هەواڵ

شاره‌وانی سلێمانی زیانی بارانی چه‌ند كاتژمێری رابردو ئاشكرا ده‌كات


بزاڤـــ:

سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی زیانی بارانبارینی چه‌ند سه‌عاتی رابردوی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌دا ئاشكراكرد و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تاییان بۆ كراوه‌، به‌ڵام له‌داهاتودا له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌وه‌ رێگری له‌ دوباره‌بونه‌وه‌یان ده‌گیرێت.

رزگار ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری خزمه‌تگوزاری له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی رابردودا به‌هۆی به‌رده‌وامی بارانبارین چه‌ند حاڵه‌تێكی ئاو چونه‌ ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كان تۆماركراون، به‌ڵام شاره‌وانی و به‌رگری شارستانی به‌زوترین كات گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و شوێنانه‌ و توانیویانه‌ به‌ربگرن له‌ زیانی زیاتر.

وتیشی "له‌گه‌ڕه‌كی قڕگه‌ی كۆن و كه‌نه‌كه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بونی پڕۆژه‌وه‌ ئاو چۆته‌ چه‌ند ماڵێكه‌وه‌، به‌ڵام توانرا رێڕه‌وی ئاوه‌كه‌ بگۆڕدرێت، له‌داهاتوشدا به‌ پڕۆژه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ته‌واو چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دانیشتوانی گوندی گازوه‌شانی كه‌ركوك، به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌، روبه‌ڕوی لافاو بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موویان رزگاركران.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ساڵح محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی كه‌ركوك به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی راگه‌یاندوه‌، له‌گه‌ڵ دروستبوونی لافاوه‌كه‌، تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی ده‌ستیان به‌ كار كرد و سه‌ركه‌وتوبون له‌ رزگاركردنی 83 كه‌س له‌ گوندی گازوه‌شان، هه‌روه‌ك ئه‌و ئاوه‌ی له‌ باكووری گونده‌كه‌ كۆببۆوه‌، به‌ ئامێری هه‌ڵكه‌ندن رێی بۆ كرایه‌وه‌ و بڵاوه‌ی پێكرا.


‌‌‌
12/8/2018 1:37:56 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ