زنجیرەی ناساندنی ئایین و بیروباوەڕەکان
ھامنۆ ھەورامی
 :
بەشی یەکەم :
سەرەتایەک لەسەر سەرهەدانی ئایین :


ئایین یەکێکە لە دیاردە بڵاو و گرنگەکانی نێو گەلانی جیهان کە توانیویەتی کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر بیر و دابونەریت و کەلتوور و بیر و هزری مرۆڤە شوێنکەوتووەکانی بەگشت چین و توێژەکانییەوە بەجێبهێڵێت.
ویلیام جەیمز لە پێناسەی ئاییندا دەڵێت :
دین پێکدێت لەهەست و کرداری تەجروبەیی کەسێک لەکاتێکدا کەتەنهایە کاتێک کە خۆی بەبەرانبەر هەرشتێک خودا ناوی ناوە ئەبینێتەوە.
هەروەها ئاڤێستا و زمانی ئاڤێستاکی وشەیەکی زۆر جوانی بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێناوە کە ئەویش وشەی (دەئینا)یە کە مەبەستی (ویژدانی بەئاگا) دەگەیەنێت ئەویش جیاکەرەوەی هێزی چاکە لە خراپەیە و لەسەر بنەمای بیر و هۆش و ئاگایی کە ئازادی هەڵبژاردنە.
وەک خۆم لەئەنجامی خوێندنەوە و وردبوونەوەم لەم بابەتە دەتوانم بەشێوەیەکی گشی بڵێم :
بریتییە لە باوەڕێک کەپڕکەرەوەی لایەنی ڕۆحیی و جەستەیی مرۆڤە لەڕوانگەی بەستنی پەیوەندی لەگەڵ خودای گەردونیدا چ بە یاسادانان بێت چ بە پەرستش بێت.
بنەمای فەلسەفەی ئایینی بۆ ئایین ئەوەیە کە سێ بنەمای سەرەکی هەبێت واتە هەر باوەڕک نەتوانێت ناساندنێکی ڕوون بەو سێ چەمکە ببەخشێت ناتوانین بە ئایینی دابنێین کە ئەوانیش بریتین لە :
خودا ، پەیامبەر ، کتێبی پیرۆز.
هەر لەم سۆنگەیەشەوە ئەحمد حەمە ئەمین ڕەنجیار ئایینەکانی دابەشکردووە بۆ چوار جۆر بەم شێوەیە :

۱. ئایینی ئاسمانی : ئەو ئایینە دەگرێتەوە کە خوای گەورە لەڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ناردوویەتی بۆ مرۆڤەکان.
۲. ئایینی تێکەڵ بە ئاسمانی و زەمینی : تێکەڵەیەکە لە پەیامی ئاسمانی و دەستێوەردانی مرۆیی.
۳. ئاین یان ڕێچکەی زەمینی : جۆرێکی دیکەی ئایینە کە پێی دەگوترێت ئایینزا.
٤. ئایینی تەواو مرۆیی :  لەلایەن کەسانێکی چاکخواز و چاکسازەوە لە ئەنجامی دروستبوونی بۆشاییەکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەوە دروستبوون.

بیروباوەڕەکان لەگەڵ هاتنە کایەی شارستانییەتەکاندا ، ئایینێک ، باوەڕێک ، خودایەک ، هاوتای یەک بوون و بوونەتە تەواوکەرێکی لایەنی مەعنەوی و دەرونی مرۆڤەکان بەجۆرێک نەیانتوانیوە بەبێ پیرۆزبەخشینێک بژین.
بەهۆکاری هەڵکەوتە جیاوازەکان ، کۆمەڵگا پێگەیشتووەکان ، ئایین و پەیامی نوێ سەریانهەڵداوە کەگۆڕانکاری ڕیشەییان لە ژیانی تاکەکاندا هێنایە کایەوە.
مرۆڤ بونیادی کەسایەتیی بەجۆرێک بووە ئەگەر ئایینە بڵاو و مەزنەکانیشی پێنەگەیشتبێت ، بەهۆکاری باری کەلتووری تایبەتەوە ئایین و خوداوەندی ناوچەیی دروست کردوون تاوەکو لەگەڵ شێواز و فکر و هزری خۆیاندا بگونجێن و ببنە ئارامی و سوکنایی بەرامبەر بەهێزی خێر و ڕوناکی کە دژەکەی هێزی شەڕ و خراپی و هێزە شەڕەنگێزەکان بووە.
بەڵام ئایا ئەم خوداوەندانە ، ئەم باوەڕانە ، هەرئاوا بە ئاسایی و بە سانایی هێنرانەکار و هیچ پاڵنەرێکی نەبوو ؟!
پاڵنەرێک نەبوو تاوەکو هزریان فراوانتر بکات ؟!
بێگومان بەڵێ !
باوەڕم وەهایە ڕۆژانێک لە سەرەتای مێژووشەوە بیروباوەڕی تاکخودایی لە ئەندێشەی هەموو ئەو مرۆڤانە بوونی هەبووە ، بەڵام بەپێی گۆڕانی کات و دەوران مرۆڤەکان ئارەزووداربوون شێوەیەک بۆ ئەو خودایە دابڕێژن کەناسیویانە !
دەرکەوتنەکەش لەخاڵێکدا تەقیوەتەوە ، هەر ئەو تەقینەوەیەش وەهای کرد بیروبۆچوون پێناساندنیان بۆ ئەو خودای تاک بگۆڕێت ، داڕشتنەکەشی کاریگەری سروشتی تایبەتی خۆیانی پێوە دیاربێت.
جگە لەوەش هەوڵبدەن وەسیلەیەکی بۆ دابنێن بۆ ئەوەی بگەن بە ئاستێک هەست بە نزیکایەتیی ئەو زاتە بکەن کە خودایەکی گەردوونییە ، بەس جیاوازییەکە لە تێڕوانینی پەرستشکارەکانەوە سەریهەڵدا.
هەربۆیە وەهای دەبینم یەکێک لە هەڵە بڵاوەکان کە زۆرێکمان بەسەریدا تێپەڕیوین دەستەواژەی (بت پەرست)ـە ، هیچ مرۆڤێک هێندە گەمژە نەبووە کەوەهای دابنێت بەردێک چاکە و خراپەی بۆ بهێنێت بەتەنها.
بتڵکو ئەمە دەرکەوتنێکی بۆ خودای باڵاکردووە بۆ ئەوەی لێوەی نزیکببێت.
بۆیە دەبینین خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئەو کەسانە بە (مشرك) ناودەبات کەدیار و ڕوونە تاوەکو باوەڕیان بە خودای باڵا نەبووبێت وەسیلە و هاوبەشییان بۆ دانەناوە.
هەربۆیە لێرەدا دەبێت بگەینە ئەو ئەنجامەی سەرچاوەی هەموو بیروباوەڕ و ئایینەکان هەرچەندە ئێستاش گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتبێت بەڵام وەهادیارە کە لەبنەڕەتدا هەموویان یەک سەرچاوەیان هەیە و ئەگەر بۆ دەقە پیرۆزەکانیشییان بگەڕێینەوە دەگەینە هەمان ئەنجام بەڵام بەشێوازی جیاواز.
به‌روار: 22/08/2019
بینین: 1093
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت