بەباشترین شێوە دروستمان کرد دواتر نزممان کردنەوە تەنها باوەڕدار و چاکەکاران نەبێ کە لەسەر (احسن تقویم) مانەوە.


به‌روار: 27/08/2019
بینین: 1361
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت