هەواڵ

نرخی تەماتە لە باشووری کوردستان لە بەرزبوونەوەیە


بزاڤ
تەماتە، ئەو بەرھەمە سوورەی لەم رۆژانەدا کڕیار بە بینینی نرخەکەی، رووی گرژ دەبێت، چونکە تادێت نرخی لە ھەڵکشانە و ئێستا کیلۆیەک تەماتە، کە لە وڵاتانی دراوسێوە ھاوردەدەکرێت، لە کیلۆیەک مۆز گرانترە، کە لە ئەمریکا و ئەفریقاوە دەھێنرێتە کوردستان.

لە وەرزی گەرما، بازاڕی تەماتەی بیانی سارد و بێ کڕیارە، باو باوی تەماتەی خۆماڵییە، بەرھەم زیاترە لە پێداویستی بازاڕ، بۆیە کیلۆی بە کەمتر لە ٢٥٠ دینار ھەرزانفرۆش دەکرێت، بەڵام کە وەرزی سەرما ھات، نە کەس ھاوار دەکات "وەرە بۆ تەماتەی خۆماڵی"، نە کەسیش لەسەریان دەنووسێت "سێ کیلۆ بە ھەزار".

دوای ئەوەی ئێران ھەناردەی تەماتەی بۆ باشووری کوردستان راگرت، تورکیا بووە یەکەمی بێ رکابەر لە دابینکردنی تەماتە بۆ بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.

لە نەبوونی تەماتەی کوردی، رۆژانە ٤٥٠ تۆن تەماتە ھاوردەی بازاڕەکانی سەوزە و میوەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ھەر لێرەشەوە بەپێی دووری و نزیکی شوێنەکان و پێداویستیی بازاڕ، دەستاودەست بە نرخی تەماتە دەکرێت.

پڕۆژەی خانووی پلاستیکی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ـوە بە ھەشت خانوو دەستیپێکرد، وەرچەرخانێکی خستە نێو کەرتی کشتوکاڵەوە. چوار وەرزی و چەند بەرامبەربوونی بەرھەمی ئەو خانووە پلاستیکییانە، وایکردووە ئێستا نزیکەی ١٨ ھەزار خانووی پلاستیکی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەبن، بەڵام بۆ بەرھەمھێنانی تەماتە، کەمترین کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ئەگەر بازرگانانی ھەرێمی کوردستان بۆ کیلۆیەک تەماتەی بیانی ٥٠٠ دینار بدەن، ئەوا رۆژانە زیاتر لە ٢٢٥ ملیۆن دینار پارەی ھەرێمی کوردستان بۆ کڕینی تەماتە دەچێتە دەرەوە، کە دەکرێ بە پلانی وردی بەرپرسانی کشتوکاڵ و بەگەڕخستنەوەی خانووە پلاستیکییەکان لە وەرزی زستاندا، مانگانە رێگە لە چوونە دەرەوەی نزیکەی شەش ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ کڕینی تەماتە بگیرێت



‌‌‌
1/10/2019 12:02:12 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ