هەواڵ

شەوانە لەگەڵ ماسکێک رۆژ دەکاتەوە.


بزاڤ_باخان عبدالرەحمان

بەرکەوتووەیەکی چەکی کیمیایی ھەڵەبجە گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ٣١ ساڵە لە ڕێگەی ماسکێکەوە ھەناسەدەدات.

کامیل عەبدولقادر  یەکێک لەبەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا سەباەت بە دۆخی تەندروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، "ئەمە حاڵی براتانە، کە شەوگار بەم جۆرە بەڕێ دەکەم و ئەم ماسکە دەبێت ھەمیشە بەسەرمەوە بێت و دەبێت تابەیانی لەگەڵ ئەم ماسکەدا رۆژ بکەمەوە و بەملمەوە بێت".

دەشڵێت، داخۆ چۆن ئەوانەی کە ئەو کارەساتەیان خوڵقاند و ئەویان تووشی ئەو دۆخە نالەبارە کردووە خەویان لێ دەکەوێت؟

ناوبراو ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەشاری ئیسنی ئەڵمانیایە و لە چاوەڕوانی نەشتەرگەری چاندنی سییەکانیدا‌یە.

کامیل عەبدولقادر ئاماژە بەوە دەکات کە ٣١ ساڵە بەو جۆرە ژیان بەسەر دەبات و ناتوانێت یەک ھەنگاو بەبێ ئۆکسجین بڕوات.

ئەو قوربانیەی ھەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی وڵاتی ئەڵمانیای کردووە، بەڵام مانەوەی ئەمجارەی بێ خێزان و منداڵەکانییەتی، لەلایەکی دیکەشەوە داوای مافی پەنابەرێتی کردووە و یەکێک لە ڕێگرییەکانی بەردەم نەشتەرگەریەکەی نەبوونی ئیقامەیە.

٣١ ساڵە کامیل بەھۆی چەکە کیمیاییەکەوە ئازار دەچێژێت و لەم ساڵانەی دواتریشدا تەندروستی بەردەوام خراپتر دەبێت، جگە لەوەی کە چاوێکی بەھۆی گازی خەردەلەوە لەدەستداوە، کێشەی ھەناسەدانیشی ھەیە، بەجۆریک کە بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی پزیشکی بەڕێژەی ٩٠% سییەکانی لەکارکەوتووە.


‌‌‌
3/16/2019 1:05:35 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ