هەواڵ

پۆلیسی سلێمانی دانپێدانەکانی بکوژی منداڵەکەی کەمپی باریکەی بڵاوکردەوە


بزاڤــ :

پۆلیسی سلێمانی دانپێدانەکانی ئەو کەسەی بڵاوکردەوە کە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو لە کەمپی باریکە بە ئۆتۆمبیلەکەی منداڵێکی دراوسێکەیان دەکات بەژێرەوە و دواتر تەرمەکەی فڕێدەدات.

سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پۆلیسی سلێمانی دانپێدانەکانی بکوژی منداڵەکەی کەمپی باریکەی  ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

سەرکەوت ئەحمەد رایگەیاند، دوای ئەوەی (٢٩ی ئازاری ٢٠١٨) منداڵێک لە کەمپی باریکەی سەر بە پارێزگای سلێمانی وندەبێت، خێزانەکەی پەیوەندی بە بنکەی پۆلیسی عەربەتەوە دەکەن. لە (١ی نیسانی ٢٠١٨) تەرمی منداڵەکە لە نێو گژوگیادا لە رێگای نێوان عەربەت-زەڕایەن دەدۆزرێتەوە.

دواتر لەسەر گومانی خێزانی منداڵەکە ئەم کەسەی ئێستا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرا. پۆلیس پشکنینیان لەسەر ئۆتۆمبیلی دەستگیرکراوەکە کرد و لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا خوێن و قژ و لە جەستە و جلوبەرگی منداڵەکەشدا پارچە تەپەدۆر دۆزرانەوە.

دوای ئەوەش زانرا کە ئەم کەسە ئیشی تەپەدۆر و سەقف و دیکۆرات دەکات گومانەکان لەسەر تۆمەتبارەکە زۆرتر بوون. لە بەندیخانەشدا باری دەروونی بەرەو خراپی دەچێت وەک هەستکردن بە تاوان.

دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە (٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) ئەم بەڵگانە رووبەڕووی تۆمەتبارەکە کرانەوە دانی بە تاوەنەکەیدا نا.

بکوژی منداڵەکە بەم جۆرە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە دوای ئەوەی لەبەردەم ماڵدا بە ئۆتۆمبیل لە منداڵەکەی داوە، دەیخاتە نێو سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی و دەیباتە دەرەوەی کەمپی باریکە، هەرچەندە بەپێی قسەی خۆی "بۆ نەخۆشخانەی بردووە" بەڵام لە راستیدا دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت دڵی منداڵەکە لە لێدان کەوتووە، دەیهێنێتەوە تاکو لەبەردەم ماڵی منداڵەکەدا بەجێیبهێڵێت، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی گەڕەکەکە نەیتوانیوە ئەم کارە بکات و بردوویەتی لە دەرەوەی کەمپەکە و لە رێگای نێوان عەربەت-زەڕایەن لە نێو گژوگیای رێگاکەدا فڕێیداوە.

سەرکەوت ئەحمەد راشیگەیاند، ئێستا کەسەکە بەندە بە مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان کە مادەی کوشتنی کەسێکە لەلایەن کەسێکی ترەوە.


‌‌‌
1/3/2019 11:51:20 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ