وتار
  زیانەکانی خوێندنەوە!
عومەر عەلی
تەنها خوێندنەوە گرنگ نی یە! چ دەخوێنیتەوە گرنگە! چ بخوێنمەوە؟
بە گشتی ستایشی خوێندنەوە دەکرێت و ناشتوانرێت بوترێت خوێندنەوە هیچ سودی نی یە، بەڵام گەر نەزانیت چ دەخوێنیتەوە! دەکرێت زیانی زۆر لە سودەکەی زیاتر بێت.
چ بخوێنمەوە؟
خوێندنەوەی هەڕەمەکی وەك ئەوە وایە شۆفێری بکەیت بەبێ مامۆستاو گوێدانە ڕێنوماییەکانی هاتوچۆ! لەوەیە زۆرجار بە ڕێکی بڕۆیت و هیچ کێشەت نەبێت، بەڵکو هەندێکیش پێت سەرسام ببن و چەپڵەو فیکەشت بۆ لێ بدەن! بڵێن شۆفێری هەر لە خۆی جوانە، بەڵام دواتر هەم تاسەو هەمیش نزمی و هەورازیشت لە پێشە.
زۆرکەس خوێندنەوە خستویەتیە شیوێك بە حەفارەش دەرنایەت، هەروەك شۆفێرە نەزانەکە!
هەیە خوێندنەوە توشی حادیسەی کردوە، هەر تەنها خۆی لەناو نەبردوە، بەڵکو کۆمەڵێکیشی لەگەڵ خۆیدا کوشتوە!
هەیە خوێندنەوە ڕێك سەری ناوەتە ناو قوڕ، فعلەن ئاوێکی زۆری دەوێت بۆ شتن.
دەکرێت توێژینەوەیەکی ورد لەسەر ئەم باسە بکرێت، بەڵام بۆ ئێستە تا بخوێنرێتەوە هەر ئەوەندە دەڵێن: دەبێت بزانیت چ دەخوێنیتەوە، بۆ ئەوەی کەسێکی کارامە بیت، وەك شۆفێرێك بەراوردی بکەین، تا هەم خۆت و خەڵکیش بگەیەنیت، تا خەڵکی لە مەترسیەکانت سەلامەت بن.
پێش هەمو شت دەبێت مامۆستات هەبێت، بە مەنهەج و بەرنامە بخوێنیت، زۆرن ئەوانەی ئەمڕۆ بەبێ مامۆستاو دیاری کردنی پسپۆڕی هەروا دەخوێننەوە، لەبواری ئاینیدا فتوا دەدەن! لە بواری تردا فەلسەفە لێ دەدەن!
بۆ ئەوەی فەتواکەت دروست بێت و فەلسەفەکەت فەلسە بێت، دەبیت مەنهەج و مامۆستا بنەمای کارت بێت.
دواتر
کتێبە مەنهەجیەکان مرۆڤ پێدەگەیەنیت، بۆ نمونە تۆ لە هەربوارێکی زانستیدایت، دەبێت جگە لەو مادانەی دەیخوێنیت، چەندین مادەی هاوشێوەی لەگەڵدا بخوێنیتەوە، دواتر هەمو ئەو بابەتانەی کە: دەزانیت دەچێتە چوارچێوەی کوێوە، یان ئەو خولانەی کە دەزانیت لە چ بوارێکدا قوڵت دەکاتەوە.
دەبینم مامۆستای ئاینیە فەتوای وا دەدات پێچەوانەی مەقاسیدی شەریعەیە، ئەوە وەك ئەوە وایە ئوتومبێلەکە تایەکەی دەربهێنیت و بشتەوێت زوتر بگەیت!
هەیە قژی بژکردوەو جگەرەیەکی گرتوە بە دەستیەوەو کوردەواری دەڵێ چەقە ڕیشێکی هێشتوەتەوەو دەفەلسەفێنێت، دوکەڵی جگەرەکەت وەك دوکەڵی کەباب وایە کەس تێرناکات! ئەفسوس بۆنیشی ناخۆشە.
جوان وتراوە لە کۆمەڵگەی خۆماندا ٢ کتێب زۆرترین فرۆشی هەیە، ئەوانیش: کتێبی چۆنیەتی خواردن دروستکردن و لێکدانەوەی خەون، دەلیلە لەسەر ئەوەی کە میللەتێکین هەر دەخۆین و دەخەوین.
بۆیە بزانە چ دەخوێنیتەوە! خوێندنەوە بۆ زانستە، دەبێت زانستەکە چێژت پێ بدات نەك غەریزە.
لە ئوردون کەسێك کە ژن دەهێنێت، بە دیاری کۆمەڵێك کتێبی مەنهەجی پێ دەدەن کە گرنگە بۆ ژیان، ئێمەش قاپ و بەتانی! هەر بە دیاریەکانیشدا پێمان دەڵێن بخۆن و بخەون.
بۆیە بزانە کێ دەکەیت بە مامۆستات وە چ دەخوێنیتەوە...

به‌روار: 03/07/2019
بینین: 899