ئێمە باجی تاوانی ئادەم دەدەینەوە؟
محمد عبدالعزیز
ئەگەر ئادەم لە بەهەشت دەرنەکرایە ئێمە تووشی تاقیکردنەوەی دونیا نەدەهاتین! ئەگەر شەیتان نەبووایە مرۆڤ تاوانی ئەنجام نەدەدا!
ئەم پرسیارانە لەوانەیە ئاراستەمان کرابێت یان بە خەیاڵمندا هاتبێت، حەز دەکەم وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەمەوە کە بەپێی تێگەیشتنم لەم ئایەتانەی سوڕەتی (حجر) ئایەتی (28 تاوەکو 43) کە خودا دەفەرمووێت:

((إذ قال ربك للملائكة إني خالق بشرا من صلصال من حمإ مسنون ¤ فإذا سويته ونفخت فيه من روحي فقعوا له ساجدين ¤ فسجد الملائكة كلهم أجمعون ¤ إلا إبليس أبا أن يكون مع الساجدين ¤ قال يا ابليس ما منعك أن لا تكون مع الساجدين ¤ قال لم أكن لأسجد لبشر خلقته من صلصال من حمإ مسنون ¤ قال فأخرج منها فإنك رجيم ¤ وإن عليك اللعنة الى يوم الدين ¤ قال ربي فأنظرني الى يوم يبعثون ¤ قال إنك من المنذرين ¤ الى يوم الوقت المعلوم ¤ قال ربي بما أغويتني لأزينن لهم في الارض و لأغوينهم أجمعين ¤ الا عبادك منهم المخلصين ¤ قال هذا صراط علي مستقيم ¤ إن عبادي ليس لك عليهم سلطان ¤ الا من اتبعك من الغاوين ¤ وإن جهنم لموعدهم أجمعين))

دەفەرمووێت من مرۆڤ دروست دەکەم لە قوڕ، کاتێک دروستم کرد و لە ڕووحی خۆم پێیم بەخشی ئێوەش سوژدەی بۆ ببەن، هەموو فریشتەکان سوژدەیان برد تەنها ئیبلیس سەرپێچی کرد، خودا بە ئیبلیسی فەرموو: چی وای کرد سوژدە نەبەی؟ ئیبلیسیش وتی سوژدە بۆ مرۆڤێک نابەم کە لە قوڕ دروستت کردووە.

خوداش پێی فەرموو بڕۆ دەرەوە لە ڕەحمەتی من، تۆ نەفرەتت لەسەرە تا ڕۆژی دوایی ((إن عليك اللعنة الى يوم الدين))! تێبینی بکەن هێشتان ئادەم نەخراوەتە بەهەشتەوە و تاقینەکراوەتەوە خودا بەڵێنی ڕۆژی دوایی و دۆزەخی بە شەیتان داوە، دیارە کە شەیتان دەزانێت ڕۆژی دوایی هەیە چونکە خودا بۆی شیناکاتەوە چییە و چۆنە، کەواتە بەر لە ئادەم و تاقیکردنەوەکەی، ڕۆژی دوایی هەر هەبووە و خودا دایناوە، نەک دوای تاقیکردنەوەکەی ئادەم.

شەیتان دوای نەفرەت لێ کرانی بە خودا دەڵێت: بم هێڵەوە تا ئەو ڕۆژەی کە هەمووان زیندوو دەکرێنەوە((قال ربي فأنظرني الى يوم يبعثون))، ببینن شەیتان زانایە بە ڕۆژی دوایی و زیندووبوونەوە، هەر بۆیەش کاتێک خودا داواکەی قبوڵ دەکات دەفەرمووێت دەتهێڵمەوە تا ئەو ڕۆژەی کە زاندراوە(زاندراوە لای شەیتان کە بوونی هەیە، کاتەکەشی هەر خودا خۆی پێی زانایە).

ئینجا شەیتان دەڵێت خودایە مادام منت گومڕا کرد، منیش لە زەویدا هەموویان گومڕا دەکەم و تاوانیان بۆ دەڕازێنمەوە ((قال ربي بما أغويتني لأزينن لهم في الارض و لأغوينهم أجمعين))، ئینجا دواتر دەڵێت تەنها ئەوانە نەبن کە دڵسۆز بوونە بۆ تۆ ((الا عبادك منهم المخلصين))، لێرەدا شەیتان ئاماژە بەوە دەکات مرۆڤەکان گومڕا دەکات، تەنها بەندە دڵسۆزەکان نەبێت، واتە بەجۆرێ لە جۆران مرۆڤ خۆی دەچێتە ڕێگای شەیتان و لەڕێی خودا لادەدات، هەر بۆیەش خودا بە شەیتان دەفەرمووێت تۆ هیچ دەسەڵاتت نییە بەسەر بەندەکانمدا جگە لەوانەی کە یاخین و خۆیان شوێنت کەوتوون ((إن عبادي ليس لك عليهم سلطان))، واتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی شوێن تاوان دەکەوێ، خۆیەتی لە ڕێگای خودا لادەدات و شوێن شەیتان دەکەوێت، ئەگەرنا شەیتان دەسەڵاتی نییە تەنها کاری ڕازاندنەوەی تاوانەکان و زیاتر سەر لێشێواو کردنیانە، بۆیە هۆکاری گومڕا بوون و تاوانکردنی مرۆڤ خودی خۆیەتی بەبێ شەیتانیش هەر خراپەکارە، بۆیەش پێغەمبەر دەفەرمووێت نەفسی مرۆڤ پڕە لە تاوان و هەڵە ((إن النفس لأمارة بالسوء)).

ئەمە مانای وایە ڕۆژی دوایی نەبەستراوە بە دەرکردنی ئادەم لەم بەهەشتەدا، بەڵکو ئەگەر ئەم تاقیکردنەوە و چوونەدەرەوەیەش نەبووایە ڕۆژی دوایی هەر هەبووە و داندراوە(چونکە بەهەشتەکەی ئادەم بەهەشتی ڕاستەقینە نەبووە بەڵکو شوێنێکی تایبەت بووە و هەر لە دونیا بووە و مرۆڤ ئەوکاتە هەر هەڵگری ئەم سیفەتی باشە و خراپەی بووە بۆیەش هەڵەی کردووە تیایدا)، هەروەها بەبێ شەیتانیش مرۆڤ هەر تاوانی ئەنجام دەدا و هەڵەی دەکرد، هەروەک ئەوکاتەی کە خودا دەفەرمووێت مرۆڤ دروستدەکەم فریشتەکان دەفەرموون: کەسێک دروست دەکەی کە خراپەکاری بنێتەوە و خوێن بڕێژێت ((قالوا اتجعل فيها من يفسد فيها ويسفك الدماء))(البقرة-30)؟
دیارە زانیویانە مرۆڤ سیفەتی خراپەی هەیە خوداش پێی فەرموونە کە بوونەوەرێکی لەو شێوە دروست دەکەم، بۆیەش سەریان سوڕماوە لەوەی خودا ئەم بوونەوەرە بەدیدێنێت!
به‌روار: 21/08/2019
بینین: 616
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت