هەواڵ

10 رۆژه‌ ئاسایشى هه‌ولێر پارێزه‌رێكى ده‌ستگیركردوه‌


بزاڤـــ:

ماوه‌ی 10 رۆژه‌ ئاسایشی هه‌ولێر پارێزه‌رێكی ده‌ستگیركردوه‌ و ئه‌مڕۆش دوو پارێزه‌ر به‌دواداچوونی دۆسیه‌كه‌یان ده‌ستپێكرد.

به‌مه‌به‌ستی راگه‌یاندنی به‌دواداچونه‌كه‌یان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌و هاوپیشه‌یان به‌ناوی هه‌رێم ره‌فعه‌ت، ئه‌مڕۆ 3-1-2019 هه‌ر دوو پارێزه‌ر رێبین سه‌باح و گۆران دیبه‌گه‌یی رایانگه‌یاند، ده‌ستده‌كه‌ن به‌ به‌دواداچوونه‌ یاساییه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بریكاری ده‌ستگیركراویان هه‌یه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پارێزه‌ر گۆران دیبه‌گه‌یی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند، وه‌كو دوو پارێزه‌ری خۆبه‌خش ئه‌ركی كه‌یسی هاوپیشه‌یان هه‌رێم ره‌فعه‌ت-یان گرتۆته‌ئه‌ستۆ و له‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئازادكردنی و یه‌كه‌م هه‌نگاویش له‌ سه‌ندیكای پارێزه‌رانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن.

له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌شی، ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تائێستا هۆكاری ده‌ستگیركردنی دیار نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆكاری ده‌ستگیركردنی ئه‌نداماكانیان له‌ شاری هه‌ولێر رونبكاته‌وه‌، كه‌ پارێزه‌ر هه‌رێم ره‌فعه‌ت یه‌كێكه‌ له‌وان، به‌ڵام تائێستا هیچ هۆكارێك دیار نییه‌ بۆچی ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر ده‌سگیرده‌كرێن به‌ تایبه‌تی هه‌رێم ره‌فعه‌ت.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو 27-12-2018 پارێزه‌ر هه‌رێم رفعت عه‌بدوڵڵا له‌ ماڵی خۆی له‌ گه‌ڕه‌كی شادی شاری هه‌ولێر به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.


‌‌‌
1/3/2019 12:13:09 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ