هەواڵ

لە پارێزگای سلێمانی نیو ملیۆن ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە


بزاڤــــ:

بەپێی دواین ئامار لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی تاکو ئێستا ٥٢٤ هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.

کاروان سدیق هەڵگری بڕوانامەی ماستەر کە هاوکات وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانیشە، لە پۆستێکدا لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرایکرد، بەپێی دواین ئاماری ساڵی ٢٠١٨، ٥٢٤ هەزار و ٥٤ ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی تۆمارکراون.

دەشڵێت، ٥٩٩ هەزار و ٧٨٧ کەس مۆڵەتی شۆفێرییان وەرگرتووە.

کاروان سدیق وەک کەسێکی ئاسایی رەخنەی لە راپرسییەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گرتووە کە دەربارەی پلانی گۆڕینی چەند شەقامێکی سلێمانی کراوە و رایگەیاند، ئەم راپرسییە زانستیی نییە و بنەما زانستییەکانی راپرسیی تێدا بەکارنەهێنراوە.

لە درێژەی رەخنەکەیدا کاروان سدیق دەنووسێت، "لانی کەم کۆمەڵگەی توێژینەوە بریتیە لە (٥٠٠،٠٠٠) کەس کەخۆی لە راستیدا لەم ژمارەیەش زیاترە. شێوازی زانستی نموونەی توێژینەوە(عینە) دەبێت رێژەی لە (١٠%)ی ئەو کۆمەڵگەیە وەربگرین، واتە پێویستە بۆ کۆمەڵگەیەک کەژمارەیان (٥٠٠،٠٠٠) کەس بێت دەبێت نموونەی توێژینەوە(عینە)کە (٥٠،٠٠٠) فۆڕم دابەش بکەین. ئەگەر توێژەر ویستی بگات بەئەنجامێکی خێرا لە(١%)ی کۆمەڵگەی توێژینەوەکەی وەرگرت دەبێت (٥٠٠) فۆڕم دابەش بکات و ئەو ژمارە فۆڕمە وەربگرێتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات.

کاروان سدیق بەم جۆرە رەخنەی لە ئەنجامی راپرسییەکە گرت و رایگەیاند، وەرگرتنەوەی ژمارەی ٥١ فۆڕم بەمەستی راپرسی گۆڕینی ئاڕاستەی شەقامەکانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی، هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و ناکرێت و نابێت پشت بەو ئەنجامە ببەستیت و وەک راپرسی هەژمار بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، پێشتر رایگەیاندبوو لە رۆژی( ١ی شوباتی ٢٠١٩) ئاراستەی هەندێك لە شەقامەکانی سلێمانی  گۆڕانکاری بەسەر دێت، دواتریش لە ڕێگای دانانی فلێکس لەسەر شەقامەکان شۆفێران ئاگادار کرانەوە بۆ گۆڕانکاری لە شەقامەکاندا.


‌‌‌
2/7/2019 12:30:34 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ