هەواڵ

دورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شكستیهێنا


هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ دورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی رێژەی یاسایی، پرۆسەكە شكستیهێنا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ژمارەی تەواو و یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن نەچونەتە هۆڵی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەربۆیە دانیشتن ئەنجام نەدراوە و رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاش بەوەكالەت دورنەخرایەوە.

هەر لەوبارەیەوە رەعد روشدی ئەندامی ئەنجومەن و كاندیدی بزوتنەوەی نەتەوەیی توركمان بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت بە ماڵپەڕی "كەركوك ناو"ی وتوە "ئامادەی كۆبونەوەكە نابم، كە رێككەوتن كراوە جێگری سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێرن تا جێی رێبوار تاڵەبانی بگرێتەوە دوای دەنگدان بۆ لابردنی".

جەختیشیكردۆتەوە، ئەو رێكارانەی لە كۆبونەوەی رابردودا گیراونەتەبەر، بارودۆخی شارەكە خراپتر دەكەن و لەوبارەیەوە دەڵێت "هەوڵێك هەیە تا 11 ئەندام بەشداربن لە دەركردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگادا، كە لە سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت، لیژنەیەكی سێ كەسی و حەوت ئەندامی دەستەی هەماهەنگی پێكدێت، ئەوەش تێڕوانینێكی ئیداری هەڵەیە".

هەروەك وتویەتی "چارەسەری گونجاو هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگایە لە پێكهاتەی توركمانی لە بری گۆڕینی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و دواتر دانانی بە سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت".

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.
رێبوار تاڵەبانی-یش، لەساڵی 2014ەوە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا دەكات بەوەكالەت، دوای ئەوەی حەسەن تۆران لە بەرەی توركمانی پۆستەكەی جێهێشت و بووە پەرلەمانتاری عیراق.


‌‌‌
1/8/2019 1:47:39 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ