هەمەڕەنگ

خۆ بەکەم زانین و باوەڕ بەخۆ نەبوون لای مناڵ و چارەسەرەکانی


نوسینی: باران ئاریایی

بەشی یەکەم

هۆکاری خۆبەکەم زانین و هەست کردن بە نوقسانی لای مناڵ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی ڕەفتاری، نەخۆشی، پەروەردەیی یاخود ئابوری.
دروست بوونی ئەم هەستە لای مناڵ یەکێکە لە ترسناکترین ڕێگاکان بۆ توش بوون بە نەخۆشی دەرونی ئینحیرافی هەنگاو نان بۆ ئەنجامدانی کاری خراپە.
لەم بابەتەدا سەرەتا باس لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەکەین لای مناڵ، پاشان هەوڵ دەدەین ڕێگاکانی چارەسەر بخەینە بەرچاوی خوێنەر.
بە ئومێدی ئەوەی دایك و باوکەکان و مامۆستایانی بەڕێز کە پەیوەندیان لەگەڵ مناڵدا هەیە بتوانن پێشگیری ئەم دیاردەیە بن، هەوڵ بدەن بەجوانترین شێواز پەروەردەیان بکەن، تا گیرۆدەی ئەم گرفتانە نەبن.
ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی خۆ بەکەمزانین و باوەڕ بەخۆ نەبوون لای مناڵ، ئەمانەن:
١. سوکایەتی پێکردن و ئیهانە کردنی ماڵ.
٢. چاودێری کردنی زیاد لە پێویستی مناڵ.
٣. جیاوازی کردن لە نێوان مناڵ.
ئەگەر خێزانێك چەند مناڵێکیان هەبێت، فەرق وجیاوازی بکەن لە نێوانیان دا.
٤. کەمئەندامی
٥. هەتیووی
٦. فەقیری
بەپشتیوانی خوای گەور ەلەم بابەتەدا یەك بەیەکی ئەو خاڵانەی سەرەوە باس دەکەین و ڕێگا چارەکانیشی دەخەینە ڕوو، لەسەر ئەساسی ڕینوێنیەکانی ئیسلام کە بۆی داناوین.
لەخوای گەورە داواکارم کە یارمەتی دەرمبێت تا بتوانم بەجوانترین شێوە و هۆکار و چارەسەرەکان باس بکەین.
١. سوکایەتی پێکردن و ئیهانەکردنی مناڵ:
یەکێکە لە ناپەسەندترینی هۆکارەکان کە دەبنە هۆی خۆبەکەم زانین و تێکچونی لایەنی دەرونی لای مناڵ، وا دەکات مناڵ هەست بە سوك بون و کەمی بکات. دوکتۆر مصطفی السباعی نوسەری کتێبی "ئەخلاقی کۆمەلایەتیمان" دەڵێت: "زۆرن ئەو دایك و باوکانەی کە ئەگەر مناڵەکەیان لەڕووی نەزانینەوە توشی هەڵەو تاوانێك بێت، ئەوا دایك و باوکەکە مناڵەکەیان بەدناو دەکەن و لەبەرچاوی خەڵکی دا دەیشکێنن و ئیهانەی دەکەن. ئەگەر جارێك درۆ بکات بکات ئەوا بە درۆزن بانگی دەکەن، ئەگەر جارێك لە خوشك/برا بچوکەکەی دا ئەوا بە هاروهاج و ئاژاوەگێڕ بانگی دەکەن، ئەگەر جارێك بەزۆر یاریەکەی لە خوشك/براکەی سەند ئەوا بە زۆردار بانگی دەکەن، ئەگەر بەبێ پرس شتێکی لە گیرفانی یەکێك لە ئەندامانی خێزانەکەی دەرهێنا ئەوا بە دز بانگی دەکەن، خۆ ئەگەر جارێك داێک یاخود باوکی داوای لێبەکەن پەرداخێك ئاویان بۆ بهێنێت و ئەویش بێ گوێی کرد یاخود ووتی ناتوانم، ئەوا یەکسەر لەبەرچاوی خوشك و براکانی تری دا بە تەمەڵ و تەوەزەل و بێ گوێ بانگی دەکەن"
یەکێکی تر لە سوکایەتی پێکردن و ئیهانەکردنی مناڵ بانگکردنیانە بە ووتەی ناشایستە و ناشرین لەبەرچاوی خێزان و دۆست و خزمان دا، زۆر جار دایك و باوك زیادەڕەوی دەکەن لەم حاڵەتەدا و لەبەرچاوی هاوڕێی مناڵەکە یاخود بێگانە ئیهانەی مناڵەکە دەکەن و بەووشەی ناشرین بانگی دەکەن، بەبێ شك ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لەگەڵ مناڵ دەبێتە هۆکاری ئەویە کە مناڵەکە هەست بە کەمی و بێنرخی خۆی بکات، وا بیر دەکاتەوە کە بوونی دەبێتە هۆی ئازاردانی کەسانی دەوروبەری، بۆیە ڕق و کینەیەك لە دڵی دا دروست دەبێت بەرانبەر بە کەسانی دەوروبەری لە داهاتوودا، کەسایەتیەکی لاوازی دەبێت و تێکەڵ بە خەڵکی نابێت و هەستی مەسئولیەتی نابێت و هیچ کارو ئەرکێك ناخاتە ئەستۆی خۆی.
لێرەدا دەبینین کە ئەو دایك و باوك و مامۆستایانەی ئە ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن لەگەڵ مناڵدا چ جەریمەیەکی گەورەیان ئەنجام داوە بەرانبەر ئەو مناڵە، کە بەدەستی خۆیان بەو ڕەفتارە نابەجێیانە و توندتیژیە بێ بەزەییانە دەیکەن بەرانبەر بە مناڵەکانیان، مندالەکانیان دەخەنە سەر ڕێگای لاڕێ و ئینحیرافی.
ئێمە چۆن دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین لە مناڵەکانمان کەوا گوێڕایەڵ و نەرم و نیان و ڕێز گرتن لە گەورەو بەبەزەیی بن بەرانبەر بە بچوکتر، بە ئەخلاق بن، کاتێك خۆمان بەدەستی خۆمان تۆوی ڕق و کینە و سەرپێچی لە دەرونیان دا دەڕوێنین!.
دایك و باوکی بەڕێز دەبێت ئەوە بزانیت کەوا پەروەردەکردنی منداڵ بە توڕەیی و لێدان نابیت، بەڵکو بەو کارانە منالەکەت تووشی تێکچونی باری دەرونی دەبێت و کەسێکی توڕە و بێ بەندوبار و بێ گوێ دەبێت، کە گەورەش بوو هەوڵ دەدات لەگەڵ کەسی خراپ و موجریم دا هاوڕێیەتی بکات، چونکە خۆمان لە مناڵیدا خستومانەتە سەر ئەو ڕێگایە، لەجیای ئەوەی فێری بکەین بەدوای شتی باشدا بگەرێت و کەسێکی نمونەیی بێت، بەڕەفتار و هەڵسوکەوتی نابەجێی خۆمان هانی دەدەین بۆ خراپەکاری.
شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو مناڵەی کە هەڵە دەکات؛
باشترین شێواز ئەوەیە کەوا هەوڵ بدەین لەە کاتەدا نەرم ونیان بین و هەوڵ بدەین قەناعەت بە مناڵەکە بکەین کە هەڵەی کردووە و ئەڵبەت گرنگە بەپێی تێگەیتنی مناڵەکە قسەی لەگەڵ بکرێت، تا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە ئەو کارەی کردویەتی هەلەیە، وە ئەنجامدانی کاری لەو شێوەیە کاری مناڵی ژیر و تێگەیشتوو نیە.
ئەگەر بەم شێوازە توانیت قەناعەتی پێبکەیت ئەوا بەئامانج گەیشتویت، خۆ ئەگەر قەناعەتیشی نەکرد ئەوا ڕێگای تر هەیە بگیرێتە بەر بێجگە لە لێدان و توڕە بوون.
شێوازی نەرم و نیانی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ مناڵ دا لەسەروەرمانەوە ﷺ فێر بین، کە دەبێت نمونەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بکەینە سەرمەشق بۆ پەروەردە کردنی ماڵەکانمان.
لە دەرئەنجامی باسەکانمان لەسەر خاڵی یەکەم ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا سوکایەتی پێکردن و رەفتاری توندوتیژی لەگە مناڵ، بەتایبەت لەبەرچاوی کەسانی دیکە یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی خۆبەکەم زانینی مناڵ، کە دەبێتە هۆی ئینحیرافی ئەخلاقی و دەرونی لای مناڵ، بۆیە کاتێك کە منداڵ توشی هەڵە دەبێت دەبێت لەگەڵی نەرم بین تا قەناعەت دەکات و دان بەهەڵەکەیدا دەنێت و تێدەگات ئەو کارە هەڵەیە، خۆ ئەگەر هاتوو بە نەرمونیانی چارەسەر نەبوو ئەوا دایك و باوك یاخود فێرکار بەباشی زانی مناڵەکە جەریمە بکرێت لەسەر ئەو کارەی کە کردویەتی لەبەرچاوی کەسانی تر نەبێت.
ماویەتی


‌‌‌
2/28/2019 6:26:11 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ