هەواڵ

بۆ حەلاوی باسکە"!!!


بزاڤ
"بۆ حەلاوی باسکە" زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەرێمی کوردستان ئەم دەستەواژەیە وەک ناڕەزایەتی لە دژی قسەی بەرامبەرەکانیان بەکاردەھێنن و بەبێ ئەوەی ئاگاداری چیرۆکی راستەقینەی پشت ئەم بابەتە بن و زانیارییان لەبارەی کەسایەتی (حەلاوە)ەوە ھەبێت.

حەلاوە بنحاس، خانمێکی شوێنکەوتووی ئاینی جولەکە بووە و لە گەڕەکی جولەکانی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە، خەڵکی بە کەسێکی میھرەبان ناویان بردووە، بەڵام ھەستی بیستنی لاوازبووە و بەئەستەم لە قسەی بەرامبەرەکەی تێگەیشتووە.

شەیدا بڵباس نوسەر و ئەدیب لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زانیاریی گرنگی لەبارەی چیرۆکی حلاوە بڵاوکردووەتەوە و نوسیوێتی: حەلاو بنحاس خانمێکی جولەکە بوو لە گەڕەکی جولەکەکانی شاری سلێمانی دەژیا دوکانێکی بچووکی ھەبوو لە تەنیشت ماڵەکەی خۆی ھێلکە و کبریت و بەردە ھەسان و توتن و لفکە و بەن و میخەک و بڕنوت و ھەندێک وردە واڵەی تری دەفرۆشت.

ئەو نوسەرە دەشڵێت "حەلاوەخان کەمبیست بوو بە ئاستەم لە دەنگی بەرز حاڵی دەبوو، ئەم کەم بیستنەی وای کردبوو ببێتە جێگای باسکردنی خەڵک. ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ حاڵی نەبوایە دەیان گووت دەڵێیت بۆ حەلاوی باس دەکەیت، یان یەکێک نەی ویستایە گوێ بۆ کەسێک بگرێت دەیگوت بڕۆ بۆ حەلاوی باس بکە واتا نامەوێت تێبگەم وەک چۆن حەلاو تێناگات".

"حەلاوەخان کەسێک بووە زۆر میھرەبان و بێ غەل و غەش تەنانەن موسڵمان و جولەکە و مەسیحیەکانی شار لەو سەری شارەوە دەگەیشتنە لای حەلاوەخان بۆ شت کڕین ھەرچەندە چەندین دووکان نزیک بوو لێیانەوە" شەیدا بلباس وای نوسیووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەگێڕنەوە کە حەلاوە خان ٥٠ دیناری مەلیکی عێراقی بەخشی بۆ دروست کردنی قوتابخانەی فەیسەڵیە لە سلێمانی



‌‌‌
1/9/2019 11:53:04 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ