هەواڵ

برایەکی مامەڕیشە: یادی ۳٤ ساڵەی شەهید مامەڕیشە ناکەینەوە


بزاڤــ:

‌محەمەد شکور برای مامەڕیشە رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ یادی ٣٤ ساڵەی شەهید مامەڕیشە ناکەنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەتدا محەمەد شکور راگەیاند، "داوا لەبەرپرسانی یەکێتی دەکەم بەهیچ شێوەیەک یادی شەهید مامەڕیشە نەکەنەوە، ئێمە وەک خانەوادەکەمان بەشداری هیچ یاد و ساڵڕۆژی ناکەین چونکە هەندێک بەرپرسی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی خەریکی دژایەتیکردنی مامەڕیشەن، لەناو گۆڕەکەشدا وەک کاتی خۆی چۆن خەریکی پیلانگێڕی و مەفرەزەیان دروست دەکرد له دژى و له دواوه تەقەيان لێ کردووە، ئێستاش خەریکی دژايەتى کردنین، چونكه ناگەن بەتۆزی سەر گۆڕەکەی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک بەرپرسی یەکێتی ئێستاش لە ناو گۆڕەکەدا لەناوی پیرۆزی مامەڕیشە بەعس ئاسا زەندەقیان چووە لەناوهێنان و بەسەرکردنەوە و یادکردنەوەی هەموو ئەو چالاکیە گیانبازی و قارەمانیەی تۆماری کردووە".

ئاشکراشیکرد، "بەرپرسێک لەیادی ۳۲ ساڵەی مامەڕیشە و هاوڕێکانی داوای لە قائیمقامی پێشوی چەمچەماڵ کردبوو واز لە یادکردنەوەی بێنن بۆیە لێرەدا دەمەوێت بەهەموو خۆشەویستان و دڵسۆزانی مامەڕیشە بڵێم، مامەڕیشە موڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانە، لێرەوە دوپاتیدەکەینەوە بە تەنها موڵکی یەکێتی نیشتمانی نییە و هەموو حزبەکان خاوەندارێتی دەکەن و جێگەی شانازی هەموو شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازێکە".

محەمەد شکور ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک خانەوادەی مامەڕیشە هیچکات وەک هەموو ئەو مشەخۆرانەی خەریکی گیرفان پڕکردن و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بوون، بیرمان نەکردۆتەوە".

ئەو برایەی مامەڕیشە راشیگەیاند، ئەوان وەک کەسوکاری شەهید مامەڕیشە کەمترین خزمەت کراون و تائێستا هیچ ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە هیچ پلە و پۆستێک و بەرپرسیارێتیەکدا نەبوون و هەمیشە خۆیان بەخزمەتکاری گەلی کورد و خاک زانیوە و هەموو کات ئاواتیان بەدیهاتنی خەونی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گەلی کورد بووە و هەموو کاتیش یەکێتی قەرزاری بنەماڵەکەیان بووە.


‌‌‌
1/12/2019 12:38:31 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ