توخوا ئیمە میللەتین!
ئاری عبدالطیف
عەمرتان نەمێنێ !

توخوا ئێمە میللەتین؟ لەسەر بچوكترین شت زۆرترین ڕاوە و قسە و شەڕە دەنوك؟ ڤۆیس و تۆمارە دەنگێك لە نێوان دوو كەسدا كە وتراوە و تایبەتە و پاشان بڵاو بكرێتەوە و ئەو ھەموو سوكایەتییەی بە شوێنا بێت؟
ئەگەر نامە و پەیام و ڤۆیسەكانی ھەموومان كە دەكرێت لەگەڵ ھاوڕێ و ئەزیزانماندا كەشف بێت یان دوو بە دوو زەم و قسە دەكەین لەسەر ھەموو شتێك خەڵك بزانن، خۆ كەس بە ساغیی دەرناچێت و ھەموومان ڕسوا دەبین.
بابە ئەوە مەسەلەیەكی نھێنییە و عارە كە فۆكسی بخرێتە سەر بە مەبەستی ناشرینكردن و لێدان لە جەوھەرە بێگەردەكان بە نمونە ھەندێك نەخۆش و گەمژەزەدە دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ئیسلام و مەلا ناشرین بكەن.
بڕوانن ئەم خەڵكە بۆ زەینەب چییان نەكرد؟ ئێستاش ھەر ئەم لێشاوە خەڵكەیە پێچەوانە كەوتۆتە دژایەتیی مەلایەك كە لە قسەی ئاسایی نێوان خۆی و ھاوڕێیەكیدا جوێنێكی داوە، سوێندتان دەدەم كە بە تەنیان لەگەڵ ھاوڕێیەكتان دەكەونە قسە چی بە دەمتاندا نایەت لە جوێن و قسەی ناشەرعیی و بوختان، دەی خۆ مەبەست لێی بە جدیبوون نییە و بە ئاشكرا ئەوە ناڵێن، بەڵام وەی بە حاڵی ھەر یەكێكمان ئەو قسە ئاساییانەی ڕۆژانە بكەوێتە دەم خەڵك.
ھێشتا كۆمەڵگەكەمان ئاكار و ژیانی كۆمەڵایەتیی جوانی بە بەرەوە ماوە، وامەكەن نەك سۆشیال میدیا و فەیسبوك و ڕاگەیاندن بخەمە ژێر قۆنەرەكانم، بەڵكو ئەم ژیان و خاك و كوردستانەش بەر نەفرەت بخەم !
عەیب و شورەیی ھەڵەیەك ئاوا گەورە بكەیت و ئەو ھەموو سوكایەتییە بكەی بە ئاین و ڕەمزی مەلا، لە بری ئەوەی ھەڵەكە پەردەپۆش بكەیت تا خوای گەورە ھەڵەی تۆش پەردەپۆش بكات.
سوێند بە خوای ئادەم و ھەموو پێغەمبەران و مرۆڤایەتیی و ھەموو گەردوون، ئەوەی دڵی بەم سوكایەتیی و ناوزڕاندنە خۆش بێت یان لە تەنیشت حاڵەتێكی وادا بیەوێت ئیسلام و پیرۆزییەكان و مەلا و زانایان و خەڵك لەكەدار بكات، ھەر خوا خۆی بە یەك زللە و لە یەك لەحزەدا شەرەفی لەناو خەڵكدا ئەشكێنیتەوە و ڕسوای دەكات.
كاكە گیان ئێمە گەلێكی موسڵمانین، دەبێ ئەوانی تر پارێزراو بن لە دەم و زمان و دەستمان، ئیتر نوێژ بۆ ئەكەی، ڕەمەزان و ڕۆژووی عەرەفە و سەدەقە و خێری چی؟ 
لە ھەمووی بێتامتر، وەك توتی ھەمووی پۆست لەسەر پۆست نەزیفی سوكایەتیی گرتویەتی و وەك لاسایی، بێ ئەوەی سەرە واوێك لە سكیا بێت خۆی كردووە بە فەیلەسوف، ئاخر مناڵ تۆ چیت؟ تەنیا بۆ ئەوەی پێت بڵێن نوسەر و ڕۆشنبیر كۆمەڵێك وشە بە عەوامانە ڕیز دەكەی، خۆتت لێبووە بە ئەفلاتۆن، دانیشە گەمژە، دانیشە دە دەی دانیشە! تۆ ئێستەش بۆ نوسینی وتارێك سەد كەڕەت وتاری نوسەرێكی جدیی و بە ئەزموون دەخوێنیتەوە تا وەك گای ناو جۆگە شتێكی لێ ھەڵكڕێنی، دانیشە بچووك دە دانیشە!


به‌روار: 14/08/2019
بینین: 869
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت