هەواڵ

مەسەدە داوا لە حکومەتی سوریا دەکات گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە


بزاڤــــ:

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوا دەکات، حکومەتی سوریا ئامادەیی بۆ گفتوگۆکردن بکات بە کردار و دانوستانەکانیان دەستپێبکەنەوە.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا بە بێ مەرجی پێشوەختە کەوتبوونە دانوستان، بەڵام بەهۆی نەگۆڕینی هەڵوێستی دیمەشق سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، دانوستانەکان ڕاگیران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانیان لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ مۆسکۆ، پەیامێک بوو کە متمانەیان بە چارەسەری سیاسی هەیە و دەیانەوێت، بەو ئاراستەیە بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا، لەو چوارچێوەیەشدا نەخشە ڕێگایەکیان ئامادەکردووە.

سەبارەت بە پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختیکردەوە، کە دەبێت ئەو ناوچەیە لە ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتیی و هێزی نێودەوڵەتیدا بێت.

چەند رۆژ پێش ئێستا هێزە کوردییەکانی سوریا نەخشەڕێگایەکیان پێشکەش بە لایەنی ڕووسی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، لە نەخشەڕێگاکە داوایان لە حکومەتی سوریا کرد، دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتەدا بنێت.


‌‌‌
1/22/2019 1:42:08 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ