هەواڵ

٣٢ هەزار کەس توشی نەخۆشی شەکرە بوون لە سلێمانی


بزاڤـــ:

لە ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرە ئەمڕۆ (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) چەند چالاکییەک بۆ پاراستنی ئەو نەخۆشیە لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو و بەرپرسی سەنتەری  شەکرەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، لە ١١ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٣٢ هەزار کەس توشی نەخۆشی شەکرە بوون .


لە چالاکیەکانی ئەمڕۆدا لە سەنتەری چارەسەری شەکر و کوێرەگلاندەکان سەر بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پشکنینی بێ بەرامبەر دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە ڕوویان تێدەکەن بۆ پاراستنی تەندروستیان.


 هەر لە چالاکییەکاندا لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی شەکرە بوون، هۆشیاری تەندروستی دەدرا بە ئەو کەسانەی کە توشی نەخۆشیەکە بوون و بەتایبەتی رێنمایی بەکارهێنانی خۆراکیەکان.


هەر لەوبارەیەوە دێرین ئەحمەد بەرپرسی کارگێڕی سەنتەری شەکرە و کوێرەگلاندەکان سلێمانی  ڕایگەیاند،، نەخۆشی شەکرە رووی لەزیادبوون کردوە و ساڵ لەدوای ساڵیش رێژەکە زیاددەکات و لە ساڵی ٢٠٠٧ تاوەکو ئێستا نزیکەی ٣٢ هەزار و ٨٢٤ نەخۆشی شەکرە لە سلێمانی تۆمارکراون.


ڕونیشکردەوە، ئەو ئامارە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵیەوە.


هاوکات هەر ئەمڕۆ بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى بەرەنگاربوونەوەى نەخۆشی شەکرە ئەمڕۆ خوێندکارانى سکوڵى پزیشکى زانکۆى کۆیە لە چوارچێوەى کەمپینیێکدا پشکنینى نەخۆشی شەکرە بە شێوەى خۆبەخش بۆ هاوڵاتیانى شارەکە ئەنجام دەدەن.


هەر ئەمڕۆ لە هەڵەبجە چەند چالاکیەک بۆ پاراستنی نەخۆشی شەکرە بەرێوەچوو،  تێیدا پشکنینی بێبەرامبەر بۆ ئەو کەسانە کرا کە ڕوویان لە چالاکییەکاندا کرد،  بە پێی ئامارێکی سەنتەری نەخۆشی شەکرەی هەڵەبجەش، هەزار و ٨٠٠ کەس توشی نەخۆشی شەکرە بوون.



‌‌‌
11/14/2018 12:06:39 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ