منداڵ
  درۆ کردن لای منداڵ و ڕێگاکانی نەهێشتنی
ئا: باران ئاریایی


درۆ کردن یەکێکە لەو خووانەی کە هەندێک منداڵ دەیگرێت و تاتەمەنی گەورەیش لەگەڵیدا دەمێنێتەوە.
ئەم خووە ناشرینە لە تەمەنی منداڵیەوە تووش دەبێت کە زۆربەی کات منداڵ لە ترسی لێدان لەلایەن گەورەکانیەوە لە کاتی ئەنجامدانی کارێکی خراپ دەیکات، بۆیە منداڵ بۆ خۆ دەرباز کردن لە لێدان و سەرزەنشت کردن درۆ دەکات.
درۆ کردنی منداڵ دەبێتە هۆی تووش بوون بە چەندین کاری نەشیاوی دیکەی وەک دزی و خیانەت.
باشتر وایە پێش ئەوەی باس لەو ڕێگایانە بکەین کە چۆن بتوانین وا لە منداڵەکانمان بکەین کە درۆ نەکەن، باسی جۆرەکانی درۆ کردن لای منداڵ باس بکەین بەکورتی، تا باشتر بتوانین ڕێگا لە نەهێشتنی درۆ کردن بگرین لای منداڵەکانمان.
درۆی خەیاڵی: ئەم جۆرە درۆیە لە ئەنجامی ئەو داستانە خەیاڵاویانەوە دروست دەبێت کەلە مێشکی منداڵدا هەیە.
مندال لە تەمەنێکی کەمدا توانای جیاکردنەوەی ڕاستی و خەیاڵیان نیە، بۆ نمونە ئەگەر کەڵەشێرێک ببینن بە پەڕو باڵێکی جوانی هەبێت، لەوانەیە منداڵەکە لای هاوڕێکانی باسی بکات و بڵێت: پشیلەیەکم بینی کە باڵی هەبوو. ئەم جۆرە درۆیە بەهۆی کەمی توانای بیری منداڵەوە دەکرێت.
درۆی نیشاندانی هێز (ئیدیعا): منداڵ بۆ نیشاندانی هێزو توانا و شەخسیەتی خۆی دەست دەداتە درۆ کردن.
درۆی تۆڵەکردنەوە: کاتێک کە دوو منداڵ دەبێت بە شەڕیان بۆ تۆڵەکردنەوە لە بەرانبەرەکەیان دەچن درۆ بە دەمی یەکترەوە دەکەن، لەم حاڵەتەدا دەبێت تەئکید بکرێتەوە لەسەر ڕاستی و دروستی قسەی منداڵ کە بەرانبەر بە هاوڕێکانی دەیکات تا گەورەکان تووشی هەڵە نەبن.
درۆی بەرگریی: لەکاتی ئەنجامدانی کارێکی هەڵەدا منداڵ لە ترسی دایک و باوک یان مامۆستا بۆ ئەوەی تووشی لێدان یان سەرزەنشت نەبێت دەست دەداتە درۆ کردن تا بەرگریی لە خۆی بکات. هەندێک جاریش بۆ بەرگریی کردن لە هاوڕێکانی منداڵ درۆ دەکات، بۆ نمونە ئەگەر قوتابیەک هەڵەیەک بکات لە قوتابخانە ئەوا هاوڕێکانی بۆ شاردنەوەی هەڵەکە تا هاوڕیکەیان دوچاری سەرزەنشت نەبێتەوە لەلایەن مامۆستاکانەوە هەوڵ دەدەن درۆ بکەن تا تاوانەکەی لەسەر لابەرن. لەم کاتەدا دەبێت مامۆستاکەیان ئەوەندە زیرەک بێت بتوانێت سود لە شاهێدی و بەرگریی کردنی منداڵەکان سود وەرنەگرێت لەکاتی سەرزەنشت کردندا تا منداڵەکە پەی بە هەڵەکەی خۆی بەرێت و دووبارەی نەکاتەوە.
درۆی هەمیشەیی: کاتێک منداڵ عادەت دەکات بە درۆ کردن و چیتر ناتوانرێت باوەڕ بە قسەکانی بکرێت ئەگەرچی ڕاستیش بن.
ئەمانەی سەرەوە کە باسمان کرد کورتەیەکی جۆرەکانی درۆ کردن بوون لای منداڵ، کە هەریەکەیان ڕێگای تایبەت بە خۆی هەیە تا منداڵ دووربخرێتەوە لە درۆ کردن.
ڕێگاکانی نەهێشتنی درۆ لای منداڵ
سەرەتا: هۆکارەکانی درۆ کردن لای منداڵ ئاشکرا بێت، پاشان پۆلێن بکرێت و بزانرێت لەکام جۆرەکانی درۆیە، یان هۆکاری درۆکردنی منداڵەکە چیە.
دووەم: موراعات کردنی تەمەنی منداڵ، چونکە منداڵ لەتەمەنێکی کەمدا توانای جیاکردنەوەی ڕاستی و خەیاڵی نیە.
سێیەم: بزانرێت مندالەکەت پێویستی بە چی هەیە و نیازەکانی بەگوێرەی توانا بۆ بهێنرێتە دی، پێویستە دایک و باوک گوێ لە منداڵەکانیان بگرن و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەن، چونکە هەندێک جار گونەدانی دایک وباوک بە منداڵ وا لەمنداڵ دەکات لە دەست بداتە درۆ کردن.
چوارەم: نەرم ونیانی لەگەڵ منداڵدا، زۆر گرنگە کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەیاندا وەک هاوڕی رەفتار بکەن، چونکە ترس و دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی درۆ کردن.
پێنجەم: دوور کەوتنەوە لە لێدان، هەول بدرێت کەوا ئەگەر هاتوو منداڵەکەت تووشی هەلەیەک بوو پێی بسەلمێنیت کە ئەو کارەی ئەنجامی داوە هەڵەیە و لە کۆتاییدا بیبەخشیت، چونکە ئەگەر منداڵ بۆ ئەنجام دانی هەر هەڵەیەک لێی بدرێت ئەوا بۆ خۆ دوورخستنەوە لە سزادان دەست دەداتە درۆ کردن.
شەشەم: هەوڵ بدرێت لەکاتی درۆکردنی منداڵدا بەدەمیەوە پێنەکەنیت و پێی نەڵێیت ڕاست دەکەیت، چونکە ئەم ڕەفتارانەی تۆ دەبێتە هۆی هاندانی منداڵەکەت بۆ درۆکردن.
حەوتەم: خراپی و ناسرینی درۆ کردن روون بکرێتەوە بۆ منداڵ، دەتوانرێت سود لە چیرۆکی منداڵان ببینرێت تا ڕووی ناشرینی درۆ بۆ منداڵەکەت دەربخەیت.
هەشتەم: هۆشداری بدرێت بە منداڵ لەکاتی درۆ کردندا، یان ئاگادار بکرێتەوە کەوا تۆ دەزانیت ئەو درۆ دەکات.
نۆیەم: دایک و باوک دەبێت قودوەی منداڵەکانیان بن، چونکە ئەگەر دایک وباوک درۆ بکەن لەگەڵ منداڵەکانیان ئەوا دەبێە هاندەرێک بۆ منداڵەکەیان تا دەست بداتە درۆ کردن.
چونکە لە خێزانێکدا کە گەورەکان درۆ دەکەن، منداڵی بێچارەش ناتوانێت خۆی لەم خووە ناپەسەندە ڕزگار بکاتو ئەویش ناچار بەڕیگەی گەورەکانیدا دەڕوات.
دەیەم: لەسەر دایک و باوک واجبە کەوا ئیلتزامیان هەبێت بەو قەول و وەعدانەی کە دەیدەن بە منداڵەکانیان.
چونکە منداڵ بەرانبەر بەو وەعدانەی کە دەیاندرێتێ زۆر حەساسن، بەجێنەهێنانی ئەو وەعدانەی کە پێیان دراوە، جۆرێکە لە ڕواندی نەمانی درۆزنی لەناخی منداڵەکەتدا.

به‌روار: 19/06/2013
بینین: 7670
12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت