هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆ رێنماییەکی تایبەت بە ھەڵگرتنی چەک دەردەکات


بزاڤـ: 

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بەوە کراوە، کە بە لەبەرچاوگرتنی یاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی ١٩٩٣دا دەرکراوە و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە، بڕیاریان داوە ھەمواری رێنماییەک بکەنەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەریانکردووە.

ئەوە خراوەتە روو، بۆ پێدانی مۆڵەتی چەک ھەڵگرتن، بۆ یەکەمین جار بڕی ١٠٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت، ھەروەھا بە مەبەستی تازەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە بڕی ٦٠ ھەزار دینار وەردەگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردووەتەوە، لە کاتی بەسەرچوونی ماوەی ریپێدراوی کارپێکردنی ناسنامەی چەکھەڵگرتن، دەبێت لە ماوەی ٩٠ رۆژدا داواکاریی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت پێشکەش بکات، تێیدا ھاتووە: "ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکاریی پێشکەش نەکا، راستەوخۆ بۆ ھەر رۆژێک دواکەوتن بڕی ٣ ھەزار دینار لە خاوەنی مۆڵەتەکە وەردەگیرێت، وەکوو سزای دواکەوتن".

ئەوەش ئاشکرا کراوە: "ھەر کەسێک لە ماوەی ٦٠ رۆژدا داواکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک پێشکەش نەکات، ئەوە مۆڵەتەکەی ھەڵدەوەشێندرێتەوە و مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەکی پێ نادرێت".

بەپێی زانیارییەکان، ئەو مۆڵەتەی کە دەدرێت، تەنیا دەمانچە دەگرێتەوە، بۆ یەک ساڵ دەبێت و ساڵانەش دەبێت نوێ بکرێتەوە، وێڕای ئەوەی کە مۆڵەتی چەکی (کلاشینکۆف) تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە و پارێزگا و ئیدارەکان ناتوانن ئەو مۆڵەتە بدەن.

بەپێی یاسا، مۆڵەتی چەک لە ئیدارەی پارێزگاکان دەدرێت، ئەویش بەپێی کۆمەڵە مەرجێک و ھەبوونی رەزامەندیی پارێزگار و و پۆلیس و ئاسایش و بەڵگەی تاوان.


‌‌‌
1/22/2019 9:10:20 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ