هەواڵ

لە ١٠ ساڵدا پێنج رۆژنامەنووس تیرۆرکراون و هیچ کەسێکیش سزا نەدراوە


بزاڤــ:

لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٨، پێنج رۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستاندا تیرۆرکراون و پێشێلکاریش بەرامبەر هەزار و ٤٤٠ رۆژنامەنووس دیکە کراوە.

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی دەربازنەبوونی تاوانباران لە سزا کە (٢ی تشرینی دووەم)، بەیاننامەیەکی لەبارەی رەوشی رۆژنامەنووسانەوە بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەدەکات، بەپێی ئامارەکان، لەماوەی ١٠ ساڵدا لە هەرێمى کوردستان پێنج ڕۆژنامەنووس تیرۆرکراون، "بەڵام دڵنیاین تیرۆرکردنى ئەمانە هەرگیز ناتوانێت ئازادى سەرکوت بکات و فەزاى ئازادى بخنکێنێت و کار و کردەوەکانیان وەک هەمیشە زیندون و ڕێگاى ڕۆشنى هەموومانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا ٨٩٨ حاڵەتی پێشێلکارى لە گرتن و لێدان و ڕێگرى بەرامبەر هەزار و ٤٤٠ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، کە زۆترین حاڵەتیان لە هەولێر بوون.

باسی لەوەشکردووە، ئەم ژمارە و ڕێژانە هاوکاتە لەگەڵ ڕێژە و داتایەکى مەترسیدار لە جیهاندا کە لەو ماوەیەدا ٧٦٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون و تیرۆرکراون و تەنها لە ٢٠١٨شدا ٧٧ ڕۆژنامەنووس کوژراون.

راشیگەیاندووە، گرفتەکە ئەوەیە یەک پۆلیس سزا نەدراوە، بکوژى ڕۆژنامەنووسێک نەگیراوە و نەدراوەتە دادگا.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەتى هەرێمى کوردستان، نەک هەر ئەرکیانە بکوژانى ڕۆژنامەنووسان بدۆزنەوە و بە سزایان بگەیەنن، بەڵکو ئەرکى گرنگتر لەوە و سەرەکییان ئەوەیە، کە پارێزگارى لە ڕۆژنامەنووسان بکەن و پیشەکەیان لە چوارچێوەى یاسادا ڕێزى لێبگیرێت و کارى ڕۆژنامەنووسانى پرۆفیشناڵ بە فەرمی بناسرێت.

دەشڵێت "نیگەرانین کە وەکو پێویست ئەو ڕێوشوێنانە نەگیراونەتە بەر و لە زۆر کاتدا وەکو پێویست هاوکارى سەندیکا نەکراوە و مامەڵەى پێویست بۆ ڕاپۆرتەکانى (لیژنەى داکۆکى و ئازادى ڕۆژنامەنووسى و مافى ڕۆژنامەنووسان) نەکراوە و مامەڵەى دروست و تەندروست لەگەڵ هاوپیشەکانمان نەکراوە کە لە ژێر چەترى سەندیکادا وەکو مەرجەعى خۆیان سەیر دەکەن و چاوەڕێى مافەکانیانن".

هەر سەبارەت بەو پرسە ئەمڕۆ سەندیکای رۆژنامەنووسی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی دەربازنەبوونی تاوانباران کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان (٢ی تشرینی دووەم)ی هەموو ساڵێکی بۆ دیاریکراوە کۆبووەوە.


‌‌‌
11/3/2018 1:35:55 PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ