هەواڵ

چەکەکانی پێشمەرگە ھێشتا لە ئەمبارەکانی کەنەدان


بزاڤ
پاش زیاتر لە سێ ساڵ لە بەڵێنی حکومەتی کەنەدا بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە، بەرپرسێکی سەربازیی کەنەدی دەڵێت ئەو چەکانە تاوەکو ئێستاش لە ئەمبارێکی تەقەمەنیی وڵاتەکەیدا ماونەتەوە، ھیچ پلانێکیشیان نییە بۆ ناردنی ئەو چەکانە بۆ عێراق یان کوردستان.

جاستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە شوباتی ٢٠١٦ رایگەیاند کە وڵاتەکەی چەک بۆ پێشمەرگە دەنێرێ. بەڵێنەکانی حکومەتی کەنەدا تەنانەت ھەتا ئەو شوێنەش چوون کە لە حاڵەتی پێویستدا راستەوخۆ ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێرن، تاوەکو لەوێ ھێزە کەنەدییەکان بەسەر یەکەکانی ھێزی پێشمەرگەدا دابەشیان بکەن.

بەڵام رۆژنامەی (ناشناڵ پۆست)ی کەنەدی لەسەر زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە ئاشکرای دەکات کە ئەو چەکانە تاوەکو ئێستاش لە ئەمبارێکی چەکدا لە مۆنتریاڵ ماونەتەوە، بێ ئەوەی ھیچ پلانێک بۆ دابەشکردنیان بەسەر ھێزە کەنەدییەکان یان پێشمەرگە لەئارادا ھەبێ.

کەرەستە سەربازییەکان کە بڕیار بوو کەنەدا رەوانەیان بکات بایی ١٠ ملیۆن دۆلار بوون، بریتی بوون لە ٥٠ نیشانشکێنی بێدەنگ، ھاوەنی ٦٠ میلیمەتری، سیستەمی دژەتانکی کارڵ گۆستاڤ، نارنجۆک ھاوێژ، دەمانچە، تفەنگی ئۆتۆماتیکی، دووربینی ئاسایی، دووربینی گەرمی و پێداویستی پزیشکی. بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی کەنەدا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا دیار نییە ھۆکاری راگرتنی ئەو چەک و کەرستە سەربازییانە چییە، حکومەتی فیدراڵی کەنداش ھیچ ئاماژەیەکی نەداوە کە بەنیازە چی لەو چەکانە بکات.

پێشتر عەمید ھەژار ئیسماعیل، بەرپرسی ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی پیشمەرگە، بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی کەنەدا کە بە ھاوئاھەنگیی بەغدا کراوە، بڕیارە کەنەدا لیوایەکی پێشمەرگە بە ھەموو پێداویستییەکانەوە پڕچەک بکات". سەبارەت بە قەبارەی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیش گوتبووی :"بۆ ئەم مەبەستە کەنەدا بە بەھای ٩.٥ ملیۆن دۆلار چەک و پێداویستیی سەربازیی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ ھەولێر".

کەنەدا یەکێک لە ئەندامانی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە ھاوینی ٢٠١٤ەوە بە دەستپێشخەری و سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ رووبەڕبوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە سووریا و عێراق دامەزرا. ئەو چەکانەش کە بڕیاربوون بۆ پێشمەرگە بنێردرێن لە چوارچێوەی بەشداریی کەنەدا لەو ھاوپەیمانێتییەدا بوون.

پێشتر پۆڵ گیبارد باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق لە ھەڤپەیڤینێکی (رووداو)دا گوتبوو " وەکو ھەوڵێک بۆ رێگری لە فراوانبوونەوەی داعش "لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بڕی دوو ملیار دۆلار وەبەرھێنانمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە".

حکومەتی بەغدا ھەر لە سەرەتاوە کێشەی بۆ ئەو ھاوکارییە سەربازییانە دروستکردبوو کە بڕیاربوو لەلایەن ھاوپەیمانان و وڵاتانی دیکە بە دەستی پێشمەرگە بگەن، بیانووشیان ئەوە بوو کە کوردستانێکی بەھێز لەڕووی سەربازییەوە تمووحی سەربەخۆیی زیاتر دەبێ.

جۆن ڤانس، فەرماندەی باڵای ھێزەکانی کەنەدا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە وەڵامی ئەو نیگەرانییانە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە قۆناغی شەڕی داعشدا پێویستە ھەموو لایەنەکان یەکڕیزی خۆیان بپارێزن، بەڵام دوای تەواو بوونی شەڕەکە "ئەوە بۆ عێراقییەکان دەگەڕێتەوە کە وڵاتەکەیان چ بڕیارێک سەبارەت بە دۆخی سیاسی خۆیان بدەن".

پێشتر جەی جانزن، گوتەبێژی ھێزەکانی کەنەدا، رایگەیاندبوو کە :"حکومەتی کەنەدا ھەموو رێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی بدەنێ کە ئەم چەکانە بە شێوازێکی گونجاو بەکاردەھێنرێن".

لێدوانەکەی جانزن مانگێک دوای راگەیاندنی بڕیاری سازدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بوو. بەگوێرەی راپۆرتەکەی (پۆست)ی کەنەدی، پلانەکەی حکومەتی کەنەدا دوای شەڕ و پێکدادانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە تەواوەتی وەستان.

ھەفتەیەک دوای ھێرشەکانی کەرکووک، وەزارەتی بەرگریی کەنەدا بە کەناڵی (CBC)ی کەنەدی راگەیاند بەھۆی ئاڵۆزی و ناڕوونی رەوشەکە :"ھێزە تایبەتەکانی کەنەدا بەشێوەیەکی کاتی ھاوکارییەکانیان بۆ ھێزە ئەمنییە جیاجیاکانی عێراقیان راگرتووە".

لە ھاوینی ٢٠١٨، دان لو بوتیلییە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کەنەدا، بە ئاژانسی پۆست میدیای کەنەدی راگەیاند ئەو چەکانەی بەنیاز بوون بینێرن بۆ پێشمەگە چەکی سووک بوون و بڕیار بوو بۆ پڕچەککردنی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ ھێزی سەربازی و ئەمنی کوردستان بەکاربھێنرێن.

کەنەدا پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ کۆمەڵێک کەرستەی سەربازیی وەکو جل و کڵاوی سەربازی، ئێلەکی دژەگولـلە و رۆبۆتی دۆزینەوەی مینی بە ھێزەکانی پێشمەرگە داوە. حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی سەربازیی کەنەدادا گرت کە چەک و کەرستەی سەربازی بۆ ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی کەنەدا لە کوردستان دەگواستەوە.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری مەخموور- گوێڕی ھێزەکانی پێشمەرگە کە خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمیشە پێشتر بە (رووداو)ی راگەیاندبوو کە ٧٥ قەناسی بە بەھای ٢ ملیۆن دۆلار لەسەر حیسابی خۆی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لە کۆمپانیاکانی کەنەدا کڕیوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگرە لە ھێنانەوەی ئەو چەکانە بۆ کوردستان.

کەنەدا پشتی لە پێشمەرگە کردووە

وەزارەتی بەرگریی کەنەدا لە ساڵی دوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەرەوە مەشق و راھێنانی ھێزەکانی پێشمەرگەی بە تەواوەتی راگرت، ئێستاش فۆکەسیان لەسەر ر‌اھێنانی ھێزە عێراقییەکانە، بە تایبەتیش ئەو ھێزانەی بڕیارە لە داھاتوودا ئاسایشی مووسڵ مسۆگەر بکەن، ئەمەش گومانێکی زیاتر لەسەر ناردنی ئەو چەکانە دروستدەکەن کە بڕیاربوو بەدەست پێشمەرگە بگەن. جگە لەوەش مەترسیی داعش لە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە بە بەراورد بە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٧ بە تەواوەتی کەم بووەتەوە، بۆیە رەنگە وەزارەتی بەرگریی کەنەدا پاساوی ھەبێ کە ئەو چەکانە بۆ پێشمەرگە نەنێرێ.
٩ minutes ago



‌‌‌
1/9/2019 4:29:55 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ