هەواڵ

هێشتا ئه‌مریكا ده‌ستبه‌رداری كه‌یسى كوشتنى جه‌مال خاشقچى نه‌بوه‌


بزاڤـــ:

ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى كۆنگرێسى ئه‌مریكا پرۆژه‌ یاسایه‌كیان بۆ وه‌ستاندنى سه‌رجه‌م هاوكاریه‌ ئه‌منیه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سعودیه‌ پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ كوشتنى جه‌مال خاشقچى رۆژنامه‌نوسى سعودى.

جه‌یمس ماكگوفیرن ئه‌ندامى كۆنگرێسى ئه‌مریكا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكردۆته‌وه‌، 20 ئه‌ندامى كۆنگرێس پشتگیرى پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن و نوسیویشیه‌تى "سعودیه‌ به‌خوێن ساردییه‌وه‌ جه‌مال خاشقچى كوشت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، به‌كارهێنانى ناوه‌ندێكى دیپلۆماسى وه‌ك ژوورى ئه‌شكه‌نجه‌دان، ته‌نها سوكایه‌تیكردن به‌یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو سوكایه‌تیكردنه‌ به‌ڕه‌وشته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤ. ده‌شڵێت "جێى داخه‌ دۆناڵد ترامپی سه‌رۆك هیچ رێوشوێنێكى راسته‌قینه‌ى بۆ به‌رگریكردن له‌ به‌هاكانمان نه‌گرته‌به‌ر و لێپرسینه‌وه‌ى له‌ سعودیه‌ نه‌كرد".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆنگرێس رونیشیكردۆته‌وه‌، ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مریكا سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌كانى فرۆشتنى چه‌ك و هاوكاریه‌ ئه‌منیه‌كان له‌گه‌ڵ سعودیه‌ رابگرێت. وتوشیه‌تی "به‌ها دیموكراتیه‌كان له‌ مه‌ترسیدان، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێین و كارێكى راست بكه‌ین".


‌‌‌
1/19/2019 10:54:01 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ