هەواڵ

تاهیر عەبدوڵڵا: هیچ گرنتییەك نییە بۆ دوبارەنەبونەوەی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی


بزاڤـــ:

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی لەگەڵ توركیا راگەیاند و زیانەكانی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانیش خرانەڕو. 

ئەمڕو 26-1-2019 لە پرێس كونفرانسێكدا، تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، پاش 16 مانگ لە ریفراندۆمی كوردستان و گەمارۆی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عیراق و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن حكومەتی توركیاوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ  یەكەمین فڕۆكەی توركیش ئایرلاینز گەیشتە فڕۆكەخانەكە و گەڕایەوە.

وتیشی "لێرەوە سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانە دەكەین، كە هاوكاربون بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكەمان وەكو د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لاهور شێخ جەنگی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە كۆتا هەوڵی د.بەرهم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراقیش پاش گەڕانەوەی لە توركیا بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی درا".

هەروەها جەختیكردەوە، كە پێویستە دەزگا و فڕۆكەخانەكان وەك كارتی فشار بۆ ساغكردنەوەی ململانێی وڵاتان بەكارنەهێنرێت و وتی "فڕۆكەخانەكان بۆ نزیككردنەوەی گەلانە نەك بۆ دورخستنەوەیان، بۆیە داواكارم سەرجەم وڵاتان هاوكاربن بۆ ئاساییبونەوەی گەشتە ئاسمانییەكان تا هاووڵاتیان زەرەرمەند نەبن".

لەوەڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەواش سەبارەت بە گرنتی دوبارەنەبونەوەی ئەو حاڵەتانە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وتی "هیچ گرنتییەك نییە و هەمیشە شوێنە گشتییەكان بۆ ململانێی سیاسی بەكاردەهێنرێن".

 ئاماژەی بەوەشدا، پاش توركیا هێڵی جێرمەنیای ئەڵمانی لە 11ی مانگی داهاتودا  گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێدەكاتەوە.

ئەوەشی وەبیرهێنانەیەوە، كە فڕۆكەخانەكەیان پاش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن حكومەتی عیراقەوە داخرا و  زیانەكانی لە ساڵی 2018دا زیاتر بو لە پێنج ملیۆن دۆلار جگە لە خەرجی فڕۆكەخانەكە.


‌‌‌
1/26/2019 1:26:22 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ