خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ
سعاد ناصر
خێزان دزگایەکە بۆ نوێکردنەوەو بەردەوامیدان بەڕێژەی دانیشتوان و، هەڵگری کەلتووری میللییەو، لانکەی بناغەدانانە بۆ پەروەردە و، ئامێزی بەکۆمەڵایەتی کردنی منداڵ و ئەنجامدانی چالاکییە ئابوری و بایلۆجی و دەروونییەکانە.

خێزان لەپەروەردەکردنی منداڵدا قوتابخانەیەکی بێ وێنەیە ، ئەو خێزانانەی کە هاوسەنگی ڕادەگرن و کەشێکی خێزانی ڕێک و پێک و ئاسودەیان هەیە ، پەیوەندی ئەندامەکانیان بەیەکەوە تەندروستە و قوتابخایەکی نمونەین بۆ پەروەردەو گەشەی منداڵ.

هەندێک خێزان بەهۆی ئەوەی ئەرکی پەروەردەییەکەی پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی ناوەکی و دەرەکییەوە، نەیتوانیوە بە پێی پێویست پەروەردەکەی بگەیەنێتە جێ.

منداڵ ئەمانەتێکە لە دەستی دایک و باوکدا، پێکهاتەیەکی وای هەیە هەمو شێوەیەک وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر تۆوی باشە لەدڵیدا بچێنی باشەو ئەگەر خراپە بچێنی خراپە بەدەست دەهێنی.!

خێزانەکان لە پەروەردەی منداڵ و لە بەدواداچونیدا ڕێگەو شێوازی جیاوازیان هەیە، کە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین ئاوا ڕیزیان بکەین:
۱-شێوازی خێزانی زۆردار و توند مامەڵە:
فشاری زۆر زیادو دەسەڵاتی سەپێنرا، ڕەفتارێکە وادەکات منداڵ باوەڕی بەخۆی نەمێنێت و بایەخ بۆ کەسێتی خۆی دانەنێ.
ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکانیان خەتابار دەکەن و، سزایان دەدەن و بەردەوام دەسەڵاتی خۆیانیان بەسەردا دەسەپێنن، منداڵەکانیان وا گۆش دەبن کە زوو دەست دەکەن بە گریان و، بەگشتی بێ گوێ دەردەچن و هەست بەکەمی دەکەن.
۲-شێوازی خێزانی کەمتەرخەم و بێ باک:
بەشێک لە خێزانەکان لە پەروەردەی منداڵدا بەڕادەیەکی زۆر گوێ پێ نەدەرو، خەمساردن و،زۆر بایەخ بە منداڵەکانیان نادەن.
لەم جۆرە خێزانانەوە کەسی خاڵی لە خۆشەویستی و ، هەست و سۆز کزو، بێ باوەڕ بەخودی خۆی و، توڕە لە مرۆڤەکان و نەرێنی و خۆپەرست پێ دەگات،  بەهۆی ئەو لە خۆبای وهاری و  خۆپەرستیەوەی دەبێتە مرۆڤێک کە کەسانی دەوری خۆشیان ناوێت و چاریان ناوێ.

۳-شێوازی خێزانی پارێزەر:
لەڕادەبەدەر ترسانی دایک و باوک بەواتای زیاد لە پێویست کۆنترۆڵ کردن و گرنگی پێدانە.
بەهۆی ئەمەوە لەوانەیە منداڵ زیاد لە پێویست پەیوەست بێت بەکەسانی ترو ، متمانەی بەخۆی نەبێت و کەسێکی هەستار دەربچێ.
ئەو منداڵانەی لە کەشێکی ئاوادا گەورە دەبن بوێری و لێوەشاویان نیە کە بەتەنها کارێک بکەن ، لەبەر ئەوە بەردەوام داوای یارمەتی لە دایک و باوک دەکەن، ئەمش  زیان بە پێکهاتەی کەسێتی دەگەیەنێت و، دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێگەشتوی و قۆناغەکانی داهاتووی ژیانیدا.

٤-شێواز خێزانی ڕێپێدەر:
شێوازی ڕێپێدەر بەو واتایە دێ کە دایک و باوک بەرامبەر منداڵەکانیان لێبوردەبن و، پاڵپشتیان بکەن و، بواریان بۆ  برەخسێنن بۆ بەدیهێنانی خواست و ئارەزوەکانیان لەدەرەوەی بازنەی قەدەغەکراوەکاندا.
ئەوکات بەشێوەیەکی تەندروست دەکەوێتە سەر ڕێگەی پێگەشتن و گەشەدەکات. ئەگەر ئەم کەشی ڕێکوپێکییەی کەدایک و باوک دەیسازێنن لە ئاستێکی ئاساییدا بەدیهات ئەوا زەمینە سازێنەرە بۆ ئەوەی منداڵ متمانەی و باوەری بەخۆی ببێت و ، پشت بەخۆی ببەستێت و ببێتە کەسێکی کۆمەڵایەتی.

دەبێ دایک و باوک بزانن کە خۆیان به چ جۆرێک مامەڵە بکەن بەو شێوەیە لە منداڵەکانیاندا دەیبیننەوە.

ئامادەکردن:سعاد ناصر
به‌روار: 17/06/2019
بینین: 2456
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت