راپۆرت

خوێندنەوەیەک بۆ رێکەوتنی گۆڕان – پارتی



محەمەد سالار (پاشا)

لەبەرواری (١٨ی شوباتی ٢٠١٩) ھەریەک لە(بزوتنەوەی گۆران) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) رێکەوتننامەیەکیان تایبەت بە بەشداری کردن لەکابینەی نۆیەم واژوو کرد.
ئەم رێکەوتننامەیە پاش (٤) مانگ بەسەر ھەڵبژرادنەکانی (ئەیلولی ۲٠۱۸) و (٥) جار گفتوگۆی فەرمی و چەندین گفتوگۆ نھێنی نێوان ئەو دوو ھێزە دێت. کەھەردوو ھێزەکە بەگرێبەستێکی سەرکەوتوو لێکی دەدەنەوە.
لەم تێکستە دەمانەوێت خوێندنەوەیەک بۆ واقعی ئێستا و گرنگترین ئەو خاڵانە بکەین کەبەھەردوو دیو؛ خاڵی بەھێز و لاوازی رێکەوتنەکەن.

١. ئێستای بزوتنەوەی گۆران
بزوتنەوەی گۆران لەئێستادا لەچەند قەیرانێکدا ژیانی سیاسی خۆی بەرێ دەکات، ئەوانیش:
- قەیرانی سەرکردایەتی، کەبریتیە لە لەدەستدانی رەمز و کاریزماکەی و نەبونی جێگرەوەی باوەرپێکراو.
- قەیرانی دابەشبون بەسەر چەندین ئاراستەی جیاواز، کەبەشێکیان نیگەرانن و دورکەوتونەتەوە لەکاری سیاسی و رێکخراوەیی.
- قەیرانی پرۆژە، بەھۆی خولانەوە لەناو بازنەی پرۆژەکانی رابردوو و نەمانی توانا لەلایەک بۆ پێگەیاندنی کادیر لەلایەکی دیکە بۆ دروستکردنی روداوی سیاسی (حدپ).
- قەیرانی خاڵیبونەوە لەبەھا و ئەو باوەرانەی بزوتنەوەکەی لەسەر دروستبووە، لەنمونەی دژایەتی فەساد، حوکمی بنەماڵەیی، دەزگای موئەسەساتی ... ھتد.
- قەیرانی لەدەستدانی جەماوەرەکەی، کەبریتی بوو لەبزوێنەر و سەرمایە مەعنەویەکەی بزوتنەوەکە، دەرەنجامیش کەمبونەوەی دەنگەکانی لە (٢٤) کورسی بۆ (١٢) کورسی.
- قەیرانی لەدەستدانی روئیای سیاسی.



٢. ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی دواین دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانی (ئەیلولی ۲٠۱۸)، زۆرترین رێژەی دەنگ و کورسی ھێناوە کەبریتیە لە (٤٥ کورسی)، لەئێستادا ئەم حیزبە بەھێزترین و کاریگەرترین حیزبی سیاسیە لەھەرێمی کوردستان، بەم جۆرە:-
- زۆرترین رێژەی کورسی ھەیە لەپەرلەمانی کوردستان.
- تاکە حیزبی سیاسیە کەدەزانێت چی دەوێت و چی دەکات.
- خاوەنی کاریزمایەکە کەبریتیە لە (مەسعود بارزانی).
- خاوەنی رێکخستن و ھێز و دارایی و نفوزی ئیقلیمی و ئیعتیرافی نێودەوڵەتیە.

٣. ئێستای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
لەئێستادا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک ھێزی دوەم بەپێی رێژەی کورسیەکانی لەپەرلەمانی کوردستان، لەھەوڵی بەدەستھێنانەوەی سەروەریەکانی رابردوێتی، جیلی دوەمی تاڵەبانیەکان لەسەرجەم رەھەندەکانەوە لەکاردان بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجە. لەھەڵبژاردنی رابردوو توانیان لەشاری سلێمانی ببنەوەی ھێزی یەکەم. ھەر لەبەرئەوەیە ھەموو بریارێک لەم نێوانەدا لێکەوتە و جێکەوتەی دەبێت لەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەچاو رابردوو حیسابێکی زیاتر بۆ رێژە و ھێز و نفوزی ئەو حیزبە دەکرێت.


٤. ئێستای ھاوڵاتیان
رێژەی کەمی بەشداری ھاوڵاتیان لەھەڵبژاردنەکانی (ئەیلولی ۲٠۱۸) مانا و دەلالەتێکی گرنگی ھەبوو، لەھەر سێ شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بەئاستەم رێژەی بەشداری لەنیوە تێپەریبوو، بۆ سەرجەم ھێزە سیاسیەکان مانای بێ ھیوابونی دەبەخشی لەسەرجەم حیزبەکان، پرۆسەی سیاسی، پەرلەمان، دامودەزگاکانی میری، لەھەموی گرنگتر بێ ھیوابونە لەوەی کایەی سیاسی بتوانێت ژیانی ھاوڵاتی بگۆرێت.


٥. دەقی رێکەوتنەکە
دەقی رێکەوتنەکە وەک لەمیدیای بزوتنەوەی گۆران بڵاوکرایەوە بریتیە لەھێڵە گشتیەکانی چاکسازی، کە (١٠) ساڵە دەوترێتەوە. لەھەر ھاوڵاتیەک لەم ھەرێمە پرسیار بکرێت: چاکسازی چۆن دەکرێت؟
لەوەڵامدا دەڵێت:
- پێویستە حکومەت بەدامودەزگا بکرێت.
- پێویستە دەسەڵاتی حیزب لەناو حکومەت کۆتایی بێت.
- پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە.
- پێویستە کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان چارەسەر بکرێن.
پوختەی رێکەوتنەکە بریتین لەم خاڵە گشتیانە!.

٦. چی وا دەکات ڕیکەوتنەکە سەرکەوتوو بێت؟
بزوتنەوەی گۆران گەشتوەتە ئەو باوەرەی لەدەرەوی دەسەڵات ناتوانێت رکابەری رژێم (یەکێتی و پارتی) بکات، رکابەری بەمانای ببێتە بەدیل بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، بەلانی کەم لەم دۆخ و زروفە. لەقۆناغی ئۆپۆزسیۆن بون تەنھا توانی کاریگەری لەسەر شەقام و ھۆشیاری تاک بکات، بەپێچەوانەوە کەمترین کاریگەری ھەبوو لەسەر گۆرانکاری کردن لەرا و بۆچونی حکومەت.
لەو ماوە کەمەی کەبەشداری کرد لەکابینەی ھەشتەم، بزوتنەوەکە ھیچ کارێکی نەکرد بۆ ھاوڵاتیان کەراستەھێڵی جیاکەرەوە بێت لەنێوان ئەدای کاری رژێم و بزوتنەوەکە (دیارە کەمی ماوەکە و قەیرانی دارایی و جەنگی داعش ھۆکاری سەرەکی بون).
ئەمجارە دەرفەتێکی دیکەیە کەبتوانێت بەدروستکردنی (٤ ساڵی ئارام) بەشێک لەبەرنامە سیاسیەکەی خۆی بەجێ بگەیەنێت. چونکە گۆران لەو باوەرەدایە ئەوەی بەرێکەوتن دەتوانێت بەپارتی بکات بەململانێی دەرەکی و شەقام ناتوانێت، باشترین نمونە گەرانەوەی دەستور بوو بۆ پەرلەمان لە ساڵی (٢٠١٥) بەرێکەوتنی پارتی - گۆران. ئەمە جگە لەوەی سایکۆلۆجیای جەماوەر لەئاستێکدایە دوبارە بون بەئۆپۆزسیۆن بەکاتکوشتن و چەلەحانێ و ئەزمونێکی دوبارە لێک دەدرێتەوە.
لەروکارە گشتیەکەشی گۆرانکاری کردن لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ھەموو ئەو ھۆکارانەی کەپەیوەستن بەدۆخی ناوخۆی پارتییەوە ئەگونجێت ھۆکار بێت بۆ پێکھێنانی کابینەیەکی جیاواز لەکابینەکانی رابردوو.



٧. چی وا دەکات رێکەوتنەکە شکست بھێنێت؟
کۆمەڵێک خاڵی جەوھەری ھەن کەپێشبینی دەکرێت رێکەوتنەکە شکست یان بەلایەنی کەم وەک ئەوەی دەخوازرێت سەرکەوتوو نەبێت، گرنگترینیان:-
- قەیرانی ئۆرگانی ناوخۆی گۆران.
- قەبوڵ نەکردنی رێکەوتنەکە لەلایەن بەشێکی دیاری جەماوەری گۆرانەوە.
- نەبونی پرۆژە و دیراسەی جدی لەسەر ھۆکارەکانی گەندەڵی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی.
- دیاری نەکردنی کەسانی شایستە بۆ ئەو بەرپرسیارێتیانەی کەوەری دەگرێت.
- ئەدای بزوتنەوەکە لەحکومەتی خۆجێی سلێمانی.
- دەگوترێت "ئەگەر پارتی نیازی چاکسازی ھەبێت ئەو شانازییە بۆ خۆی ھەڵدەگرێت نەک حیزبێکی دیکە".

٨. چاڵێک کەگۆران خۆی تێی کەوت
ئەو پرنسیپانەی کەبزوتنەوەی گۆرانی لەبەر دروستبوو ھەرچییەک بێت، دواجار بەم ئەنجامانە گەشت:-
- دان بوو بۆ ئەو ئاشی رقەی کەلەناوەندی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە برەوی پی دەدرێت، لەبری گۆرینی رق و بوغز بۆ ململانێ و کێبرکێی تەندروست.
- تەحریم و تەجریمی پەیوەندی و دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ رژێم لەبری پێکەوەژیان.
- برەودان بەجنێو لەبری رەخنە.
ھەر لەبەرئەوەیە کاتێک گۆران دەیەوێت پەیوەندی یان رێکەوتن لەگەڵ ھێزێکی سیاسی گرێبدات لەبری لێکدانەوە پاشان بریاردان راستەوخۆ دەکەویتە بەر رەخنە و تەشەری ئەندام و دەنگدەرانی، چونکە ئەندامەکانی وا پەروەردە کردوە کەئەو ھێزانە وێنەی شەیتانن لەسەر زەوی و ھەموو رێکەوتنێک لەگەڵیان دەچێتە خانەی شەیتانیبون، یان کاتێک سەرکردەیەکی بزوتنەوەکە لەبۆنەیەک دەستی سەرکردەی حیزبێکی دیکە دەگرێت یان بەدەم یەکەوە پێدەکەنن راستەوخۆ دەرگای دۆزەخی لەسەر دەکرێتەوە، بەکورتی و پوختی، کەرقت چاند رق دەدوریتەوە.


‌‌‌
2/27/2019 3:53:25 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ