هەواڵ

قوباد تاڵەبانی وەڵامی فازڵ میرانی دەداتەوە


بزاڤـــ:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی لەبارەی دیدارێكی فازڵ میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكردۆتەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك بۆچوون و قسەو باسی لەسەر ئێمە خستۆتەڕوو. لەگەڵ رێزماندا بۆ كاك فازڵ میرانی، ئەم ڕوونكردنەوەیەمان بەپێویست زانی:
بەندە كەسێكی كوردستانیم و كوڕی رابەرو دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مام جەلال تاڵەبانیم ‌و نیوەم هی هیچ حزبێكی تر نییە و موڵكی كەسیتر نیم، تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیم‌و هەرگیز نە پارتی بووم‌و نە دەبم.

 ئەو هاوئاهەنگی و پەیوەندییە باشەشی لەگەڵ هەڤاڵانی پارتیدا هەمبوە لە چوار ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزی بووە بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و برەودان بە كاری پێكەوەیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و تێپەڕاندنی گرژییەكانی رابردوو، بۆیە هیچ شیاو نییە خراپ كەڵكی لێوەربگیرێت و بەلاڕێدا ببرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئامانجی تر بەكاربهێنرێت.

من شەرەفی ئەوەم پێبڕدرا سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی بم لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان، هەر پۆست و پلەو پایەیەكیش وەربگرم لەقۆناغی داهاتوودا لەسەر داواو پێشنیارو بڕیاری تەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت نەك هێچ كەس‌و لایەنێكی تر.

هیچ كات لەناو یەكێتی كێشە لەسەر پۆست و پێگەی داهاتوی "قوباد تاڵەبانی" نەبووەو نییە، ئەگەر هەر گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوەیەكیش لەسەر شێوازی بەشداریكردنی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هەبێت، بابەتێكی ناوخۆیی حزبییەو هیچ بوارێكی تێدا نییە بۆ ئەوەی لایەنیتر قسەی تێدا بكەن و ئەو بابەتانە لەچوارچێوەی سەركردایەتی و بنكەی جەماوەریی یەكێتی یەكلایی دەكرێنەوەو بڕیاری پێویستیان لەبارەیەوە وەردەگیرێت وەك چۆن لەپێشتریش هەر وا كراوە. 


‌‌‌
1/28/2019 1:04:20 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ