هەواڵ

سبەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە


بزاڤــ:

بڕیارە سبەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆببنەوە و بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، یەکێتی پاکێجێکی نوێی بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی ئامادەکردووە.

بەمەبەستی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنە سیاسییە ١٨ خاڵییەکەی نێوانیان و گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم، سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تاوەکو ئێستا شوێنی کۆبونەوەکە دیاری نەکراوە لە ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ دەبێت یان بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە بە دیاریکراوی سبەی یەکشەممە دەبێت.

هاوکات ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، پاکێجێکی نوێ ئامادەکراوە و لە ماوەی ڕابردوودا لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ پەیوەندی بەردەوام هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، بڕیارە کۆبوونەوەی سبەی نێوان پارتی و یەکیتی بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی بێت و چاوەڕێدەکرێت لە کۆبونەوەکەدا شێوازێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا بدۆزرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، پارتی سورە لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی و سەبارەت بە پارێزگاری کەرکوک سازش ناکات و پێویستە دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە پاشان پارێزگارێکی نوێ دەستبەکاربێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشیکردەوە، پارتی بە یەکێتی وتووە کەسێک دیاری بکەن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و دوای ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو شارە دەتوانن وەکو پارێزگار دایبنێن.

هاوکات فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاندووە، "ئیرادەی گەیشتن بە رێککەوتن و چارەسەر لەناو یەکێتی ھەیە، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتن لە لای ئێمە ئەوە نییە کە بەھەر نرخێک بێت و ھەرچۆن بێت دەبێت رێکبکەوین، ئێمە بنەمامان داناوە و لەسەر ئەو بنەمایانە گفتوگۆی لەسەر دەکەین و دەمانەوێت بگەین بە رێککەوتن".

ڕاشیگەیاندووە، "ئێستا بڕیاری ئەوەمان ھەیە کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو رێککەوتن بچین و حکوومەتێکی ھاوبەش و پەرلەمانێکی ھاوبەش پێکەوە کۆمان بکاتەوە، بەڵام ئەگەر حکوومەتێکی ھاوبەش و پەرلەمانێکی ھاوبەش نەبوو کۆمان بکاتەوە ئەوکات پێویستە بیر لە شتێکی تر بکەینەوە کە تا ئێستا ھیچ بڕیارێکمان نییە لەو بارەیەوە".

لەلایەکی دیکەوە، عارف ته‌یفور سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی سلێمانی - هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتی بە میدیاى حزبەکەى راگەیاندووە، گفتوگۆ له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنە سیاسییە ١٨ خاڵییەکەی نێوانیان ده‌كه‌ن و تەنیا لەسەر یەک خاڵ ناکۆکن.

باسى لەوەشکردووە، له ‌گفتوگۆی ئاینده‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیدا چارەسەر‌ بۆ خاڵی ١٨ی تایبه‌ت به ‌كه‌ركوك ده‌دۆزنه‌وه بۆ ئەوەی یه‌كێتیش به‌شداری له ‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا بكات.

ئەمەش لە کاتێدایە، لەدواى کۆبوونەوەى ١٨ى شوباتى پەرلەمانەوە کە بەبێ یەکێتى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردرا، کۆبوونەوەکانى نێوان پارتى و یەکێتى راگیراون و ناکۆکى لەنێوان ئەو دوو حزبەدا دروستبووە لەسەر پرسی کەرکوک.


‌‌‌
3/2/2019 12:40:32 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ