هەواڵ

لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٦٩ ھاووڵاتی کورد لە ئێران لە سێدارەدراون


بزاڤ
رێکخراوی مافی مرۆگی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا لانیکەم ٦٩  ھاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لە سەدا ٣٨ کەمی کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا لانیکەم ٦٩ ھاووڵاتیی کورد لە ئێران لەسێدارە دراون کە کەسێکیان لە پێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ٦ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٩ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزھەبی، ٤٦ کەس بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست، ٦  کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و دوو کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لەسێدارە دراون.

زیاترین ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون خەڵکی پارێزگای ئومریە بوون کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٣٠ ھاووڵاتیی کورد لەو پارێزگایە لەسێدارە دراون. ھەروەھا لەپارێزگای کرماشان ٢٢ کەس، لوڕستان ٦ کەس، سنە ٥ کەس، ئیلام ٥ کەس و لە خوراسانیش یەک ھاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراوە.

ھەروەھا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا منداڵێک، سێ ژن و دوو ھاووڵاتی کە تەمەنیان سەرووی ٥٠ ساڵ بووە  لە بەندیخانەکانی کوردستان لەسێدارە دراون.

لەسێدارە دانی ھاووڵاتیانی کورد بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ی زایینی کە لەو ساڵەدا ١١٢ ھاووڵاتیی کورد لەسێدارە درابوون، ٣٨٪ کەمی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە و ھەر لەماوەی سالی ٢٠١٨ دا، ١٠ چالاکی مەزھەبی، ٣ چالاکی سیاسی و ٣ منداڵی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە
ب.ع


‌‌‌
12/30/2018 10:14:48 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ