هەواڵ

یەکێتی: داوای شەراکەتی راستەقینە لە بواری نەوت و جوڵاندنی هێز و دۆسیەی ئەمنیدا دەکەین


بزاڤـــ:

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، حزبەکەی داوای شەراکەتی راستەقینە لە بواری نەوت و جوڵاندنی هێز و دۆسیەی ئەمنیدا دەکات.

دوابەدوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند،  لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێکراوە و جەختیش لەوەکراوەتەوە کە دەبێت یەکێتی لایەنگری لە حکومەتێکی بەهێز لە هەرێم بکات، بۆئەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی هەبێت و  بتوانێت کێشەی هاوڵاتییان چارەسەر بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت مۆنۆپۆلکردنی سێکتەرەکانی نەوت و هێز و دۆسیەی ئەمنیی لەلایەن لایەنێکەوە نەمێنێت و یەکێتی داوای شەراکەتی راستەقینە لەو بوارانەدا دەکات.

 وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، کۆبوونەوەی سێ قۆڵیمان قبوڵە بەڵام پێدەچێت پێش ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان ئەو لایەنانەدا ئەنجامبدرێت.

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، "پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئاسایی بکەینەوە و ناکرێت لە بەغدا لە سەنگەردابین دژی یەکتری و لێرەش زەماوەند بکەین".

پێشتر فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندبوو، "بڕیارە لەم ھەفتەیەدا سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لە نێوان پارتی و یەكێتیی و گۆڕان بەڕێوەبچێت".

ئەمڕۆ ١١٨ رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕدەبێت و لەو ماوەیەشدا پارتی و یەکێتی و گۆڕان چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵیان کردووە  بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵام تا ئێستا سەبارەت بەو پرسە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.


‌‌‌
1/26/2019 1:14:07 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ