هەواڵ

رێکخراوی بەدر بۆ یەکێتی؛ رۆژی ١٧ـی ئۆکتۆبەرتان بیرچوو ؟


بزاڤ
رێکخراوی بەدر لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردسانەوە ھاتەدەنگ و بەرپرسێکی ئەو رێکخراوەش دەڵێت، خوازیارین لە ١٧ـی ئۆکتۆبەر وانەیەکتان وەرگرتبێت، ئامۆژگاریشتان دەکەین لەگەڵ پێکھاتەکانی کەرکووک لە عەرەب و تورکمان دانیشن و کات بەفیڕۆنەدەن.
محەممەد مەھدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە لقی باکوور رایگەیاند: "بە وردی چاودێری ئەوە دەکەین شەوی رابردوو لە کەرکووک چی روویدا، ھۆکار و پاشھاتەکانی ھەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش باش دەزانین"
محەممەد مەھدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە لقی باکوور لە بەیاننامەیەکدا گوتی "دەمانەوێ بەکورتی بڵێین:
١ ـ خوازیارین لە ١٧-١٠-٢٠١٧ وانەیەکتان وەرگرتبێت، ئامۆژگاریتان دەکەین لەگەڵ پێکھاتەکانی کەرکووک لە عەرەب و تورکمان دانیشن و کات بەفیڕۆ مەدەن.
٢ ـ کەرکووک و عێراقی ٢٠١٩، جیاوازە لەگەڵ کەرکووک و عێراقی ٢٠١٧، ئەگەر ئاژاوەو پشێوی دروستبکەنەوە جارێکی دیکە دەوڵەتی عێراق پڕۆسەی سەپاندنی ئاسایش دەسەپێنێتەوە.
بەیاتی ھەروەھا دەڵێت "راشکاوانە دەیڵێین، ئێمە سەپاندنی ئەمری واقیع بە پشێوی رەتدەکەینەوە، داھاتووی کوردیش لەسەر پشێوی دانامەزرێت، ئەگەر داشمەزرێت ئەوە خەیاڵە، کەسی داناش ئاماژەیەکی بەسە".
رۆژی سێشەممە ٨-١-٢٠١٩، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگای خۆی لە کەرکووک ھەڵکرد، ئەمەش ھەرایەکی زۆری لێکەوتەوە، چونکە لە دوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە ھێزەکانی عێراق رێگە بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک نادەن.
پێش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەریەک لە حیزبی شیوعی و کۆمەڵی ئیسلامی ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکانیان ھەڵکرد، بەڵام بە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێر لەلایەن ئەمنییەتی شارەکەوە داگیران

‌‌‌
1/9/2019 4:31:40 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ