هەواڵ

یه‌كێتى ده‌نگۆى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى ره‌تده‌كاته‌وه‌


بزاڤــــ:

یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دانانى كاندیدێك بۆ وه‌زاره‌تى دادى عیراق كردبێت و رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ رێككه‌وتنێكی له‌و جۆره‌ بوونى نییه‌.

فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردۆته‌وه‌ و تێیدا هاتوه‌ "له‌ چه‌ند لایه‌ك و ئاژانسێكی هه‌واڵه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر كاندیدێكی بێ لایه‌ن بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی داد له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی رێككه‌وتون، به‌ڵام بۆ هه‌موولایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین ئه‌و هه‌واڵه‌ سه‌رله‌به‌ری ناڕاسته‌ و سه‌رچاوه‌كه‌ی چه‌واشه‌كاره‌ و له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی له‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ و نییه‌".

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ته‌ئكیدیشكراوه‌ته‌وه‌،  یه‌كێتی ئه‌و پۆسته‌ به‌مافی ته‌واوی خۆی ده‌زانێت و سوره‌ له‌سه‌ر داكۆكیكردن له‌و مافه‌.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی كوردی به‌ رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسگ"ی له‌نده‌نی وتبو "هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان، پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكی گونجاو له‌باره‌ی پۆستی وه‌زیری داد له‌ حكومه‌تی فیدراڵی، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردودا خاڵی ناكۆكی نێوانیان بوو".

هه‌روه‌ك ئاشكرایكردبو "رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌، كه‌ كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد كاندید بكرێت، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵكی سلێمانی یاخود كه‌ركوك بێت".


‌‌‌
1/19/2019 10:51:08 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ