وتار
  بۆچى دیندار بم ؟
محمد عبدالعزیز
 

لەم بابەتەشدا وەک پێشەکییەک ئەوە ڕوون دەکەمەوە کەئایین بەشێکە لە دەروون و کلتوور و بایۆلۆجیای مروڤ، ئەویش لە ڕێگای تازەترین توێژینەوەکان کە ڕوونیان کردووەتەوە، چۆن مرۆڤ ئامادەکراوە بۆ دینداری و چۆن دینداری سودی ھەیە بۆی و وەڵامی سەرەکی ئەوەمان دەستدەکەوێ کە بۆچی دینداربین؟ 

لە ساڵی ۲۰۰۹ لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێشک و بابەتە ڕووحییەکان لە زانکۆی پەنسلڤانیا(panselvannya) لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە د.ئاندرۆ نیوبێرگ(Dr.andrew newberg) سەرۆکایەتی دەکات کتێبێکی دەرکرد بە ناوی (چۆن باوەڕبوون بە خودا مێشکت دەگۆڕێت؟) How God changes your brain? کتێبەکە لەسەر ئەو توێژینەوانە دامەزراوە کە ناوەندەکە لەسەر کۆمەڵێک لە باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان وەک (بوزی، ھیندۆس، مەسیحی، موسڵمان)  ئەنجامدراوە، بە بەکارھێنانی تەکنیکی تیشکیی ھاوچەرخ، بۆ زانینی ھەستە ئایینیەکان و ڕۆحییەکان لەسەر فرمان و چالاکی مێشک،  ئەویش ئەوەیە کە لە سێ بەشێکی مێشك:

۱- ناوەڕاستی مێشک (limbic lobe).
۲- پەلی پێشەوەی مێشک (frontal lobe).
۳- پەلی دواوەی مێشک (paretial lobe). 

ئەم بەشانە لەكاتى نويژكردن و ويردەکاندا شەپۆڵ دەردەدەن و دەبنە ھۆی بەخشنی ئارامی و ھێواش کردنەوەی پیربوونی لاشە ئەمەش دەريدەخات هەستى باوەرداربوون و ئايينى راستەقينەن و خەيال نيین و بەشێکن لە بوونی مرۆڤ و پێداویستیەکی ژیانن، مرۆڤ چۆن بۆ زمان و فێربوونی زمان ئامادەکراوە، بەھەمان شێوە مێشکی بۆ دینداری و ناسینی خودا ئامادەکراوە.
سەرەتا زاناکان پێیان وابوو یەک جین و یەک ناوچە بەرپرسە لە دینداری بەڵام ئەنجامی توێژینەوەکان و کۆتاییەکەی سەلماندی کە مرۆڤ بەتەنھا یەک جینی تایبەت بە خودای نییە، بەڵکو کۆمەڵێک جینی ھەیە کە ھەڵدەستن بە ئامادەکردنی مرۆڤ بۆ دینداری، ھەروەھا چەند ناوچەیەکی مێشک بەرپرسن لە خوداپەرستی و دینداری.

لە کورتکراوەی کتێبەکە و ئەنجامی توێژینەوەکان بەم چوار فرمانەی خوارەوە گەیشتوون:-

۱- باوەڕبوون بە خودایەکی بەبەزەیی بەسە بۆ کەم کردنەوەی دڵەڕاوکێ و دوو دڵی، و ھەستی خۆشەویستی و ئارامیمان لەلا زیاد دەکات، بەڵام (نەک خودایەک کە بەدوای ھەڵە و کەم و کوڕی مرۆڤەوە بێت و ھەڕەشەی دۆزەخی لێ بکات).

۲- ئەو بیرۆکە و بنەمایانەی توندڕەوە ئایینیەکان ھەیانە، توشی دڵەڕاوکێیان دەکات و دەبێتە ھۆی وێرانکردنی دەمارەخانەکانی مێشک.

۳- نوێژکردن و بیرکردنەوەی قووڵ و دڵسۆزانە گەرەنتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری تەندروستین لە فرمان و چالاکی مێشکدا، کە دەبێتە ھۆی بەرزبونەوە لە بنەماکانی مرۆڤ و تێڕوانینەکانی بەرامبەر بە ژیان.

٤- کاریگەری نوێژ و چالاکیيە ڕووحیيەکان بەتەنھا لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژە و توندی دڵەڕاوکێی مرۆڤ ناوەستێت، بەڵکو ئەنجامدانی ئەو چالاکیانە بۆ ماوەی ۲۰ خولەک لە ڕۆژێکدا گرەنتیە بۆ ھێواش کردنەوەی پیربوون.

Mohammed Abdulaziz
----------------------------------
 سەرچاوەی ئەم توێژینەوانەش دەتوانن لێرەوە زیاتر خوێنەری بن:-۱ Independent: belief and the brains god spot.-۲
 Science daily: Distinct 'God spot' in the brain doesnot exist.
۳- کتێبی (گەشتی عەقڵ)، لاپەڕە ۲۳۳.
٤- how god changes your brain, Dr.Andrww newberg.


به‌روار: 13/07/2019
بینین: 619