هەواڵ

ئەنجومەنی یاسادانانی فەڵەستین لەغەززە مەحمود عەباس-ی لەپۆستەکەی دوورخستەوە


بزاڤ
ئەنجومەنی یاسادانانی فەڵەستین دوورخستنەوەی مەحمود عەباس-ی سەرۆکی فەڵەستینی لە پۆستەکەی پەسەندکرد و تۆمەتباری کرد بەئەنجامدانی پێشێلکاری دەستووری.

ئەنجومەنی یاسادانانی فەڵەستین کە رۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ ڕایگەیاند:" کۆتایی بەسەرۆکایەتی مەحمود عەباس ھاتووەو ھیچ پشتیوانییەکی دەستووری و یاسایی و نیشتمانی نەماوە."

ئەحمەد بەحر، جێگری یەکەمی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند:" ئەو پێشێلکاریە دەستووری و نیشتمانیانەی مەحمود عەباس ئەنجامیان دەدات، بەسە بۆ ئەوەی شایستەنەبێت بۆ پۆستی سەرۆکی فەڵەستین."

ووتیشی:" ئەو سازشە سیاسیانەی کە عەباس بۆ داگیرکەری دەکات و شانازی کردنی بە ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵیاندا و ناوھێنانی رۆڵەی گەلەکەمان بە تیرۆرست و تۆمەتبارکردنی شەھیدانمان بەکوشتن، بەھەمان شێوە وایانکردووە دابماڵرێت لە پشتیوانی ئەمنی و سیاسی و نیشتمانی وەک سەرۆکی گەلی فەڵەستین."

ئەحمەد بەحر، داوای لەمیسڕ کرد ( وەک سەرپەرشتیاری ئاشتەوایی فەڵەستینی) ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی فەڵەستین کەبەھۆی سیاسیەتەکانی "عەباسەوە" ھاتوونەتە ئاراوە، بوەستێنێت. ھاوکات داوای لە لایەنە فەڵەستینی و دامەزراوە ئەھلییەکان کرد داوای کۆبونەوەیەکی بەرفراوان بکەن بۆ پێکھێنانی بەرەیەکی ڕزگاری نیشتمانی لەپێناو ھاتنەدەرەوە بە ڕوانینێکی ستراتیژی بۆ ڕزگارکردنی پرۆژەی نیشتمانی فەڵەستینی.

ئەنجومەنی یاسادانانی فەڵەستین لە ١٣٢ ئەندام پێکھاتووە، کە بزوتنەوەی حەماس بە ٧٤ کورسی گەورەترین پێکھاتەیەتی و دوای ئەویش بزوتنەوەی فەتح دێت بە ٤٥ کورسی.

ئەم ئەنجومەنە لەساڵی ١٩٩٦ دوای رێککەوتنی ئۆسلۆی نێوان رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین و حکومەتی ئیسرائیلدا دامەزرا، ھەمان ئەو رۆڵە دەگێڕێت کە پەرلەمانی وڵاتان ھەیانە



‌‌‌
1/9/2019 3:30:02 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ