هەواڵ

ئاوی بەنداوی دوکان رۆژانە نزیکەی ٣ سانتیمەتر کەمدەکات


بزاڤــ:

محەمەد تاهیر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان رایگەیاند، باران بارینی ئەمساڵ نەبووەتەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکە و ئێستاش رۆژانە نزیکەی ٣ سانتیمەتر کەمدەکات.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی حەوت ملیار مەتر سێجا لە ئێستادا دوو ملیار و ٦٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەی دوکاندا هەیە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە کەمی کردووە.

روونیشیکردەوە، ساڵی رابردوو و لەم کاتەدا، سێ ملیار و ٤٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەی دوکاندا هەبووە.

سەبارەت بە ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ، محەمەد تاهیر جەلال رایگەیاندووە، هەرچەندە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو بارانی زۆرتر باریوە، بەڵام نەبووەتەهۆی زیادبوونی ئاوی دەریاچەکە، هەروەک کۆی رێژەی باران بارین لەم ساڵدا تا ئێستا ۷٥ملمە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان ئەوەشی خستووەتەروو، ڕۆژانە بەڕێژەی دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە دابەزیندایە، چونکە بە وتەی ناوبراو بەردەوام ئاو بەردەدرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و خواردنەوە و پێداویستیەکانی دیکە.

ئاشکراشیکردووە، لە یەک چرکەدا ۹۰ مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دوکان بەردەدرێتەوە. 


‌‌‌
11/14/2018 11:53:23 AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ