مەسیحییەکی بڕوادار یان بتپەرستێک ؟
هامنۆ هەورامی ☕



یەکێک لەو گومانانەی کە ماوەیەکە لەنێو
دژەئیسلامییەکاندا سەریهەڵداوە ، ئەوەیە کە دەڵێن :
بۆچی خوای گەورە ئەبرەهەی لەنێوبرد لەکاتێکدا ئەو مەسیحی بوو ، بۆ پاراستنی بتپەرستان یاخود پەرستگایەک (کەعبە) کە پڕبووە لە بت ؟
ئایا مەسیحیییەکی باوەڕدار گرنگتربووە یاخود بتپەرستەکانی مەککە ؟

بێگومان ئەوانەی ئەم گومانە دەوروژێنن کەسانێکن یاخود شارەزاییەکی وەهایان لەبیروباوەڕی مەسیحی و هاوبەشدانەرانی مەککەدا نییە ، یاخود شارەزان بەڵام چەواشەکاری تێدا دەکەن !

چونکە دەبێت ئەوەبزانین خودی مەسیحییەکان بەشێکی زۆریان کۆمەڵە کەسانێکبوون لایاندا لەپەیام و باوەڕی خۆیان و پێناسەیان بۆ خودا شێواند.
ئەوان بیروباوەڕی سێلانەیی و دەرکەوتنی خودایی لە سێ کەسایەتی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆزیان کرد بەباوەڕی خۆیان و لەنێوان شوێنکەوتوانیاندا چەسپاندیان ، لەکاتێکدا خودا تاکو تەنهایە و تەنانەت ئینجیلیش جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە وەک چۆن :
 لە ئینجیل: ئینجیلی مەرقۆس: بەشی 12: بڕگەی 29 دەڵێت:
عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «له‌ هه‌موویان گرنگتر ئه‌مه‌یه‌: {ئه‌ی ئیسڕائیل گوێ بگرن، یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان یه‌ك یه‌زدانه‌.

واتە نەنگی لەخودی پەیامی مەسیحییەتدا نەبووە بەڵکو نەنگی لە پەیڕەوکارەکاندا بووە.
هەروەها خودی هاوبەشدانەرانی مەککەش بڕوایان بەخودا هەبووە ، بڕوایان بە سیفەتەکانی هەبووە ، ئایینی پێغەمبەر ئیبراهیمیان ناسیوە (علیه صلاة وسلام) ، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵێک بتیان کردبووە هاوبەشی خودا !
خوای گەورەش دەربارەی ئەم تاقمە دەفەرموێت :
أَلَا لِلَّهِ الدِّينُ الْخَالِصُ ۚ وَالَّذِينَ اتَّخَذُوا مِن دُونِهِ أَوْلِيَاءَ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِيُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَىٰ إِنَّ اللَّهَ يَحْكُمُ بَيْنَهُمْ فِي مَا هُمْ فِيهِ يَخْتَلِفُونَ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَا يَهْدِي مَنْ هُوَ كَاذِبٌ كَفَّارٌ   (الزمر : 3).


کەواتە لێرەوە دەگەینە ئەم ئەنجامەی هەردوولا پەیان بەخودا بردووە و چمکێک لە ڕاستی ئایینەکانیانیان بۆ ماوەتەوە بەڵام ئەمان ئاوێزانی داهێنراو (بیدعە)یان کردووە.

بۆیە جیاوازی ئەم دوو کۆمەڵە تەنها ئەوەندە بووە مەسیحییەکان پەیامی ئاسمانیان هەبووە ئینجا هاتوونەتە ئەم بارەوە ، بەڵام عەرەبەکان بەتایبەت قورەیش هاوبەشدانەرەکەشیان لەسەر کۆمەڵێک دابونەریت  داناوە ، بەڵام لەبنەڕەتدا کرداری هەردوولایان وەکو یەکبوو و یەکجۆریش کەوتنە هەڵەوە.
کەواتە تەنها مەسیحی بوون گرنگ نییە ، بەڵکو گرنگ ئەوەبووە بەڕاستی شوێنکەوتەی مەسیح بووبێت (علیه صلاة وسلام) نەک تەنها بەناو ، وەک جۆرە موسڵمانانێک کە تەنها بەناسنامە  موسڵمان بێت و فەرمانڕەوای وڵاتی موسڵمانیش بێت (وەک ئەبرەهە) بەڵام کردەوەی موسڵمانانە نەبێت ئایا دەکرێت لەسەر ئەو پەیامە هەژماری بۆ بکەین ؟
بێگومان نەخێر !
بەهەمانشێوەش گەر ئەبرەهە بە ناسنامە مەسیحی بووبێت بەکردار مەسیحی نەبووە ، ئەگینا نەدەهات بۆ لەناوبردنی ئەو بەیتەی کە ئیبراهیمی باپیری هەر سێ ئایینە سەرەکییەکە (ئیسلام ، مەسیحی ، یەهودی ) بونیاتی نایەوە.
 وە ئەو بۆ لەناوبردنی بتپەرستی نەهاتبوو تاوەکو خودای گەورە پاڵپشتی بێت !
بەڵکو لەبەر بوغز و قینی بوو ، چونکە خۆی پەرستگایەکی دروستکردبوو و دەیەویست خەڵکی لەجێی کەعبە ڕوو لەوێبکەن
نەک لەبەر خودا !
بەڵکو لەبەر دەسەڵات و گەورەدەرخستنی خۆی !
 

کەواتە لەسەرئەنجامی ئەم تێکستەش دەگەینە ئەوەی کرداری مەسیحییەکان و هاوبەشدانەرەکانی مەککەش وەک یەکدی وابووە و جیاوازییەکانیان تەنها لەچەند حاڵەتێکدا بووە کە گرنگترینی ئەهلی کیتابی بوونی مەسیحییەکان بوو ، وەخوای گەورەش کە باڵندەی ئەبابیلی نارد بۆ پاراستنی کەعبە کە دەیکاتە ڕووگەی دوایین ئایین و پەیام بۆ مرۆڤایەتی نەک بۆ پاراستنی هاوبەشدانەران و بتپەرستی ناردبێتنی. 
به‌روار: 30/06/2019
بینین: 413
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت