بیروڕا
  هەڵوێست لە مەڕ دۆزی کورد
كه‌ریم باڵجی
هەڵبژاردن وا نزیك دەبێتەوە. هێزە زاڵەکان دیسان باسەکەیان بەستەوە بە بزووتنەوەی پاڕالێلەوە. ئەو مۆرکی نەتەوە پەرستییەی کە لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی دەنرێت، دیسان لە ڕێی جەماعەتی پاڕالێلەوە دەکرێت؛ ئۆپەراسیۆنی بێڕێز کردنی قەندیل بەرامبەر ئیمرالیش بە هەمان جۆر ئەنجام دەدرێت... دیارە میوەی ئەو بنە دارە درۆزنەیەی بەم دەزگایەوە هەڵیاندووریوە ئەمانەن. ئیدی چۆنی و چەندی درۆ هاتووەتە ئاستی بە گێل دانانی خەڵکی. .. بە دڵنییاییەوە خەڵکانێك هەر دەبن مێشکیان لەنێو ئەم درۆ و دەلەسە زۆر و زەبەندە و بێمانایانەدا سەرقاڵ ببێت... بەڵێ بووشە... لەنێو کورداندا کە تەبایی دڵ و زمان ڕەوشتێکی بەرزە ، ئەوانەی ئەهلی وردبینیی نین، وایان زانیوە دڵ و زمانی گەورەکانی دەوڵەتیش هەر تەبان... زۆر بە داخەوە! درۆی وەها لە زاری ئەو پیاوە دڵ ڕزیوانەوە بەردەبێتەوە بە جۆرێك شەیتان ئیدی لە پشوودایە، سەما دەکات و دەڵێت " پێویستییان بە خۆم نەماوە"... لە بابەتێکی ناکۆکی لەسەری وەك مەسەلەی کورد دا بێگومان هەمووان وەك یەك بیر ناکەنەوە. لە خزمەتیشدا بە ئەندازەی ڕا جیاوازەکانی نێو میللەت، خاوەن ڕای جیاواز هەیە. بابەتەکەش بابەتێکی ئیمانی نییە تا (وحدة الرأی) هەبێت. بەڵام لام وایە لەم مەسەلانەی لای خوارەوەدا لەگەڵ یارانم دا هاوبیرین. 1. هەرگیز ناکرێت مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ وەك؛ خوێندن بە زمانی دایك و ژیان لەنێو سەلامەتی گیاندا و مافی گەڕان و گەشت و مافی شوێنی ژیان (واتە ڕانەگواستنی زۆرەملێ لە زێدی باوو و باپیران)، بکرێنە بابەتی موزایەدە سیاسییەکان. پێویستە ئەم مافە سەرەتاییانە بێ بەستنەوەیان بە چەك دانان یان دانەنانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، دەستەبەر بکرێن و لەو سەردەمانەشدا کە دابین نەکراون سەرجەم لەدەستدانەکان بە ڕێکوپێکی قەرەبوو بکرێنەوە. 2. ڕێژەی دەنگی پێویستی لە سەدا "دە" نەك هەر نوێنەرایەتی سەدا بیست ناکات، بەڵکو ڕێژەیەکی هێندە زاڵمانەیە کە دەبێتە هۆکاری ڕۆیشتینی دەنگ و نوێنەرایەتیەکە بۆ پارت/ لایەنێکی تر1. لە هەمووان زیاتریش کوردەکان زەرەرمەندی ئەم ڕێژەیە بوون، ئێستاش هەر زەرەرمەندن. ئەوانەی لە کاتی ئۆپۆزسیۆنیدا تانەیان لەم ڕێژەیە دەدا و کە چووشنە نێو دەسەڵاتەوە باوەشیان پێدا کرد، لە ڕووانگەی سیاسەتەوە دووڕوون. نزمکردنەوەی ڕێژەی دەنگی پێویستیش ناشێت بکرێتە بابەتی موزایەدەی سیاسی. پێویستە بە زوویی بهێنرێتە ئاستێکی گونجاوی وەك سەدا "سێ" وە. 3. ئاشتی بناغەیە. ناوی "پڕۆسەی ئاشتی" بەسە بۆ پشتگیریلێکردنی. خۆ تەنها هەر ناوەکەشی دەزانین. ئێستاش هاتووەتە سەر خاڵێك کە گەڕانەوەی بۆ نییە. ئێمەش بە دوای هەلێكدا دەگەڕێین تا لەو بوختان و درۆ شاخدارانە ببوورین کە دەسەڵات بە دەممانەوە هەڵی دەبەستێت. ئومێد دەکەین چیدی ئەم پڕۆسەیە لە فەرامۆشیدا نەهێڵنەوە و ئێمەش چەپڵەیان بۆ لێدەین. 4. بەڕێوەبردنی خۆجێیی بە مەرجی ئەوەی نەگۆڕیت بە زووڵم؛ ئۆتۆنۆمی، بە ئاگاداربوون لە نەگۆڕانی بەرەو ئۆتۆکراسی؛ لێبووردنی گشتی بە شێوەیەك دەرگای بەدڕەوشتی نەخاتە سەر پشت (واتە بێجگە لەو تاوانانەی مایەی شەرمەزارین) وە دەکرێت وتووێژ لەسەر ڕێکاری پێویست بۆ ئەمانە بکرێت. ئێمە ناڕەزاییمان لەسەر وتووێژکردنی نییە بەڵکو لەسەر سەپاندنییەتی بەبێ وتووێژکردن... ترسمان لەوە نییە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیە بگاتە ئەم خاڵە، بەڵکو ترسمان لە نەگەیشتنە بە هیچ ئەنجامێك... لە هەموو بارودۆخێکدا بڕیاری میللەت، بڕیاری خزمەتە. 5. ئێمە ناتوانین لەگەڵ پەکەکە قسە بکەین، دژی ئەوەش ناوەستین کە لەلایەن دەوڵەتەوە قسەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوانەی لە چوارچێوەی سیاسەتدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێ، قبووڵیش ناکرێ بەرپرسیاریی سیاسی لە ئەستۆ بگرن. جەماعەت بۆ ئەوە نابێت، سەربازیش نابێت، میت بە هیچ جۆرێك نابێت. پڕۆسەکە لە ساحەی سیاسەتی سیڤیلدایە، پێویستە بە زانینی بەرپرسیاربوونی بەرامبەر هەموو ئەو هەنگاوانەی دەینێت، ئەکتەر ئاسا بەڕێوەی ببات. 6. گەر زۆرینەی زۆری خەڵك دیندار بوونایە سیاسەتی یەکێتی ئایین بە کەڵك دەهات. بەکەڵك نایەت!. گەر هەموو پێکەوە شانازیمان بە ڕابردوویەکی هاوبەشەوە بکردایە، ئەوا سیاسەتی یەکێتی مێژوویی بە کەڵك دەهات. بەکەڵك نایەت!. یەکێتی نەژادیمان نییە. هەمان توێژ نین. لەبەر ئەوە تاکە چارە پێکهاتنمانە لە نێو چوارچێوەی سێکولاردا لەسەر خەونی داهاتوویەکی هاوبەش لە کە هەردوولا لەسەری کۆك بین. گەر بۆ جارێك ئەم خەونە بەرجەستە ببێت، ئەوا ڕەنگە ئاشتی هەمیشەیی هەم لەگەڵ کەمینەکانمان و زۆرینە عەلەویەکانیشماندا بنیات بنێت. 7. داوای خزمەت داوای داوای یەك بوونی دڵەکانە. ئێمە گیانفیدایانی سۆز و موحیببەتین. خۆشەویستی بەسەر هەموو کینەو ڕقەکاندا زاڵ دەبێت. گەر لەو نێوەندەدا بە هۆی خوو و عادەتی چەرخی جاهیلیمانەوە هەڵەمان هەبێت - کە بێگومان هەیە -، ئێمە دەزانین داوای لێبووردن بکەین و دڵ بهێنینەوە... کوردانیش وەك هەموو دونیاش شاهیدە، میللەتێکی لێبووردەن. 8. بڕیاری هاوبەشی میللەت هەرچییەك بێت؛ ناوی کوردستانی گەورە بێت یان کوردستانی باکوور یان شێوە پێکهاتەی فیدڕالی یاخود بەڕێوەبردنی خۆجێیی بەهێزکراوی ژێر چەتری سەرۆکایەتی بێت وە یان گەر خوانەکردە پڕۆسەکە شکست بهێنێ و ئەوانەی دابەزینە زەوییە نزمەکان بۆ تیرۆر دابەزن نەك بۆ سیاسەتکردن... هەرچییەك ببێت؛ ئێمە بە ئەندازەی بوونمان لێرە، لەوێش دەبین... وەك چۆن لێرە ماوینەتەوە لەوێش دەمێنینەوە... سیاسەتی خۆبەزلزان ناتوانێ لە خزمەتکردنی میللەتی توركمان بکات، هەروەها توندوتیژیی دڕندەش ناتوانێ لە خزمەتکردنی میللەتی کوردمان بکات... ئەوانەی جیاواز لە یارانم بیر دەکەنەوە، هیچ نەبێ هەر بیر دەکەنەوە... ئەو بێئاگایانەی دەیانەوێ خزمەت لەلایەکەوە وەك دوژمنی کورد و لە لایەکی دییەوە وەك داردەستەی پەکەکە نیشان بدەن، خەیاڵیان خاوە...
به‌روار: 28/02/2015
بینین: 843