زانستی شەرعی
  گۆشەگیری(ڕەبەنییەت)لە ئیسلامدا قەدەغەیە
"جــــــــوان سەنگاوی"
گۆشەگیریی و رەبەنیەت لە ئیسلامدا پەسەند نییە: (بوخاریی) لە (ئیبن عەباس)ەوە- خوا لێیان رازی بێت- دەڵێت: هەندێ لە هاوەڵان، ژنهێنان و گۆشتخواردنیان لەخۆ حەرامكردو، تەنانەتی وتیان: ئامێری پیاوەتیمان دەبڕین و واز لەدنیا دێنین و خۆمان دەكەینە گەڕۆك و سەیاح و، گۆشەگیرو رەبەن، ئینجا خوا ئەم ئایەتەی ناردە خوارەوەو فەرمووی: {يا أيها الذين آمنوا لا تحرموا طيبات ما أحل الله لكم} ئەی ئەوكەسانەی باوەڕتان هێناوە! ئەو شتە پاكانە خوا رەوای داون بۆتان بەناوی زوهدو خواناسییەوە لەخۆتانی حەرام مەكەن {ولاتعتدوا إن الله لايحب المعتدين} لەرادەش تێمەپەڕن و بەسەر سنوورەكانی خوادا دەستدرێژیی مەكەن، چ لەحەڵاڵدا، چ لەحەرامدا، واتە: جل و بەرگی جوان و، خواردن و خەوو ئیسراحەت و، هاوسەریی ژنان لەخۆ حەرام مەكەن، چونكە ڕۆح و چاوو گوێ و، ماڵ و خێزان و میوان و خزمان، هەقیان لەسەرتانەو، دەست هەڵگرتن لەمانە زیادەڕەویی وسنوور بەزانە، دڵنیاشبن خوا خەڵكانی سنوور دەرچووی خۆش ناوێ..(المائدة:٨٧)..

ئیسلام دینی حەق و ڕاستی و بەختەوەرییە بۆ هەموو کێشەکان چارەسەری لایە و بۆ هەموو دەردێک دەرمانی هەیە،وەلێ ئەوانەی کە خۆیان نایانەوێ ناتوانن بگەن بەو بەختەوەرییەی کە لە ژێر ئاسمان دینداری و باوەڕدا هەستی پێ دەکرێت...
مرۆڤ پێویستە لە نێوان لایەنی رۆحی و جەستەی و کۆمەڵایەتی و عەقڵییەوە هاوسەنگی بپارێزێ وەک چۆن کاتێک تۆ دەتەوێ خواردنێکی بەتام و خۆش دروست بکەیت پێویستە هەموو کەرەستەکان بە بڕی پێویست بەکار بهێنیت و زیاد و کەمی نەکەیت، چونکە نە زۆر و نە کەم سوودت پێ ناگەیەنن بەڵکو دەبێت هاوسەنگی بپارێزیت...
وەک لەم ئایەتەی خودای باڵادەستدا دووپاتی کردۆتە کە پێویستە حەقی هەموو لایەنەکان بدەیت، کە لایەنی رۆحیەکەی بریتییە لە پەرستشی خودا و گوێرایەڵی کردنی و لایەنی جەستەی بریتییە لە خواردن و خواردنەوە و جل و بەرگی جوان و تەندروستیەکی باش و لایەنی عەقڵیش بریتییە لە وەدەستهێنانی زانست و زانیاری و لایەنی کۆمەڵایەتیش بریتییە لە پێدانی مافی خێزان و هاوسەر و دراوسێ و خزمان....
ئیسلام ڕێگای راست و بەختەوەرییە و هەر کەسی دەیەوێ با شیرینییەکی بچێژێ لە هەردوو ژین و ئەوانەشی نایانەوێ با خۆشییە کاتییەکانی ئەم دنیایە بەسیان بێت و چاوەڕێ سزای خودای گەورە بن ، چۆن خودا (ارحم الراحمین)ە بەهەمان شێوە (شدید العقاب)یشە....

"
به‌روار: 20/07/2019
بینین: 1128