راپۆرت

مەرامەکانی پشت پڕۆتۆکۆڵی ١٧ی شوبات چین؟



کارۆخ عوسمان

دیاریکردنی ڕۆژی ١٧ی شوبات بۆ واژۆکردنی پڕۆتۆکۆڵی سیاسی نێوان پارتی دیموکڕاتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەمەڕ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لەسەر فەرمانی پارتی بووە، بزوتنەوەی گۆڕانیش فەرمانەکەی بەجێگەیاندو بەبێ سەرنجدان لەکاردانەوەی خەڵک ١٧ی شوباتی کردە ڕۆژی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ شەراکەت لەحکومەتی موچەخۆری موچەزۆردا.

پارتی سێ ئامانج دەپێکێ لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە:
١-تا لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان توڕەتر بکات لەگۆڕان و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بدەنە بەر ڕەخنەی توندو تیری تیژبڕی لێبدەن.
٢-پارتی دەیەوێ بەخەڵکی ناڕازی کوردستان بڵێ، لەم ڕۆژەی کەئێوە بەپیرۆزی دەزانن ئۆپۆزسیۆنەکەتان پەلکێشی ژێر ڕکێفی خۆم دەکەم و ئێوەش ھەڵپەڕن.
٣-بەھۆی ئەو پڕۆتۆکۆڵەوە ئاراستەی توڕەیی یادکەرەوانی ئەم ڕۆژە لەلای خۆی دەگۆڕێت و بەرەو ڕووی گۆڕانی دەسوڕێنێت.




بزوتنەوەی گۆڕانیش چوار مەبەستی ھەیە لەقایل بوون بەدیاریکردنی ئەو ڕۆژە:
١-تا دڵسۆزی خۆی بەرامبەر بەفەرمانەکانی پارتی دیموکڕاتی کوردستان تەئکید بکات.
٢-تا بەخەڵکیش بڵێت؛ ئێمە حزبێکین دەمانەوێ ببینە شەریکە بەشی سامانی ھەرێم، ئیتر مەبدەئی گۆڕانکاری ڕیشەیی و پڕۆژەی حکومەتی ھاوڵاتیمان نەماوە.
٣-تا بۆ ھەموانیش بسەلمێنێت کەھیچیتر قودڕەتی ڕکابەری سیاسەتی چەوتی دەستەڵاتدارێتی ھەرێمی کوردستانی نیە.
٤-تا (تاقمە داسەپاوەکەی گردی زەرگەتە) بەلایەنگرانی بڵێت؛ فەرمانەکەی پارتی بەلای ئێمەوە لەئێوە گرنگترە.

ڕەنگە سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لافی ئەوە لێبدەن کە:
١-دوای پێکھێنانی حکومەت موچەی فەرمانبەران وەک پێش سیناریۆی قەیرانی دارایی لێ دێتەوە.
٢-پارە دێتەوە بازاڕو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەکەونەوە گەڕ.
٣-ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرقەرار دەبێتەوە.
٤-پەیوەندی نێوان ھەولێرو بەغداد ئاسایی دەبێتەوە.
٥-ڕکابەرایەتی نێوان دەستەڵات و خەڵک نامێنێت.
٦-گەندەڵی لەحکومەتدا کەم دەبێتەوە.



ئەگەر ئەو لافلێدانە بەدەستکەوت بناسێنن خۆ پێش دروستبوونی گۆڕان موچەو خزمەتگوزاری لەئاستێکی زۆرباشدابوون و پەیوەندی ئیقلیمیەکانیش گرفتی نەبوو، بەڵام گۆڕان داوای بەنیشتیمانیکردنی دەکردن نەک زیادکردنیان.
بۆ پرسی گەندەڵیش ئەوەتا گۆڕان گەندەڵترینەکان دەنێریتە حکومەت و دەیانکاتە شەریکی ھەرە گەندەڵ و داسەپاوەکانی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، بەپێی دەرئەنجام کاندیدەکانی گۆڕان بۆناو حکومەتیش بەخواستی پارتی بووەو بۆئەوەیە کە بەپارە چاوبەست بکرێن لەئاست گەندەڵیەکانی پارتیدا.
١٧ی شوببات ڕۆژێکە بەلای خەڵکی ناڕازی کوردستان گرنگیەکی زۆری ھەیە، ھەرچەندە سەرنجمان ھەیە لەسەری بەڵام ئەو ڕۆژە خوێنی خەڵکی بێتاوانی تێدا ڕژێنرا، ئەو ڕۆژەش لەئەنجامی خیتابی گرژی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر بەدەستەڵاتدارێتی کوردستان ھاتەگۆڕێ.
بەر لەپەیدابوونی گۆڕان لەمجۆرە بەرھەڵستیکردنەی حکومەت وجودی نەبوو، بەڵکو بەھۆی گۆڕانەوە خەڵک جورئەتی بەرەنگاری دەستەڵاتی دایەبەر خۆی و پێی وابوو پێشەوایەتی دەکات، ھەروەھا خودی (نەوشیروان مستەفا) ئومێدێکی گرنگ و داینەمۆی ئەو جورئەتەی خەڵک بوو، خەڵکی پێی وابوو کە گۆڕان خاوەندارێتی لەشەقامی ناڕازی دەکات، بەڵام لەسەردەمی نەوشیروان مستەفاشدا بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژێک خاوەندارێتی لەجوڵەی جادەو دەنگی ھەڵبڕاوی کۆمەڵگە نەکرد.
بەھیچ جۆرێک پێشەوایەتی نەگرتە ئەستۆ، وەک ھەر حزبێکیتر بەیاننامەی بەحەق زانین و پشتیوانی بڵاوکردەوەو بەس، زۆرجاران تەنانەت (یەکێتی و پارتی)یش بە(لەفز) پشتیوانیان لەناڕەزایەتیەکانی خەڵک کردووە، کەواتە خەڵکی ناڕازی کوردستان پێشەنگ و سەرکردایەتیەکی دڵسۆزی دەوێ نەک پشتیوانی سەرکاغەز.



ئەوانەی بەشداری خۆپیشاندانی ١٧ی شوبباتیان کرد ھەر ئەوانیش بوون بۆ ماوەی ١٠ ساڵی ڕەبەقە پشتیوان و ھەواداری گۆڕانن و مەعدەنی ئینسانی ئەو بزوتنەوەیەن، لەگشت ھەلومەرج و قۆناغێکدا سەرسەختانە بەرگریان لەگۆڕان کردووە، کەچی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕازیکردنی پارتی و تەئکیدکردنی مسرور بارزانی لەدڵسۆزی سەرانی گردەکە فەرمانەکەی پارتیان بەجێگەیاند و لەڕۆژی ١٧ی شوبباتدا ئیمزایان لەسەر کابینەی مسرور بارزانی کرد.
ئەگەر ھیچیان لەبەرچاو نەبوایە، دەبوا ڕێزی خانەوادەی ئەو شەھیدانە بگرن کە بەگوللەی چەکدارە تەقەکەرەکانی بارەگا حزبیەکانی پارتی کوژران، بەتایبەت (مام زاھید)ی بەساڵاچووی باوکی شەھید سورکێو کە شاربەشارو کۆڵان بەکۆڵان لەپێناو سەرخستنی لیستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەم نەخۆشیەوە دەگەڕاو ھاواری لەخەڵک دەکرد دەنگ بەگۆڕان بدەن.
دەبوا ڕێزی خاتو (ڕێزان گەرمیانی) دایکی شەھید گەرمیانی تەمەن شەش ساڵانیان گرتبایە کەگشت ڕۆژەکانی تەمەنی لەماوەی ئەم ١٠ ساڵە لەپێناو گۆڕاندا بەسەربرد.
ئەمڕۆ ناحەقیەکی گەورەتر لەناحەقی بەشداریکردنی ئەم کابینە تەزویرە کرا.
گۆڕان لەدوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا ڕۆژبەڕۆژ پرەنسیپە حزبیەکان بن پێ دەخات، لەگەڵیشیدا سات بەسات لاداوتر دەبێ لەبنەماکانی ئەخلاقی سیاسی و ھەرچی ڕێزو حورمەتی کۆمەڵانی خەڵکە بەلایەوە بێ ئەرزشە.
١٤٠ ڕۆژە پارتی پێکھێنانی حکومەت دوادەخات بەڵام گۆڕان نەیتوانی ئیمزاکرنەکەی تەنھا یەک ڕۆژیش دوابخات یان پێشبخات، ئەوە دەلیلی مەلموسی دەستەمۆبوونی تەواوەتی سەرانی ئێستای گۆڕانە بە پارتی و مسرور بارزانی.
خۆ ئەگەر سەرۆکی حکومەتیش بدرێت بەگۆڕان ھەر فەرمانبەرێکی گوێ لەمستەو لەموچە وەرگرتن زیاتر یەک زەڕڕە سوڵتەی نابێت، بۆیە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لافی وەرگرتی ١٢٪‏ی پشکەکانی حکومەت لێبدات دیسان بەشێکە لەو بێڕێزیانەی کەماوەی ١٤٠ ڕۆژە بەرامبەر بەخەڵک و ھەڵسوڕاوەکانی دەیکات.
کەواتە ھەموان بابزانن کە گۆڕان تەواوی خەڵکی ناڕازی و پڕۆژە ئەساسەکەی لەبەرامبەر پۆستە مۆچە زۆرەکاندا گۆڕیەوە.
ئەو ئەتوارەی دەستڕۆیشتووەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکاری بەرامبەر بە شعورو احساسی خاوەن قوربانیەکانی ١٧ی شوبات.


‌‌‌
2/17/2019 8:23:26 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ