هەواڵ

پێنج ده‌رمانخانه و سێ نۆرینگه‌‌ لە سلێمانی داخران


بزاڤـــ:

قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بون به‌سیسته‌می ته‌ندروستی و جێبه‌جێنه‌كردنی مه‌رج و ڕێنماییه‌كان، لە مانگی ڕابردوودا پێنج ده‌رمانخانه و سێ نۆرینگه‌‌ لە سلێمانی داخراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی به‌سه‌رچوودا گیراوە.

قایمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ بزاڤـ ، نێردراوە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژانه‌ لیژنه‌كانیان سه‌ردانی نۆرینگه‌ و ده‌رمانخانه‌ و ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌سه‌ری هاوڵاتیانی تێدا ده‌كرێت و ده‌‌فرۆشرێت لە سەردانەکانیاندا لە مانگی ڕابردوو (٥٣) پسوڵه‌ی سەرپێچیان تۆمارکردووە، به‌هۆی سه‌رپێچیكردنه‌وه (١٤) شوێنیان به‌ڵێننامه‌یان لێوه‌رگیراوه‌ كه‌ دوباره‌ی ‌نه‌كه‌نه‌وه‌.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر له‌مانگی رابردودا لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی ده‌ستی به‌سه‌ر زیاتر له‌ ١٤٠ پاكه‌تی جۆراوجۆردا گرتوه‌ و به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ ئه‌و ده‌رمانخانه‌ و نۆرینگا‌نه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ داخراون.

لە ڕاگەیاندراوێکدا قایمقامیەتی سلێمانی ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە، بەهۆی سەرپێچیکردنەوە  بڕی ٧٥٠ هه‌زار دینار غرامه‌ی سه‌رپێچیكاران كراوه‌ كه‌ به‌پێی یاسا و رێنماییه‌كان ده‌چێته‌وه‌ بۆسه‌ر خه‌زێنه‌ی گشتی. 

باسی  لەوەشکردووە،  پێویستە دەرمانخانە و نۆرینگەکان لە کاتژمێر ١ی دوای نێوەرۆ بکەنەوە و هەر کەسێک پابه‌ند نه‌بێت‌ به‌ مه‌رجی یاسایی كردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه سزا دەدرێت.

پێشتریش قایمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانی کارکردن، لیژنەی هاوبەشی تەندروستی سلێمانی دوو دەرمانخانەی لە شارەکە داخست.


‌‌‌
11/6/2018 2:45:40 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ