هەواڵ

لە چەمچەماڵ كچێك دوای چەندینجار وەستانی دڵی، لە مردن رزگار دەكرێت


بزاڤـــ:

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە،  پزیشكەكانی چەمچەماڵ فریای نەخۆشێك دەكەون و پاش هەوڵ و ماندوبونێكی زۆر، ژیانی لە مردن رزگار دەكەن.

بەگوێرەی بڵاوكراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ، دوای ئەوەی نەخۆشێك باری تەندوستی تێكدەچێت و بەپەلە دەگەیەنرێتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید پێشڕەو، دەستبەجێ و پاش ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەكی قورس لەلایەن پزیشكەكانەوە، ژیانی لە مردن رزگار كراوە.

د.سەعدون عومەر پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی لەسەر حاڵەتەكە و چۆنێتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە وتویەتی "كاتێك نەخۆشەكەمان بینی، كە كچێكی تەمەن  19 ساڵ بوو، تەندروستی زۆر خراپ بوو، لە هۆش خۆی چوبوو، بەهۆی تەقین و كونبونی بەشێكی گەدەیەوە (برینی گەدە) و بڵاوبونەوەی بڕی 2 لیتر لە خۆراك و زەرداو لەناو سكیدا، پێویست بوو دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ ئەنجامبدرێت و لەبەرئەوەی حاڵەتەكەشی زۆر هەستیار بوو، ژیانی نەخۆشەكە لەمەترسیدابوو، بەهیچ شێوەیەك نەدەكرا رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكرێت، چونكە لەوانەبوو گیان لەدەستبدات، بۆیە بە رەزامەندی كەسوكاری و پزیشكی بێهۆشكار و بەئامادەبوونی پزیشكی ژنان و منداڵبوون، دوای زیاتر لە 2 كاتژمێر لە نەشتەرگەری توانرا ئەو بارودۆخە تێپەڕێنێت".

ئەوەشی وتوە " هەرچەندە بەهۆی خراپی و قورسی دۆخی نەخۆشەكە چەندجارێك لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا دڵی لەلێدان كەوت و لەلایەن پزیشكی بێهۆشكارییەوە بوژانەوەی دڵی بۆكرا، بەڵام دواتر خۆشبەختانە دوای هەوڵ و ماندوبونێكی زۆر لە مردن رزگاركرا".


‌‌‌
2/16/2019 1:00:55 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ