هەواڵ

لەکاتی هەڵکەندنی بیرێکی غاز کارمەندێکی کۆمپانیایەکی ئەمریکا گیانی لەدەستدا


بزاڤـــ: 

لەکاتی هەڵکەندنی بیرێکی غاز لە گوندی توڕکەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کارمەندێکی کۆمپانیایەکی ئەمریکا گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

 رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) و لە درێژەی کارەکانی کۆمپانیای داناغاز بۆ لێدانی بیری غاز لە گوندی توڕکە لە سنوری ناوچەی شوان روویداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بیرە لەلایەن کۆمپانیای پارکەر دریلینگی ئەمریکی لێدراوە.

لە لێدوانێکدا بۆ بزاڤــ ئەیوب حەمە جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و راگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوەوە کارمەندێکی بە رەچەڵەک کەنەدی کۆمپانیای پارکەر دریلینگ گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش تووشی تەنگە نەفەسی بوون.

لە راگەیەنراوێکیشدا قائیمقامیەتی چەمچەماڵ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە روودانی تەقینەوە دەکەن و رایگەیاند، راستی ڕووداوکە دەرپەڕینی غازبووە لە گوندی توڕکەی سنوری چەمچەماڵ.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە راگەیاند، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لە کاتی کارکردندا دەمامک لە دەمی کەوتووەتەخوار و بەهۆی هەڵمژینی غازەوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی کۆمپانیای پارکەر دریلینگ توانیویانە سەرچاوەی غازەکە بگرن و ئێستا کارکردن لەو شوێنە راگیراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا نزیکەی سێ هەزار مەتر لەو شوێنە هەڵکەندراوە.

ئەو رووداوەش لەکاتێکدایە سنوری چەمچەماڵ بەیەکێک لە شوێنە گرنگەکانی غاز دادەنرێت لە جیهاندا.


‌‌‌
11/16/2018 1:38:34 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ