هەواڵ

عەبدولمەهدى بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت


بزاڤــــ:

مەنسور بعێجى پەرلەمانتارى هاوپەیمانێتى "بینا" ى شیعەکان، رایگەیاند سەرەتاى وەرزى نوێى یاسادانان لەبارەى هەڵوێستى حکومەت لە هێزەکانى ئەمەریکا میوانداریی عادل عەبدولمەهدى دەکرێت لەپەرلەمان.

لەمیانەى بەیاننامەیەکدا کە پێنج شەممە ٢١ شوبات ٢٠١٩ بڵاویکردووەتەوە مەنسور بعێجى سەرکردەی لە دەوڵەتى یاسا ئاماژەی بەوەکردووە، هاوپەیمانێتى بینا لەگەڵ هەندێ لیستی دیکە دژ بەمانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەسەر خاکى عێراق میوانداریی سەرۆک وەزیرانى عێراق عادل عەبدولمەهدى دەکەن لەبارەى هەڵوێستى حکومەتەکەى لەمانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەوڵات. 

ڕوونیشیکردووەتەوە، دەبێت عەبدولمەهدى ئەوە یەکلایی بکاتەوە ئاخۆ ئەو داواى مانەوەى ئەمەریکاییەکانى کردووە یان نا، بەتایبەت پاش ئەوەى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا رایانگەیاند لەسەر داواى حکومەتى عێراق هێزەکانیان لێرەن و چوونە دەرەوەیان بەداواى حکومەت دەبێت.

ناوبراو جەختى لەوەش کردۆتەوە کە حکومەت دەبێت رەتکردنەوەى ئەوان بۆ مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەبەرچاو بگرێت و جێبەجێى بکات و بیگەیەنێت بەئەمەریکییەکان بۆ ئەوەى بەخێرایی و بەبێ مەرج بچنە دەرەوە لەعێراق.

هەروەها دەڵێت "ئەگەر حکومەت بێتوانایە لە دەرکردنى سوپاى ئەمەریکا، ئەوە ئێمە هەڵوێستێکیترمان دەبێت و هەموو رێککارێک دەگرینە بەر بۆ کۆتاییهێنان بەمانەوەى ئەو هێزانە لەعێراق".

بەپێى راگەیەنراوە فەرمییەکانى حکومەتى عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانى عێراق و ئەمەریکا ژمارەى سەربازانى ئەمەریکا لەعێراق پێنج هەزار کەسن کە لەشێوەى تیمى راوێژکاریدا لەسەروبەندى شەڕى داعش هاتونەتە ناو وڵات، بەڵام هەندێ ئاماریتر بە ٨ _١٠ کەس دەیانخەمڵێنن بەتایبەت پاش کشانەوەیان لەسوریاوە بەرەو بنکەکانیان لەعێراق، ئەمەش جێگەى ناڕەزایی و رەتکردنەوەى هێزو لیستە شیعەکانى فەتح و سائیرون و پێکهاتەکانى هاوپەیمانێتى بیناى شیعەکانە.


‌‌‌
2/21/2019 12:40:14 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ