هەواڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان وەڵامی حکومەتی سووریا دەداتەوة


بزاف
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی ھەندێک میدیای سەر بە سووریا ناوی مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیان 'لە لیستی ئەو ناوانە ھێناوە کە ھاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییان کردووە' راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "مایەی گاڵتەجارییە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد، کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاوەکو وەکو بەدیلێکی باشتر لە تووندڕۆکان خۆی بنوێنێت باسی تیرۆر بکات".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠-١٢-٢٠١٨، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان حکومەتی سووریا بە 'رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد' ناو دەبات و دەشڵێت "رژێمێک چەکی قەدەخەکراوی دژ بە خەڵکی سیڤیل بەکارھێنابێت و بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی سووریای خەڵتانی خوێنکردبێت و بە ملیۆنانی دیکەی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەرکردبێت، دەبێت چ ئیعتبارێکی ھەبێت تا بانگەشەی دروستکردنی لیستێکی وا بکات؟!."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ھاتووە: "ئەوەی زیاتریش مایەی پێکەنینە ئەوەیە کە ھەندێ ھەرزەکاری سیاسی و گەندەڵکار و خائین بەو ھەواڵە شاگەشکە دەبن و دەھۆڵی بۆ لێدەدەن".

دەقی روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

لە ھەندێ میدیای سەر بە رژێمی سووریاوە لە میانەی لیستێکی دوورودرێژی ئەو کەسانەی ھاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سوورییان کردووە و بە پاڵپشتیی تیرۆر ناوزەدکراون، ئاماژە بە ناوی بەڕێز مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دراوە.

مایەی گاڵتەجارییە کە رژێمێکی شۆڤێنی و سەرکوتکار و دژە کورد کە بۆ مانەوەی خۆی پاڵپشتیی تیرۆریستانی کرد تاوەکو وەکو بەدیلێکی باشتر لە تووندڕۆکان خۆی بنوێنێت باسی تیرۆر بکات.

رژێمێک چەکی قەدەغەکراوی دژ بە خەڵکی سیڤیل بەکارھێنرابێت و بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی سووریای خەڵتانی خوێنکردبێت و بە ملیۆنانی دیکەی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەرکردبێت، دەبێت چ ئیعتبارێکی ھەبێت تا بانگەشەی دروستکردنی لیستێکی وا بکات؟!.

ئەوەی زیاتریش مایەی پێکەنینە ئەوەیە، کە ھەندێ ھەرزەکاری سیاسی و گەندەڵکار و خائین بەو ھەواڵە شاگەشکە دەبن و دەھۆڵی بۆ لێدەدەن.

ئەوەی رژێمی سووریای ھەراسان و تووڕەکردووە پاڵپشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بووە لە ھێزە رەسەنەکانی رۆژئاوای کوردستان. 

شانازییە بۆ مرۆڤ کە تۆمەتبار بکرێت بە پاڵپشتیی خەڵکی ستەملێکراو و مافخوراو و جێگەی سەربەرزیشە لە ناوخۆی وڵات لە بەرەی دژ بە گەندەڵان و خۆفرۆشان وڵاتفرۆشان ھەژمار بکرێی.

دامودەزگاکانی ژێر سەرپەرشتیی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانیش وەک ھاوبەشێکی کارای ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر، بەردەوام گورزی کوشندەیان لە تیرۆریستان داوە و لە دوا ئۆپەراسیۆنی تایبەتیشدا کە لە میدیا جیھانییەکاندا دەنگی دایەوە، گەورەترین باندی پاڵپشتیی دارایی تیرۆریستان و شووشتنەوەی پارە پووچەڵکرایەوە و ئەو باندەش زۆر کەس و لایەنی تێوەگڵابوون.

ھۆکاری داخڵەدڵی و کینەی خائین و وڵاتفرۆشان و دز و گەندەڵانی ناوخۆش لە بەرامبەر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەمیشە بەڕێزیان دژ بە سیخووری و داگیرکاری و تیرۆر و خیانەت و گەنەدەڵییەکانیان وەستاونەتەوە و ھەمیشەش لەو رەوتە بەردەوام دەبن و لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆر دەمێننەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ب.ع


‌‌‌
12/30/2018 9:06:45 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ