هەواڵ

ئەمڕۆ جڤاتی گشتی و نیشتیمانی گۆڕان لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە


بزاڤـــ:

ئێوارەی ئەمڕۆ جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوو کاتی جیاوازدا  لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە.

ئەندامێكی جڤاتی گشتی گۆڕان  کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە جیا  و لە دوو کاتی جیاوازدا لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە  لەشاری سلێمانی کۆدەبنەوە  و گفتوگۆی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی دەکەن .

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت دوێنێ شەممە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوە گۆڕان لە دوای کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕێککەوتنی سیاسی نێوان هەردوولای تێدا پەسەند کراوە، کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ڕوداوەکانی حەڤدەی شوباتدا.

لە کۆبوونەوەکەدا پارتی و گۆڕان لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتوون، لەوانە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان پەسەند کرا و لە کۆبوونەوەی ١٨ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستاندا هەردوو فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان بەشدار دەبن.

لە خاڵێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەدوولادا ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەت گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە، لە خاڵی کۆتایشدا ئاماژە بەوە کراوە ڕێککەوتنەکە دەخرێتەوە بەردەستی سەرکردایەتی هەردوولا بۆ پەسەندکردنی.

ئەو ڕێککەوتنەی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابروودا لە چەند بەدواداچوونێکی ئێن ئاڕتیدا ئاماژە بەوە کرابوو کە پارتی بە مەبەست ڕێککەوتنەکەی نێوان خۆی و بزوتنەوەی گۆڕانی خستووەتە ئەم تەوقیتەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ڕوداوەکانی حەڤدەی شوباتدا.


‌‌‌
2/17/2019 1:47:42 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ