هەواڵ

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد ١٤ مارکێتی بڕیبو وە دزی لێکردبون


بزاڤ
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ھێزەکانیان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە زیاتر لە ١٤ مارکێتی بڕیوە و دزی لێکردون لەشوێنە جیاجیاکانی شاری سلێمانی.
 
ئەمرۆ ١٠/٣/٢٠١٩، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەرێوەبەری بەشی راگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کارو چالاکییەکانی لەبەرواری ١/٣/٢٠١٩ تا ٩/٣/٢٠١٩ خستەڕو.
 
 
 
وتبێژی پۆلیسی سلێمانی  رایگەیاند، لەساڵی ٢٠١٣دا ھاوڵاتییەک بەناوی (ێ، گ، ر) لەقەزای پێنجوێن بەفیشەک کوژرا، پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوەو لەکاتی خۆیدا تۆمەتباری دۆسیەکە نادیار بو، کەسوکارەکەشی گومانیان لەکەس نەبو، لەساڵی ٢٠١٦دا بەھۆی نادیاریی بکەری تاوانەکە، دادوەر بریاری داخستنی پەراوەکەیدا.
 
وتیشی، بنکەی پۆلیسی سەرچنار لەبەرواری ٣/٣/٢٠١٩ پاش کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر تۆمەتبار (ش، ێ، ع) بەبریاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچو، لەو بەروارەو بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆمەتباری ناوبراو دەستگیرکرا کە برێک مادەی ھۆشبەری پێبووە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دەرکەوت پێشتر مەحکوم بووەو سزادراوە لەسەر مادە ھۆشبەرەکان. لەھەمانکاتدا تۆمەتبار دانی نا بەتاوانی کوشتنی ئەو کەسە لەپێنجوێن کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا.
 
ئەوەشی خستەروو، کە لەدانپێدانانەکانیدا تۆمەتبار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کوژراوەکە ھاورێی بوەو شەش فیشەکی پێوە ناوەو لەشاخێک فرێی داوەتە خوارەوەو دواتر لەشوێنی روداوەکە ھەڵھاتووە. وتەکانی تۆمەتبار لەلایەن بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەوە پەسەندکراوەو چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەکەی پێ دوبارە کراوەتەوە بەئامادەبونی لێکۆڵەری دادی. لەئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی ٤٠٦ لەیاسای سزادان بەندەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.
 
رونیکردەوە،‌ لەبەرواری ١/٢/٢٠١٩ تا ٢٨/٢/٢٠١٩ (٦٩٦) تۆمەتبار لەلایەن بەش و بنکەکانی سەر بەبەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکراون کە لەدادگاوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووەو دراون بەدادگا.
 
ھاوکات چەند ئامارو چالاکییەکەی دیکەی ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیەی خوارەوە خستەرو:
- دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ھاوڵاتییەکەوە کە سکاڵای ھەبو لەتۆمەتبارێک بەھۆی ئەوەی کچەکەی فراندووە، پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەر بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن‌و لەئێستادا بەپێی مادەی ٤٢١ لەیاسای سزادان بەندە.
 
- تۆمەتبارێک ھەستابو بەدزینی ئوتومبیلێک لەھاوڵاتییەک، پاش تۆمارکردنی سکاڵاو وەرگرتنی بریاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیربکرێت‌و دەستیشبگیرێت بەسەر ئوتومبیلەکەدا.
 
- تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە زیاتر لە ١٤ مارکێتی بڕیوەو دزی لێکردون لەشوێنە جیاجیاکانی شاری سلێمانی، لەئێستادا تۆمەتبار بەبریاری دادوەرو بەپێی مادەی ٤٤٣ لەیاسای سزادان. ئەو تۆمەتبارە پێشتریش لەسەر تاوانی دزیکردن دەستگیرکراوە.
 
- ھەشت تۆمەتباری دیکە دەستگیرکراون کە ھەستاون بەدزیکردن لەناو شاری سلێمانی، بەتۆمەتی دزیکردن لەماڵان‌و دزینی پارەو کەلوپەلی ئوتومبیل‌و ماتۆرو پەلەوەر.
 
- لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنەوە ٣٣٠ حاڵەتی بەھاناوەچونی ھاوڵاتیان ئەنجامدراوە، ھەروەھا تەقەکەرێک دەستگیرکراوەو دەستیش بەسەر شەش دەمانچەدا گیراوە. پێنج تۆمەتباریش بەپێی مادەکانی (٤٥٣، ٢٩٥، ٤٢١) دەستگیرکراون.
 
- لەبەرواری ٢٧/٢/٢٠١٩ تا ١٠/٣/٢٠١٩ لەلایەن ھێزی تایبەتی بارەگای بەرێوەبەرایەتیمانەوە ئەم چالاکیانە ئەنجامدراون:
• دەستگیرکردنی ٨ تۆمەتبار کە ھەستابون بەدروستکردنی خانوی زیادەڕەو.
• دەستبەسەرداگرتنی ٦ چەک (یەک کڵاشینکۆف، دو دەمانچە، ٣ تاپڕ).
• دەستبەسەرداگرتنی ٤٢ چەقۆی جۆراوجۆر.
• لێکردنەوەی ١٤٠ پەردەی ئوتومبیل.
• لێکردنەوەی ٤٥ لەزگەی جامی ئوتوەمبیل.
 
- لەلایەن بەشی پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانەوە ٢٨ چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدراوە وەک: پاراستنی ھێمنی ھاوڵاتیان، چالاکی وەرزشی، ڤیستڤاڵ‌و بۆنەکان.
 
- لەماوەی ٢٠ رۆژی رابرودا بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ ٢١ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بەفەرمانی بەرێز دادوەرو بەپێی مادەکانی (٤٤٦، ٤٤٣، ٣٧٩، ٤٣١، ٢١و ٢٣ ھاتوچۆ، ٤٥٣) لەیاسای سزادانی عێراقی. ھەروەھا دەستگیراوە بەسەر ئوتومبیلێک‌و دو چەک لەجۆری کڵاشینکۆف.


‌‌‌
3/10/2019 9:44:17 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ