هەواڵ

عەبدوڵای مەلا نوری: گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا


بزاڤـ: 

پەرلەمانتارێکی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنە لەبزوتنەوەکەی دەگرێت و پێیوایە گۆڕان لەم خولەی پەرلەماندا، گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا.

عەبدوڵای مەلا نوری، ھەڵسوڕاو پەرلەمانتاری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکیدا لە بزاڤـ بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندووە: لە ڕابردودا بە پلەی یەکەم یەکێتی بە لاوازی خۆی دەرفەتی تەواوی بۆ گەورەکردن و بەھێزکردنی پارتی لە زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتدا رەخساند،  ئاشکرای دەکات ئەو رۆڵەی جارانی یەکێتی لەئێستادا گۆڕان دەیگێڕێت. 

دەشڵێت: لەم خولەی پەرلەماندا، گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا".

نوسیشیەتی" لە قۆناغی ئێستادا ئەوە گۆڕانە پرۆژەو ھەیمەنەی پارتی و بنەماڵە لە ژێر ناونیشانی سیستمی پەرلەمانیدا بۆ پارتی درێژە پێدەدات.

دەقی وتارەکە:
پەرلەمان ماڵی یەکەمی پارتی!
عەبدوڵای مەلا نوری
لە رابردودا بە پلەی یەکەم یەکێتی بە پاشکۆیەتی و لاوازی خۆی دەرفەتی تەواوی بۆ گەورەکردن و بەھێزکردنی پارتی لە زۆربەی جومگەکانی حکومڕانی و دەسەڵاتدا رەخساند. 
لەم خولەی پەرلەماندا، گۆڕان درێژەی بە کارە کۆنەکەی یەکێتی بۆ پارتی دا.
بۆ پارتی جۆری سیستەم گرنگ نیە، بەڵکو دەسەڵات گرنگە. 
کام سیستم ھێزو دەسەڵات و سەقامگیری و ھاوسەنگی بۆ بنەماڵەی بارزانی و پاشان پارتی دەستەبەر بکات، ئەوە سیستمێکی دڵگیرو پەسەندە.
لە سەردەمێکدا کە پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەی رەھای نیە، ھەر لەم کاتەدا کە بەرژەوەندی بنەماڵەو حیزب وا دەخوازێت مەسعود بارزانی وەک تاکمەرجەع لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت، ئا لەم کاتەدا سیستمی سەرۆکایەتی دڵخوازی پارتیە. 
لەم قۆناغەدا لە پاڵ پارتیدا ئەو لایەنەی تر کە گۆڕوتین و ھێز دەبەخشێتە پرۆژەکەی پارتی یەکێتیە. یەکێتیە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بە دەسەڵاتێکی رەھاو پێگەیەکی بەھێزەوە بۆ مەسعود بارزانی دەشەرعێنێ، یەکێتیە کەمپینی ھەڵبژاردن بۆ بارزانی دەکات، یەکێتیە ویلایەتی مەسعود بەرزانی درێژ دەکاتەوە، یەکێتیە سەرچاوەی ھەمەڕەنگکردنی شەرعیەتدان بە پرۆژەکەی پارتی، کە لە مەسعود بارزانیەکی دەسەڵاتداردا خۆی دەبینێتەوە.
لەم قۆناغەدا راستە لە پاڵ مەسعود بارزانیدا نێچیرڤانی برازاش ھەیە، بەڵام نێچیرڤان جگە لە سێبەری مەسعود بارزانی ھیچی تر نیە. 
واتە بون و نەبونی نێچیرڤان بارزانی لە پرسە گرنگەکاندا جێی بایەخ نیە.
وەلێ لە قۆناغێکی تردا کاتێک ژمارەی کورسیەکانی پارتی لە پەرلەماندا ھەڵدەکشێ و، پێشتریش مەسعود بارزانی لە بەشداری دەسەڵاتە فەرمیەکان دور کەوتوەتەوەو، پێویستی و ھاوکێشەو ھاوسەنگی ھێز لە ناو پارتیدا گۆڕانی بە سەردا ھاتوە، لەم کاتەدا بەرژەوەندی پارتی و بنەماڵە وا دەخوازێت نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی پێکەوە وەک دوانەی دەسەڵاتدار بێنە پێشەوەو، پێکەوە کارەکەی مەسعود بارزانی تەواو بکەن. لەم قۆناغەدا ئەم دوانە ھیچیان سێبەری ئەوی تریان نیە، بەڵکو پێویستی بنەماڵە وا دەخوازێت لە ھەردوکیاندا پێگەو دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی بەرجەستە بکرێت.
ئیدی ئەم پێشھات و گۆڕانکاریە نوێیە پێویستی پارتی لە سیستمی سەرۆکایەتیەوە، لە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە دەگۆڕێت بۆ درۆی سیستمی پەرلەمانی و، درۆی لێکتێگەیشتن. کە لە بنچینەدا ئەمە نەک لێکتێگەیشتن نیە بەڵکو پرۆژەو تاکتیکی ئەم قۆناغەی پارتیە بۆ درێژەدان بە حاکمیەتی خۆی لە فۆرمێکی تردا.
لە قۆناغی یەکەمدا کە یەکێتی شەرعیەت بە دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی بارزانی و سەقامگیری پارتی دەدات، لە قۆناغی ئێستادا ئەوە گۆڕانە پرۆژەو ھەیمەنەی پارتی و بنەماڵە لە ژێر ناونیشانی سیستمی پەرلەمانیدا بۆ پارتی درێژە پێدەدات. 
ئەم شوێنگۆڕکێیەی یەکێتی بە گۆڕان جگە لە تاکتیک و گۆڕینی ئامرازەکانی درێژەدان بە حکومڕانی مۆدێلی پارتی لە ژێر ناوی جیاجیادا ھیچی تر نیە!
گۆڕان و پارتی لە رابردودا لە پرسە جەوھەریەکانی حکومڕانیەکی خەڵکسالاردا خاڵی ھاوبەشیان زۆر کەمبو.
بەڵام کاتێک خەونی گۆڕان لە پرۆژەی بەدیلی حکومڕانیەوە دەگۆڕێت بۆ خەونی شوێنگرتنەوەی یەکێتی و پاشکۆیەتی پارتی ، ئیدی ئەم پاشەکشێیەی گۆڕان ئۆتۆماتیکی یەکسانە بە رازیبون بە براگەورەیی و ھەیمەنەی پارتی، یەکسانە بە دروستبونی خاڵی ھاوبەش لە نێوان پارتی و گۆڕاندا، رازیبونە بە یاساو رێساکانی حکومڕانی بەوجۆرەی پارتی نەخشەی بۆ دەکێشێ.
بۆ گەیشتن بە شوێنەکەی یەکێتی ئاسانترین رێگا ئەوەیە، ئەوەی پێشتر یەکێتی بۆ پارتی دەکرد ئێستا گۆران بیکات.
پارتی کاتێک ھەست بەم پاشەکشەیە دەکات لە ھێزێکی رادیکاڵی وەک گۆراندا، بێگومان ئیدی چاوی لەوەیە گۆڕان بکات بە بەدیلی یەکێتی. 
چونکە بەمە جگە لەوەی لە ئاستی حکومرانیدا بۆشایی یەکێتی بۆ پارتی بە ھێزێکی تەڕو تازە پڕ دەکاتەوە، ھاوکات تەسلیم بونی ھێزێکی رادیکاڵ واتە بێھیواکردنی خەڵک، واتە کوشتنی روحی بەرانگاربونەوەو نەخێرکردن لە ناو ھاوڵاتیاندا.
لەوەھا دۆخێکدا بۆ پارتی چەندە تەسلیمبونی گۆران وەک حیزب بۆی گرنگە، ھێندەو زیاتریش کپبون و بێھیواکردنی خەڵکی ناڕازی و کوشتنی دەنگی زیندوی شەقام گرنگەو، سەقامگیری زیاتر بۆ حکومڕانیەکەی جوت ئامۆزا دەستەبەر دەکات.
بەشداری و بێدەنگی زۆرینەی فراکسیۆنەکان لە دانیشتنەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی بە قازانجی پارتی، ئاماژەیەکی رونن بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە حکومڕانی ڕەھای ئەو حیزبە.
بەڵام تەمەنی ئەم دۆخە نوێیە چەند درێژ دەبێت، ئەمە پرسێکی ترەو پێموانیە زۆر بڕ بکات.
۲٦/۲/۲٠۱۹


‌‌‌
2/26/2019 10:59:19 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ