وتار
  خەوە شاعیرانەکە خەریکە ببێتە ئەمرى واقیع
ئەیمەن خدر

کاتێ مام جلال وتى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى کوردى خەوێکى شاعیرانەیە زۆرینەى خەڵى کوردستان بەخۆشمەوە پێمان وابوو ئەو قسەى جلال طاڵەبانى خڵەفانەو نەدەبوو قسەیەکى لەو جۆرە بکات، بەڵام ئێستەو لەم بێ سەروبەریەى کوردستاندا بۆ هەموو لایەک ڕوون بۆوە کورد نەک ناتوانێت دەوڵەتى کوردى بەڕێوە بەرێت، بەڵکو تواناى ئیدارەیەکى لاوازیشى نییە، حکومەتێک لەماوەى 25 ساڵ حوکمڕانى دا نەیتوانیبێت موچەى چه‌ند مانگێکى فەرمانبەران پاشه‌كه‌وت بكات دەبێ چۆن حکومەتێک بێت وبه‌كام پاڵپشتی ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نێت!!
لەماوەى25 ساڵ داهاتى نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان، وخاڵە سنوریەکان وداهاتى فەرمانگە حکومیەکان وزه‌ریبه‌ی ساڵانه‌ی كۆمپانیاكان...هتد چەند بووە، تازە بەتازە دێن بەناوى برینى بەشێک لەموچەى فەرمانبەرانەوە پلانى چاکسازى ڕادەگەیەنن!!

لەچى دا خەرج کراوە!؟ لەدواى پرۆسەى داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە بەدەر لەداهاتى ناوخۆو هەناردەى نەوت بەتانکەرو داهاتى مەرزەکان رێژەى %17ى پشکى هەرێم لەحکومەتى ناوەندەوە بۆ هەرێمى کوردستان هاتووە، هەرچى پرۆژەى خزمەتگوزارى ووەبەرهێنان وموچەى تەواوى وەزارەتەکان لەسەر ئەو  %17 بووە هەرچەندە زۆر زیاتر بووە لەوەى پێشکەش کراوە کەچى بەهۆى گەندەڵیەوە وەک پێویست خزمەت نەکراوە کوا شارو لادێى رازاوەت کوا جادەو بان و شەقامت کوا زانکۆو پەیمانگاو قوتابخانەت کوا پەروەردەو سیستەمى خوێندنەکەت کوا کارگەو بەرهەمى ناوخۆیت کوا ناوچە دابڕێنراوەکانت!!؟؟
ئاخر هیچت دیار نییە شانازى پێوە بکەى جگەلە بردن و خواردنى ماڵى میللەت و گەندەڵى و دروست کردنى چەند کەسێکى مشەخۆرو شەرى ناوخۆو بەکوشت دانى سەدان لاو چیترتان بەرهەم هێناوە؟
خۆ گڤ کردنەوەو بانگەشەى دەوڵەت دروست کردن پشتى پێویستە کێ هەیە پشتمان بگرێت، جیهانى دەرەکى ئێمەى بەم رۆژە گەیاندو کردى بە چوار پێنج پارچە جیهانى ئیقلیمى دوژمنى سەرسەختى کوردن، تەنانەت لە وڵاتەکەماندا لەجێگەى دەوڵەت هاوڵاتیان داواى نان و ئازادى دەکەن، موچەى مانگێک نیشتمانى ئەم خەڵکەیە، لەبرسا بێت یان لەترسا وڵاتەکە ژن ومناڵى تێدا نەما یان گەیشتنە ئەوروپا یانیش مەرگ دەست لەملانیان بوو 
بانگەشەى دەوڵەت بوون پێویستى بەئیدارەو ئابووریەکى بەهێزە، لەئێستادا هەرێم هیچ ئابڵوقەیەکى ئابوورى لەسەر نییە تەواوى سنورەکان بەروویدا کراوەیە هێشتا ناتوانێت خۆى لەقەیرانى دارایى وسیاسى رزگار بکات،  هەرێمێکى داخراودا نەتوانى ئیدارەى تەنها چەند مانگێک بکەى چۆن چۆنى لەگەمارۆیەکى ئیقلیمى و نێودەوڵەتیدا ئیدارەى چەندین ساڵەى خۆت دەکەى!!؟؟ بۆیە تەنها بەقسە نابێت قسە پێویستى بە کردار هەیە بەراستى دەبێ بڵێین سەد رەحمەت لە مام جلال قسەیەکى بۆ کورد کرد تا ئەو سەرکردە نابەرپرسانە مابن بیر لە دەوڵەت و صوڵتەى خۆماڵى نەکەنەوە چونکە ناتوانن تەنها ساڵێک خۆبۆ ئەو قەیرانانە بگرن کە روو بەروویان دەبێتەوە.
به‌روار: 28/01/2016
بینین: 507