بانگەواز
  دەستوری ئیسلامی ترسناکە؟
ماکوان کەریم

سیستەمی ئیسلامی بنەڕەتی دەگەرێتەوە بۆ نوسینەوەی دەستور کۆکردنەوەی هەموو حیزب و لایەنەکان لە ژێر چەتری هاوڵاتی بووندا نەك ئیسلامدا، چونکە ئیسلام تەنها بۆ موسڵمانانە، هەروەك پێغەمبەری خوا– صلی اللە علیە وسلم- کردی ئەم گروپانەی لە ژێر چەتری هاوڵاتی بوونی مەدینە کۆکردەوە، (هەموو سیرەکان واتا ژیانامەی پێغەمبەر– صلی اللە علیە وسلم- ئەو دەستورەی تێدایە وەك سەرچاوە ئاماژەی پێدەکەم، دەرفەت کەمە بۆ نوسینەەی لێرەدا)..

هاوڵاتیەکانی شاری مەدینە بریتی بوون لە:
یەکەم : موسڵمانانی کۆچکردو واتا لە مەککەوە بۆ مەدینە(موهاجیرەکان) 
دووەم: موسڵمانانی پشتیوان لە دوو هۆزی شاری مەدینە ئەوس و خەزرەج (ئەنصارەکان)
سێیەم: هاوبەشدانەرەکانی مەدینە (موشرکەکان) لە ئەوس و خەزرەج
چوارەم: جولەکەکانی شاری مەدینە لە هۆزەکانی ( قینوقاع، نەزیر، قوریزە )
پێنجەم: عەرەبە بێباوەڕەکانی چواردەوری مەدینە(ئەعرابەکان)
ئەگەر تەماشای ئەم گروپ و هۆزانە بکەیت وەك ئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕی جیاواز. ئیسلام هات دانی بە بوونی هەموویان دانا و وەك هاوڵاتی مامەڵەی لەگەڵدا کردن ئەگەر چی موسڵمانیش نەبوون.

کەواتە بەم پێوەری ئاماژەم پێکرد لە دەستوری شاری مەدینە ؛ لەم سەردەمەدا سیستەمی ئیسلامی دەبێت دان بنێت بە هەموو حیزبە عەلمانیەکان و بە دەسەڵات و کیانیان و تەنانەت بێباوەڕەکانیش، چونکە ئیسلام لە رووی فیکریەوە کێشەی و دوژمانیەتی نیە لەگەڵیاندا ، بەڵکو بانگەوازی خۆی دەکات، ئەوەی وەریگرت سەربەستە پێچەوانەکەشی هەر ئازادە، چونکە دین بەزۆر بەسەر کەسی دیکەدا نادرێت..
لێرەدا لەوانەیە هەندێك بۆ خۆبادان ئەو پرسیارەبکەن : بڵێن خۆ جولەکەکان  و موشریکەکان دەربەدەر و بەزۆر موسڵمان کران، لەوەڵامدا دەڵێم : جولەکە لەسەر بیروباوەڕی هەرگیز لە ئیسلامدا وەدەرنەنراوە نە لە مێژووی ئیسلامی. یاخود مێژووی نەیارەکانی ئیسلامیش ناتوانن ئەم قسەیە بکەن، بەڵکو لەسەر خیانەت موئامەرەو لەناوبردنی موسڵمانان جەنگیان لەگەڵداکراوە لە مێژوویشدا دیارە.

موشریەکەکانیش لە دوای جەنگی بەدر خۆیان مونافیقیان هەڵبژارد وبە مونافیقی ماونەتەوە، تەنانەت خوای گەورە لە قورئاندا مافی هەمویانی دەستنیشان کردوە، زاناو ئەحبارەکانیشیان بەرێزەوە هەر بەزاناو ئەحبار ناوبراوە لە قورئاندا، لە ئیسلامدا کوفر کردنیش لە لایەن ئەو کۆمەڵانەوە ڕێگە پێدراو بوو مافی خۆیان بووە کوفر بکەن لە چوارچێوەی ئاینەکەی خۆیاندا، واتا، نەك فیکریان ئازاد بووە، بەڵکو کوفر کردنیش ئازاد بووە، بۆنمونە ئەوان پێیان وابووە عوزێر کوڕی خوایە، ئیسلام راست نیە، پاشان محمدیان بە پێغەمبەر نەزانیوە، لەگەڵ زۆری تر لە نەیاریان بۆ ئیسلام کەچی ئیسلام ڕێگەی تەواوەتی داو هیچ کێشەیەکی نەبوە لە سەر بیروباوەڕیان ..

کەواتە بەم پاوپێوەندە عەلمانی و بێباوەڕ لە ئێستادا لە دەستوری ئیسلامیدا لەسەر هاوڵاتی بوون مامەڵەی لەگەڵدەکرێت، ئازادە لە چوارچێوەی فیکری خۆیدا چی باس دەکات و دەیڵێت، ئیسلام ڕێگر نابێت لە تەرحی بەرانبەرلە فیکری نەیارانی ، بەڵام لە سوکایەتی و خیانەت جێگای قوبوڵ نیە.
به‌روار: 20/07/2019
بینین: 891