هەواڵ

پۆلیسی ھەولێر دەستگیرکردنی چەند بکوژ و تۆمەتبارێک ڕادەگەیەنێت


بزاڤـ: ئومێد بابان

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە لە چەند تاوانێکی جۆراوجۆرەوە تێوە گلاون و ھەندێک لەو تۆمەتبارانە دوای ئاشکرابوونی تۆمەتەکەیان، خۆیان ڕادەستی پۆلیسی ھەولێر کردووە.

لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان، بە میدیاکانی راگەیاند: "مەفرەزەکانمان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین تۆمەتباریان دەستگیر کردووە، کە چەند تاوانێکیان لە ھەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە و ئێستاش دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

لیوا عەبدولخالق ڕوونیشی کردەوە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا بەشێک لەو تۆمەتبارانە خۆیان ڕادەستی پۆلیسی ھەولێر کردووە.

تەڵعەت، خەڵکی شاری ھەولێر دڵنیا دەکاتەوە: "ھەرچەندی رێگریمان لێ بکرێت و بەربەستمان بۆ دروست بکرێت، ئێمە لە کاری خۆمان بەردەوام دەبین و ئەمنییەتی ئەو شارە ھەموو کات لە ئەستۆی ئێمەیە و شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک و لە پاراستنی بەردەوام دەبین".

پۆلیسی ھەولێر، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، ناسنامەی بکوژان، سەرپێچیکاران و تەقەکەرەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەخاتە بەر دیدی ھاووڵاتیان و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکاتەوە.

"بە داخەوە بەشێک لە میدیاکان ھەندێک جار ھەواڵی چەواشەکارانە و دوور لە پرەنسیپی کاری ڕۆژنامەوانی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام بوێری و شەونخوونی، ماندووبوون و چالاکیی ھێزەکانی پۆلیسی ھەولێر، وەڵامێکە بۆ ئەوانەی دژی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان قسەی بێبنەما دەکەن". ئەمە قسەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بوو.


‌‌‌
2/7/2019 7:45:53 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ