ئافرەت و خێزان لە سایەی شەریعەتدا
.
واقیعی ڕابردوو و ئێستای مرۆڤایەتی بەڵگەو پشتگیری شەریعەتە لەوتێڕوانینەیدا کە بۆ ئافرەت هەیەتی

ئەوەی کە شەریعەتی خوای کاربەجێ ،ئەرکی سەرەکی ئافرەتی بەدایکایەتیی و کابانێتیی و بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ داناوە، هەم مێژووی کۆن و تازەی مرۆڤایەتی و، هەم واقیعی ئێستای کۆمەڵگاکانیش، شایەدو بەڵگەیە لەسەر ڕاستی و بەجێیی.
چونکە نەک لەناو کۆمەڵگاکانی مسوڵمانان دا بەتایبەتی و دینداردا بەگشتی ، بەڵکو لەناو تێکرای کۆمەڵگاکانی بەشەردا بەهەموو جورە بیروباوەڕەکانیانەوە، تەنانەت بەوانەشی کەبەهەموو توانایانەوە دەهۆڵی بانگەشەی یەکسانی و وەک یەک بونی (ژن و پیاو) دەکوتن و، لەمێژیشە ئافرەتیان لە ماڵەکەی وەدەرناوەو، وازیان پێ لە ئەرکی سروشتی و فیکریی خۆی هێناوە،  ئایە چەند ئافرەتی فەیلەسوف و پادشاو سەرۆک و فەرماندەو مێژوو نوس و دۆزەرەوە دەبینی لە بەرامبەر پیاواندا؟!
بێگومان لەهەندێک بواردا هیچ لەهەندێک بواریشدا زۆر دەگمەن، تەنهانەت لەوڵاتێکی وەکو ئەمریکادا کە ئێستا بەحساب مەشخەڵ هەڵگری مافی مرۆڤ و دیمکراسی و یەکسانی ژن و پیاوو...، نەک هەر لەمێژوی ئەو وڵاتە هیچ ژنێک نەبووەتە سەرۆک ، بگرە هیچ ئافرەتێکیش بۆ ئەو پۆستە کاندید نەکراوە!

جا بێگومان ئەگەر ئەو دیاردەیە بەتەنها لە جیهانی ئیسلامی و لەنێو کۆمەڵگا مسوڵمان نشینەکان بایە ، دەکرا بڵێین کە ئەوە فیتی ئاراستەو پەروەردەی ئاینییە، کە ئافرەت لەو بوارانەدا لە پیاوان بەجێماوە!
بەڵام لەحاڵێکدا  کە خۆمان لەبەردەم حاڵەتێکی ئاوا گشتگیردا دەبینینەوە، ناچارین و عەقڵ و مەنتق ئەمرمان پێدەکەن کە ئەوجۆرە تەفسیرو پاساودانە وەلا بنێین و بەهەموو ڕاشکاوییەکەوە دانی پێدا بێنین کە هۆکاری پەیدابونی ئەو دیاردەو حاڵەتە مرۆی و جیهانییە، هەردەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی نێوان پێکهاتەی خودی سروشت و کەسایەتی ژن و پیاو، 

کەخوای کاربەجێ سروشت و کەسایەتی هەرکام لە ژن و پیاوای وا دروستکردووە،لە هەرکامێکیاندا جۆرە توانا و ئامادەیی گەلێکی وای داناوە، کە ئەو ئەرکەی بکەوێتە سەرشانی بتوانێ جێبەجێی بکات.

هەرچی پیاوانن زیاتر توانا و ئامادەییان تێدایە بۆ  کارو چالاکی دەرەکی و مادیی، کاروو چالاکی دەرەوەی ماڵ کە بریتییە لە ڕوبەروو بونەوە لەگەڵ سەرماو گەرماو کێشەو کرفتەکانی مەیدانی کاروو کاسبی ، مەیدانی سیاسەت و حکوم ڕانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگاو، جەنگ و ئاشوب و ئاشتی، بەڵام ئافرەتان زیاتر توانای و ئامادەیی کارو چالاکی مەعنەویی و نێو ماڵیان پێ بەخشراوە، کەبریتیە لە دایکایەتی و پەروەردەکردنی مناڵ و کابانێتی و هەڵسوراندنی کاروباری ماڵ..

بەڵام لێرەدا نابێ لەچەند ڕاستییەک بێ ئاگابین:
1-خوای دادگەرو کاربەجێ و شەریعەتە بێ هەڵە و پەڵەکەشی ، لەهیچ دەقێکدا ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە ژن و پیاو لە سۆنگەی ئەو جیاوازییەی کە لە خەسڵەت و تایبەت مەندییەکانیان دا هەیەو پاشان لە ئەرک و چالاکییە کانیاندا هەیە، هیچ کامیان ئیمتیازو پلەی بەسەر ئەوی دیکەیاندا هەیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە خوای گەورە فەرمویەتی لە هەرکام لە ژن و پیاو پلەو پایەو ئیمتیازیان بەسەر یەکدی دا  هەیە بەهۆی تایبەت مەنییە خواڕیسکەکانیانەوە، وەک دەفەرموێ(بِمَا فَضَّلَ اللَّهُ بَعْضَهُمْ عَلَىٰ بَعْضٍ )(النساء)
2- خوای کاربەجێ هەبونی ئافرەتی بەهەموو تایبەتمەندییەکانی مێینەتی یەوەو، هەبونی پیاوانی بەهەموو تایبەتمەدییەکانی پیاەتییەوە، بە پێویست زانییوە، بۆیە هەردکیانی بەو جۆرەی کە هەن دروست کردوون، بۆیە،نە،پیاوەتی بە پایە بەرزی بۆ پیاوان و، نە؟مێینەتی بە پلەنزمییە بۆ ئافرەتان، بەڵکو پایە بەرزی و،نزمی پەیوەندی بە بەرهەمی پارێزگاری و خراپەکارین، وەک خوای گەورە دفەرموێ:(وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا ( 7 ) فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا ( 8 ) قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا ( 9 ) وَقَدْ خَابَ مَن دَسَّاهَا ( 10 ) )(الشمس)
هەربۆیەش شەریعەتی خوای مەزن لەسەر هەرکام لە پیاوان و ئافرەتانی قەدەغەکردووە کە لاسای یەکدی بکەنەوە، لە صحیحی البخاری)دا هاتووە:(لعن رسول الله (ص)المتشبیهین من الرجال بالنساء والمتشبهات من النساء بالرجال)(رواه البخاري) ٥۸۸٥
واتە (پێغەمبەر(ص) لەعنەتی لەوپیاوانە کردوە کە لاسای ئافرەتان دەکەنەوەو، لەو ئافرەتانەش کە لاسای پیاوان دەکەنەوە.)
بەڵێ لەڕوانگەی شەریعەتەوە مێینەبونی ئافرەت کەمو کوڕی نییە، تا  بەبانگەشەی یەکسانی لەگەڵ پیاودا یان لاسی کردنەوەی، ئەو کەم و کوڕییە چارەسەربکات! بەڵکو کامڵبونی کەسایەتی ئافرەت لەوەدایە کە بەبێ هەست بە نوقسانی کردن بەهۆی ژنایەتیی و دایکایەتی و ماڵدارییەوە کەسایەتی خۆی کامڵ و تێرو تەواو بکات، نەک بێ هودە خەریکی خۆ یەکسانی کردن بێ لەگەڵ پیاو یان لاسی کردنەوەی، سەر ئەنجام گیرۆدەی کەسایەتی پڵیشانەوە ببێت و بوون بە پیاوی چنگ نەکەوێت و ئافرەتایەتیشی لە دەست دەربچێ و ، ببێتە ڕەگەزی سێیەم واتە نە (ژن نە پیاو) مەخلقێکی ناتەواو...
3-وەک گوتراوە ڕیزپەڕ بنچینەی پێهەڵناوەشێتەوە، بۆیە هەبوونی چەند ئافرەتێکی مەیلەو پیاوانە لە هەندێک تایبەتمەندیدا وەک( هێزی جەستە، ئازایەتی ، بیر تیژی...)
هەبوونی هەندێک پیاوی نزیک لەسروشتی ژنانەوە،وەک(زۆر عاتفی بون، دەنگ و جەستە ناسکی، ...)
نەک هەرنابێتە بەڵگەی هەڵەیی ئەو بنچینەیەی کە لەبارەی کەسایەتیی و سروشتی پیاوو ئافرەتەوە خستمانە ڕوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕاستی ئەو بنچینەیە زیاتر ئیسپات دەکات، بەبەڵگەی ئەوە کە خەڵکی بەو جۆرە ژنانە دەڵێن: فڵان ئافرەتە نێرانە هەڵکەوتوە، وە بەو جۆرە پیاوانەش دەڵێن :فڵانە پیاوە سەر ژنانەیە.

4-ئەوەی کە پیاوان بەپێی هەڵکەوت و سروشتی نەفسی و جەستەییان ، ئەرک و کاریان زیاتر دەرەکییەو، هی ئافرەتانیش زیاتر لە جوغزی ماڵ وخێزان دایە، ئەوە ناگەیەنێ، کە ئافرەت دەرەوەی ماڵ و خێزانی لێقەدەغەکرابێ، یان پیاو بۆی نەبێ لە ماڵێ کارو چالاکی وەک هاوکاری ماڵ و خێزانی ئەنجام بدات!
بەڵکو تەنها ئەوەندەیە کە مەیدانی سەرەکی و سروشتی کارو چالاکی ئافرەت ماڵەوەیەو، هی پیاو دەرەوەی ماڵە..

ئامادەکردن:سعاد ناصر

کتێبی:ئافرەت و خێزان لە سایەی شەریعەتدا
به‌روار: 20/06/2019
بینین: 1451
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت